حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌ له‌ داعش مه‌ترسیدارتر ده‌بێت

:: PM:02:14:14/12/2017 ‌

له‌ كاتێكدا عه‌بادی سه‌ركه‌وتنى به‌سه‌ر داعش راگه‌یاند، چاره‌نووسی میلیشیاكانى حه‌شد و مه‌ترسییه‌كانى له‌سه‌ر ئاینده‌ى پرۆسه‌ى سیاسیی عێراق بووه‌ته‌ پرسی رۆژ كه‌ ئایا میلیشیاكان تێكه‌ڵ به‌ سوپا ده‌كرێن، یان رۆڵى ئه‌وان كۆتای هاتووه‌ و هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌، یانیش رووداوه‌كانى ناوچه‌كه‌ ئه‌ركی نوێ ده‌خاته‌ سه‌ر شانی ئه‌و هێزه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق رۆڵ ده‌بینن.

میلیشیا چه‌كداره‌كان ئێسته‌ بوونه‌ته‌ ده‌ستى درێژى تاران له‌ عێراق، یه‌مه‌ن، لبنان و سووریا بۆ جێبه‌جێكردنى پیلانه‌كانی ئێران و فراوانكردنى هه‌ژموونى هیلالی شیعی له‌ ناوچه‌كه‌ و شه‌ڕكردنى به‌ وه‌كاله‌ت، ئه‌گه‌رچى ئێران ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ، ئه‌و میلیشیایانه‌ بۆ شه‌ڕى دژ به‌ داعش دروستكران، به‌ڵام له‌ واقیعدا ده‌ركه‌وت ئامانجی سه‌ره‌كییان به‌جێگه‌یاندنى پیلانى ئێرانه‌ له‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌دا.

دواى عێراق و سووریا، ئێسته‌ میلیشیاكانى حه‌شد له‌ یه‌مه‌ن شه‌ڕى به‌ وه‌كاله‌ت بۆ به‌جێگه‌یاندنى ئامانجه‌كانى ئێران ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ روونى له‌ لێدوانه‌كانى محه‌مه‌د عه‌لى جه‌عفه‌ری سه‌ركرده‌ى سوپاى پاسداران كه‌ له‌ 26ى مانگی رابردوو لێدوانی داوه‌ و ئاشكرای كردووه‌، ئێران شاره‌زایانی سه‌ربازی بۆ یه‌مه‌ن ناردووه‌ تا یارمه‌تى حووسییه‌ شیعه‌كان بده‌ن.

فراوانكردنى هه‌ژموونى خۆی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ وڵاتانى كه‌نداو ده‌كات، كه‌ ئامانجی ئێران له‌وه‌دا ده‌ست گه‌یشتنه‌ به‌سه‌ر هێڵی گواستنه‌وه‌ى ئاوى نێوده‌وڵه‌تى چ له‌ ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست له‌ رێى سووریا یان ده‌ریای سوور له‌ رێى یه‌مه‌ن، ئه‌گه‌ر ئێران له‌ سه‌رخستنى ئه‌و پیلانه‌ی سه‌ركه‌وتوو بێت، ئه‌وا هه‌ژموونى خۆى به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌سه‌پێنێت وه‌ك هێزێكى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ئیداره‌دانى ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.

میلیشیاكانى حه‌شد له‌ 13ى حوزه‌یرانى 2014 به‌ بڕیارێكى عه‌لى سیستانى گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌ له‌ عێراق بۆ شه‌ڕى دژ به‌ داعش دروستكران، پاشان له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ یاسا رێكخرا.

ئێسته‌ ژماره‌ى میلیشیاكانى حه‌شد كه‌ خۆى له‌ زیاتر له‌ 55 گرووپ ده‌بینێته‌وه‌، له‌ نێوان 100 بۆ 120 هه‌زار چه‌كدار ده‌بێت و مووچه‌ى مانگانه‌ى هه‌ر یه‌كێكیان له‌ سه‌رووى 600 هه‌زار دیناری عێراقییه‌ و حكوومه‌تى عێراق پاره‌كه‌ى ده‌دات، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانى میلیشیاكانى حه‌شد نایشارنه‌وه‌ و شانازیشی پێوه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بڕیار له‌ قاسم سلێمانى سه‌ركرده‌ى سوپاى قودسی ئێرانى وه‌رده‌گرن.

له‌ كۆماری ئیسلامیى ئێرانیش هاوشێوه‌ى عێراق میلیشیا هه‌یه‌ و له‌ ساڵانى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو دامه‌زراوه‌ و ئێسته‌ قاسم سلێمانى سه‌ركردایه‌تیى فه‌یله‌قی قودس ده‌كات، هه‌ر خۆیشی رۆڵى باڵاى هه‌بووه‌ له‌ راهێنانى گرووپه‌ میلیشیاكانی حه‌شد و له‌ هه‌ر گرووپێكیش راوێژكارێكی سه‌ربازی ئێرانى و راوێژكارێكى حزبوڵای لبنانى هه‌ن.

ئێران به‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو به‌شێك له‌و گرووپه‌ میلیشیایانه‌ راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ ئێرانن و چه‌كیش له‌ ئێران وه‌رده‌گرن و به‌ فه‌رمانى قاسم سلێمانى ده‌جووڵێنه‌وه‌، له‌مه‌شدا رۆڵى ئێران له‌ شه‌ڕى سامه‌ڕا نادیده‌ ناگیرێت كه‌ قاسم سلێمانى خۆى سه‌رپه‌رشتى ده‌كرد.

دیارترین گرووپی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ نزیك بێت له‌ ئێران، عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق، رێكخراوى به‌در، كه‌تیبه‌كانى حزبوڵا و بزووتنه‌وه‌ى نوجه‌بان له‌ عێراق.

تاوانه‌كانى میلیشیاكانى حه‌شد له‌ عێراق
هاوشانى شه‌ڕی دژ به‌ داعش، میلیشیاكانى حه‌شد تاوانكاریی به‌رفراوانیان دژ به‌ مافه‌كانى مرۆڤ و خه‌ڵكى ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌نجام داوه‌ كه‌ له‌ ده‌ستى داعش رزگاریان كردوون. ئه‌مه‌ش له‌ راپۆرته‌كانى رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ به‌ڵگه‌وه‌ خراونه‌ته‌ڕوو وه‌ك رێكخراوى ئه‌منستى ئینته‌رناشناڵ و هیومان رایت ۆوچ كه‌ باس له‌ كوشتنى سه‌تان هاووڵاتیى سڤیلی مه‌زه‌و سوننه‌ ده‌كات كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى هه‌ڕه‌مه‌كى له‌ سێداره‌یان داون. راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن تاوانه‌كانى میلیشیاكانى حه‌شد گه‌یشتووه‌ته‌ تاوانى جه‌نگ به‌ تایبه‌ت له‌ كۆمه‌ڵكوژى گوندى په‌روانه‌ی سه‌ر به‌ شارۆكه‌ی میقدادیه‌ له‌ پارێزگاى دیاله‌ له‌ 26ى كانونى دووه‌می (ینایر) 2015، كۆمه‌ڵكوژی مه‌حامده‌ له‌ شارۆكه‌ی فه‌لووجه‌ له‌ نۆی حوزه‌یرانى 2016 و شه‌قڵاوییه‌ كه‌ به‌ هه‌رسێكیان زیاتر له‌ هه‌زار كه‌س كوژراون له‌سه‌ر ده‌ستى میلیشیاكانى حه‌شدی شیعه‌.

نه‌خشه‌ى میلیشیا شیعه‌كان له‌ عێراقدا
رێكخراوی به‌در: هادی عامری سه‌ركردایه‌تى ده‌كات و ساڵى 2012 له‌ ئه‌نجوومه‌نى باڵای ئیسلامى جیا بووه‌وه‌. رێكخراوی به‌در به‌ به‌هێزترین گرووپی میلیشیاى شیعه‌ داده‌نرێت و راسته‌وخۆ چه‌ك له‌ ئێران وه‌رده‌گرێت و دابه‌شی سه‌ر میلیشیا شیعه‌كانى تری ناو عێراقی ده‌كات. 

عامری پێوه‌ندییه‌كى پیته‌وی له‌گه‌ڵ عه‌لى خامه‌نیی رێبه‌ری ئێران و قاسم سلێمانى سه‌ركرده‌ى فه‌یله‌قی قودس هه‌یه‌.

حزبوڵای عێراق: دواى به‌در به‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین و نزیكترین دێت له‌ ئێران. ساڵى 2007 دامه‌زراوه‌ و راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ ئێرانه‌ و ژماره‌ی چه‌كدارانى به‌ هه‌زاران داده‌نرێت.

عه‌سائب ئه‌هل حه‌ق: ئه‌میش ساڵى 2007 ده‌ركه‌وتن و له‌ هه‌ناوى سوپاى مه‌هدی جیابوونه‌وه‌ دواى ئه‌وه‌ى موقته‌دا سه‌در بڕیاری سڕكردنى سوپاى مه‌هدیی راگه‌یاند. قه‌یس خه‌زعه‌لى سه‌ركردایه‌تى ده‌كات و پاشان ساڵى 2008 هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، پاشان جارێكى تر ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ و له‌ ژێر فه‌رمانى موقته‌دا و به‌ سه‌ركردایه‌تى خه‌زعه‌لى ده‌جووڵێنه‌وه‌ و به‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین میلیشیای شیعه‌ له‌ عێراق داده‌نرێن و ژماره‌یان هه‌زارانه‌. ئه‌وه‌ى ئه‌و گرووپه‌ له‌وانى تر جیا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و شاره‌زا سه‌ربازییه‌یه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئه‌نجامیان داوه‌، جگه‌ له‌مه‌ كارگه‌ى دروستكرنى مووشه‌كى ئه‌شته‌ر-یان هه‌یه‌ و وه‌لایان راسته‌وخۆ بۆ عه‌لى خامه‌نیی رێبه‌ری ئێران هه‌یه‌ و پێوه‌ندییه‌كى پته‌ویشیان له‌گه‌ڵ قاسم سلێمانى هه‌یه‌.

