جڤاتی گشتیی گۆڕان لەبارەی كشانەوەی لە حكوومەت بڕیاری دا

:: PM:08:19:14/12/2017 ‌
جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا كشانەوەی بزووتنەوەكەی لە حكوومەت پەسەند كرد و بەرزی كردەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی كانوونی یەكەم، سیوەیل عوسمان ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەی جڤاتی گشتیی باسی كشانەوەی گۆڕان لە حكوومەت كراوە و بڕیارە لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا جارێكی تر تاوتوێ‌ بكرێت.

زیاتر گوتی، تا ئێستە ڕوون نییە كە گۆڕان لە حكوومەت دەكشێتەوە یان نا، چونكە ئەوە پێویستی بە بڕیاری جڤاتی نیشتمانییەوە هەیە و ئەوەی ئەمڕۆ تەنیا پەسەندكردن بووە بۆ جڤاتی نیشتمانی لەلایەن جڤاتی گشتییەوە.

كشانەوەی گۆڕان لە حكوومەت لە كاتێكدایە دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی حزبەكان و سەردانی پارتی بۆ لای گۆڕان، داوایان لێ كرا بگەڕێنەوە ناو حكوومەت، كەچی ئەوان نە دەگەڕێنەوە بۆ ناو حكوومەت و نە لە حكوومەتیش كشانەوە، ئەمەیش بە دووفاقیی هەڵوێستی بزووتنەوەكە هەژمار دەكرا و بەشێك لە هەڵسووڕاوانی گۆڕان ڕەخنەیان دەگرت و ئاماژەیان بەوە دەدا كە بۆ ئیمتیازات و مووچە و خانەنشینی وەزیرەكان، گۆڕان لە حكوومەت ناكشێتەوە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم