یەكشەم ڕۆژی ئاڵایە
مێژووی هەڵكردنی یەكەمین ئاڵا بزانە

:: PM:06:01:14/12/2017 ‌

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان لە 17ـی كانوونی یەكەم وەك ڕۆژی هەڵكردنی ئاڵا لەلایەن پەرلەمانی كوردستانە دیاری كراوە و لەو ڕۆژەش لە چەندین داودەزگەوە رێوڕەسمی هەڵكردنی ئاڵا ئەنجام دەدرێت.

ئاراس عەبدولكەریم، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی لە شاری هەولێر بۆ "وشە" دەڵێت، لە ڕێگەی چەندین ڕێكخراوەوە هەموو ئامادەكارییەك كراوە بۆ هەڵكردنی ئاڵا لە ڕۆژی یەكشەم كە دەكاتە 17/12/2018 لە بەشی زۆری قوتابخانە و شوێنە گشتییەكان، ئەمڕۆش بەشێكی زۆری ئاڵاكان كە كۆن بوون، گۆڕاون و ئامادە كراون.

ئەو چالاكوانە گوتی، ئێمە بە رێزگرتن لە ئاڵاكەمان دەتوانین ببین بە مێژوو و ئاڵاكەشمان بچێتە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، تەنیا یەك وشە سیاسییەكان دەتوانێت هەموویان كۆ بكاتەوە با بڵێن لە "پێناو كوردستان و ئاڵاكەمان"، بەیەكەوە كۆ ببینەوە بە دڵنیاییەوە پێگەی حزبەكان هەموویان دڵخۆش دەبن و یەكگرتوویی دروست دەبێت.

مێژووی هەڵكردنی ئاڵا بۆ یەكەمجار و لەسەر دەستی كام گەل، بۆچوونی جیاوازی لەسەر هەیە، بەڵام زۆرێك لە سەرچاوەكان ئەو مێژووە بۆ سەردەمی میسرییە كۆنەكان دەگێڕنەوە، بەوەی ئەوان یەكەم نەتەوە بوون كە ئاڵایان هەڵكردووە.

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەمشێوەیە پێناسەی بۆ ئاڵا كردووە، " ئاڵا واتە هێما و ناسنامە و نەتەوە و دەوڵەت و هەرێم و حزب و گرووپەكان، شانازییەكی بەرجەستە كراویانە".

لە رووی زاراوەوە:

ئاڵا وشەیەكی كوردییە و لە دوو بڕگەی "ئا+ڵا " پێك دێت، لە مێژووی كورددا چەندین زاراوەی تر بەكارهێنراون وەك "بەیرەق، ئالە، بەندێر، بەیداخ، ئاڵایی و پەرچەم  ...".

هێماكانی ناو ئاڵا:

باشترین لێكدانەوە ئێستە كراوە، ئاماژە بەوە دەكەن كە باشترین ئاڵا ئەوەیە كە ساناترین لێكدانەوەی هەبێت بۆ تێگەیشتن، هاوشانی ئاڵا كۆنەكان كە زیاتر ڕەش یان سپی بوون بە پێكبەستەی واتا، زۆرێك لە وڵاتانی ئیسلامی یان پارتە ئیسلامییەكان درووشی ئیسلامی دەخەنە ناو ئاڵاكانیان، پارتە چەپەكانیش وێنەی داس و خوێن و چەپگەرایی دەكەن بە درووشمی ئاڵاكانیان.

ئاڵا ئێستە بووەتە ڕەمزێك بۆ بەشێكی زۆر لە سەندیكا و رێكخراو و یانە وەرزشییەكان و كۆڕبەند و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە.

جۆر و قەبارەی  ئاڵا:

بەشێوەیەكی گشتی ئاڵا سێ‌ جۆری هەیە.

یەكەم/ ئاڵای فەرمی، كە لەسەر داودەزگەكانی هەر وڵاتێكدا بەرز دەكرێتەوە.

دووەم/ ئاڵای سەرمێز، ئەو ئاڵایە بچووككراوەی ئاڵای  فەرمیی وڵاتە.

سێیەم/ ئاڵای بەرسینگ، ئەم ئاڵایە بۆ نمایشكردنی كەسێك بۆ وڵاتەكەی لە كۆڕبەندێك و كۆبوونەوەیەكی جیهانی دەیبەستێت.

