بەوێنە.. فێستیڤاڵ بۆ كۆكردنەوەی یارمەتی بۆ خانەی بەساڵاچووان بەڕێوە چوو

:: PM:03:21:14/12/2017 ‌

ژمارەیەكی زۆر لە قوتابییانی كۆلیژی تەكنیكی كارگێڕیی هەولێر، هەڵسان بە ئەنجامدانی فێستیڤاڵێكی فرۆشتنی خۆراك ئەنجام دا بەمەبەستی كۆكردنەوەی پارە بۆ خانەی بەساڵاچووان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی كانوونی یەكەم، لە كۆلێژی تەكنیكی كارگێڕیی هەولێر، فێستیڤاڵێكی  خۆراكی جۆراوجۆریان ئەنجام دا بە مەبەستی فرۆشتنەوەی، وەك بازاڕێك خواردنی جۆراوجۆریان ئامادە كردبوو كە پێكهاتووە لە دۆڵمە و بریانی و شیرینی و شەربەتی سروشتی و چای و كۆمەڵێك خۆراكی تر.

عەلی قوتابییەكی كۆلیژە و سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكەی دەكرد بۆ "وشە" گوتی، ئێمە لە لایەن زانكۆوە پاڵپشتی مادیمان پێ دراوە كە خواردنەكان دروست بكەین، ئێمە كە قوتابین زۆر باشە بۆ بەرچاوڕوونی بۆ كاركردنمان. 

ئەو قوتابییە دەڵێت، ئەو پارەیەی كە قازانج دەكەین، بۆ خانەی بە ساڵاچووان كۆی دەكەینەوە و پێشكەشیان دەكەین، ئەوانەی بەشدارییان لە فێستیڤاڵەكە كرد دەڵێن، شتێكی زۆر باش و ناوازەیە هەم بۆ قوتابییەكان و هەم بۆ كۆكردنەوەی هاوكاریی خانەی بە ساڵاچووان.

بەهۆی تەنگژەی دارایی، باری خانەی بەساڵاچووانی سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان ئێستە خراپە.

هەولێر/ عەبدوڵا مەرزانی 















وشە - رامیار جەواد