بزووتنه‌وه‌ى نوجه‌با: ئه‌و گرووپه‌ له‌ عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق ساڵى 2013 جیا بوونه‌وه‌ و ئه‌كره‌م كه‌عبی سه‌ركردایه‌تییان ده‌كات كه‌ پێشتر جێگری ئه‌مینداری گشتى عه‌سائیب بوو.

كه‌تائب سه‌یدلشوهه‌دا: ئه‌میش له‌ حزبوڵای عێراقی جیابوونه‌ته‌وه‌ دواى فتواى سیستانى، ژماره‌ى چه‌كدارانیان سێ بۆ چوار هه‌زار كه‌س ده‌بێت.

له‌ پاڵ ئه‌و گرووپه‌ میلیشیا شیعانه‌، چه‌ندان گرووپى تر هه‌ن، ناسراوترینیان وه‌عدولسادق، لیوا ئه‌سه‌دوڵای غالب، ئه‌نسارولحجه‌، لیواى قارعه‌، سه‌رایای زه‌هرا، سه‌رایای ئه‌نسارولعه‌قیده‌ و چه‌ندانى تر.

شاره‌زایانی سه‌ربازى پێیان وایه‌ هۆكاری یه‌كنه‌خستنى ئه‌و گرووپه‌ میلیشیایانه‌ له‌لایه‌ن ئێران بۆ دوو خاڵى سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وانیش به‌جێ گه‌یاندنى ئه‌جێنداى ئێران كه‌ ئه‌گه‌ر میلیشیایه‌كیش ئه‌و كاره‌ نه‌كات ئه‌وا گرووپێكى تر ئه‌نجامى بدات، خاڵى دووه‌میش دابه‌شبوونى جیۆگرافیایه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كانى عێراق تا كۆنتڕۆڵی بست به‌ بستى عێراق بكه‌ن.

سیناریۆ مه‌ترسیداره‌كه‌
ئه‌وه‌ى كه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌ و داهاتووى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست چاوه‌ڕێی روودانى ده‌كات، چاره‌نووسی میلیشیاكانى حه‌شدی شیعییه‌ كه‌ ئێران زۆر پشتیی پێ ده‌به‌ستێت و گره‌وی له‌سه‌ر ده‌كات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى نه‌یاره‌ هه‌رێمایه‌تى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی له‌ چوارچێوه‌ى شه‌ڕى به‌ وه‌كاله‌ت كه‌ ماوه‌ى چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كات.

به‌گوێره‌ى توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ فه‌رزین نه‌دیمی چاودێری تایبه‌تمه‌ند به‌ كاروباری ته‌ناهی و به‌رگری په‌یوه‌ست به‌ ئێران و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كه‌ له‌ په‌یمانگه‌ى واشنتن بۆ كاروباری سیاسه‌تى رۆژهه‌ڵاتى نزیك بڵاوی كردۆته‌وه‌، ده‌ڵێ ئێران پشت به‌و میلیشیا بیانیانه‌ ده‌به‌ستێ بۆ جێبه‌جێكردنى پیلانه‌كانى له‌ ناوچه‌كه‌دا، روونى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێكهاته‌ى ئه‌و میلشیایانه‌ جگه‌ له‌ ره‌گه‌زی ئێرانى، ئه‌وا بووه‌ته‌ پێكهاته‌ى فره‌ڕه‌گه‌ز، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات میلیشیاكان بتوانن هه‌ر ئامانجێك بپێكن كه‌ ئێران بۆیان داده‌ڕێژێت له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كی رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.

له‌ ئاستى عێراقدا، نووری مالیكى جێگری سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشتری عێراق كه‌ هاوپه‌یمانێكى به‌هێزی ئێرانه‌، زۆر به‌ توندی دژى هه‌وڵه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شیعه‌ یان له‌ قاڵبدانى و بچووكردنه‌وه‌ى رۆڵی ئه‌و میلیشیایانه‌. 

هه‌وڵه‌كانى عه‌بادی هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ داواكاری وڵاتانى نێوده‌وڵه‌تى له‌ سه‌رووى هه‌موویانه‌وه‌ ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فڕه‌نسا كه‌ داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى میلیشیاكانى حه‌شد ده‌كات. هاوكات مایك بومبیۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگه‌ى هه‌واڵگری ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكی (Central Intelligence Agency- CIA) هۆشداری دایه‌ سوپاى پاسداران له‌هه‌ر هێرشێكى میلیشیاكانى شیعه‌ بۆ سه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق.

سه‌رچاوه‌/ به‌وابه‌ نیوز


وشە - فه‌رمان سادق