قەبارەی ئاڵا:

ئاڵا لە بەشێكی وڵاتان بە چەند قەبارەیەك دروست دەكرێت، كە ئەو ئاڵایانەی شێوەی پانیان هەیە دەبێت قەبارەكەی "120*80" بێت، ئەو ئاڵایانەی شێوەی درێژییان هەیە دەبێت قەبارەكەی "225*150" بێت ، واتە بەشێوەیەكی گشتی دەبێت درێژیی یان پانی سێیەكی ڕووبەرەكەی تری بێت.

مێژووی ئاڵا لەناو كورد:

زۆرێك لە سەرچاوە مێژوویی و ئەكادیمییەكان باس لەوە دەكەن كە هۆزی لولوییەكان لە نیوەی دووەمی هەزارەی سێیەمی پێش زایین بەكاریان هێناوە، هەروەها جلە چەرمییەكەی كاوەی ئاسنگەر كاتێك بەسەر زوحاكی داداوە لە شەڕدا، بووەتە ئاڵا لە مێژووی ئێراندا و بە "ئاڵای كاوەیی" ناسێندراوە.

مێژووی ئاڵا لە جیهاندا:

لە شارستانیەتی میزۆپۆتامیا ئاڵا بە شێوەیەك هەبووە، ڕۆمانییەكان خاوەنی مێژوویەكی دەوڵەمەندن لە ئاڵا و شەش جۆر ئاڵایان هەبووە بۆ هێزەكانی دەریایی و وشكانی، بەریتانییەكان لە ساڵی 1485 ئاڵایان بەكارهێناوە، عەرەبەكانیش لە سەردەمی بەر لە هاتنی ئیسلام ئاڵایان بەكار هێناوە.

 مێژوونووسان ئاشكرای دەكەن ڕەنگە ئاڵاكەی سەڵاحەدینی ئەیوبی، یەكەمین ئاڵا بێت جگە لە ڕەنگەكەی، وێنەی هەڵۆیەكی تێدا بووە لە ساڵانی "1138 بۆ 1193".

ئاڵا لە مێژووی كوردستاندا:

ڕەنگە ئەگەر "شانامەی فیردۆسی" بكرێتە سەرچاوەیەك بۆ یەكەمین ئاڵا لە مێژووی كورددا، فیردۆسی كاوەی ئاسنگەری بە كورد لەقەڵەم داوە.

پۆلێنكردنی مێژووی ئاڵای كوردی:

1-ڕاپەڕینی بەتلیس لە ساڵی 1914 ئاڵایەكی هەبوو بە قوماشێكی زێڕین دروست كرابوو و ئایەتێكی قورئانی تێدا بوو.

2-ئاڵای سەردەمی شێخ مەحموود لە ساڵی 1919 لەسەر باڵەخانەی ئەفسەری سیاسیی بەریتانیا هەڵكرا كە بریتی بوو لە مانگێكی سوور و ڕووبەرێكی سەوز. 

3- ئاڵای سەردەمی شۆڕشەكەی سمكۆخانی شكاك لە ساڵی 1922 هەڵكرا، تیایدا نووسرابوو "كوردستانی ئازاد".

4- شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 ئاڵایەكی كردە پێشەوایەتی بۆ شۆڕشەكەی ڕەنگی سەوز بوو كە ڕۆژێكی لە ناوەڕاست بوو.

5- لەسەردەمی كۆمەڵەی هیوا لە ساڵی 1937 ئاڵایەكیان هەبوو، ئەندامانی ئەم كۆمەڵەیە بە قورئان و خەنجەر و ئاڵا دەبوو سوێند بخۆن.

6- پارتی ئازادی كوردستان لە ساڵی 1938 دەمەزرا، ئاڵایەكەیان بریتی بوو لە دوو خەنجەر و سێ ئەستێرە.

7- بۆ یەكەمجار لەسەردەمی دامەزراندنی كۆماری مهاباد لە ڕێككەوتی 16/12/1946 لە گۆڕەپانی مەهاباد یەكەمین ئاڵا هەڵكرا و تاوەكو ئێستە وەك ئاڵای كورد ماوەتەوە.

ئێستە لە پەرلەمانی كوردستان بەپێی بڕیاری ژمارە26ـی 11/11/1999 كە لە یاسای ژمارە 14ـی ساڵی 1991 سەرچاوەی گرتووە، شێوازی ئاڵاكە و پێوانەكان و شیوازی هەڵدانی دیاری كراوە.



وشە - رامیار جەواد