بۆچی عەبادی لە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەترسێت؟

:: PM:07:16:14/12/2017 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، ئەگەر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق تەنیا تەواوی دەستوور جێبەجێ‌ بكات، ئەوە كێشەكان چارەسەر دەبن، بەڵام ئەو جیاوازی لە جێبەجێكردنی مادەكان بەرانبەر بە كورد دەكات.

سەرباری ئەو ئابلووقەی خراوەتە سەر هەرێم لەلایەن بەغداوە، تا ئێستە گرژییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بەردەوامە، ئەوە لەكاتێكدایە كە نزیكەی دوو مانگ دەبێ‌ حكوومەتی هەرێم داوای گفتوگۆ دەكات و بەغدا ئامادەیی تێیدا نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی كانوونی یەكەم، ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق/ پارتی/ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە هیچ هەنگاوێكی كردەنی لەلایەن بەغداوە بۆ دەست پێ كردنی گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا نییە.

زیاتر گوتی، ئەوەی عەبادی دەیكات تەنیا بۆ ڕاگەیاندنەكانە، ئەگینا ئەگەر عەبادی تەنیا تەواوی دەستوور جێبەجێ‌ بكات ئەوە كێشەكان چارەسەر دەبن، بەڵام ئەو جیاوازی لە جێبەجێكردنی مادەكان بەرانبەر بە كورد دەكات.

جاف لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا ڕای گەیاند، عەبادی ترسی لە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، چونكە ئەگەر گفتوگۆ بكرێت، یەكەم مەرج ئەوەیە دەستوور جێبەجێ‌ بكات، كە نایاوێ‌ ئەوە بكات و شەقامی عەرەبی لەخۆی بتۆرێنێت.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێی وایە كە بوونی لایەنی سێیەم لەكاتی گفتوگۆكان گرنگە و پێویستە كورد لە ناوخۆی كوردستانیش یەك دەنگ بێ‌، بۆ زیاتر سەركەوتنی گفتوگۆكان.

ئەوە لەكاتێكدایە كە تا ئێستە جگە لە فڕەنسا هیچ وڵاتێكی تر دەستپێشخەری نەبووە بۆئەوەی دەست بە گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ڕای گەیاندووە كە ئەوانەی عەبادی باسی دەكات لەبارەی مووچە و بودجەوە، تەنیا بۆ ڕاگەیاندنە و هیچ شتێكی فەرمی لە ئارادا نییە و بەغدا بەڕوونی مەرجەكانی بەرانبەر هەرێمی كوردستان ناخاتە ڕوو.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم