سەربردەی "ڕازی" شاعیر

:: PM:09:08:14/12/2017 ‌
شاعیر لە دیوانەکەیدا خۆنووسی کردووە و دەنووسێت: (ئەم کۆمەڵە هۆنراوەیەی لەم دیوانەدا بەرچاو دەکەوێ، زادەی مێشک و دڵمە، هەروەها بەرهەمی پێگەیشتووی پلە بە پەلی ئەم ژیانەمە. لە بواری وێژەدا هەنگاوم ناوە بەپێی توانام بەم جۆرە دامڕشتوون. ئەگەرچی گشتیان قۆناغی ماندووێتیم پێوە چەشتوون، هەریرکر بەپێی بەهرە و بوونی ڕەخساودا گوتراون، بەڵام لە ناتەواوی خاڵی نین، وەنەبێ خوانەخواستە لە بڵاوکردنەوەیان پەلەم کردبێ. دیارە باوەڕی پتەوم بەو پەندە کوردییە هەیە، کە دەڵێ: "هەڵەشەیی و پەلەکردن پەشیمانی لە دوایە." من ئێستە خۆم بە پەشیمان نازانم چونکە بڕوام بە سەرهەڵدان و مانەوەی هۆنراوەکانم هەیە.

ئاشکرایە هۆنراوەکانم وەک خۆم سینگیان فراوان و ملکەچن، بۆ ڕەخنە. ڕەخنەیش ڕەخنەیەکی دروستکار، کە گیانی ڕاهێنان و بیری پێشکەوتنی تێدا بێ. سەرلەنوێ وا بکات بە هەڵەکانی خۆیدا بچێتەوە و بژاری بکات. بەرە بەرە وازیان لێ بهێنێت. وشەی ناسک و لەبار و گونجاوتر بکاتە دروشمی بەرهەمی داهاتووی با ئەوەیش لە یاد نەکەین ڕەخنەی ڕووخێنەر دەبێتە مایەی پەشیمانی و وازهێنان لەو ڕێبازەی، کە ئەو گرتوویەتی. ئەمەیش لە بازاڕی وێژەدا بە کاری ناڕەوا و دڵ ساردکردنەوە دادەنرێت. هەمیشە تۆوی ڕق و قینە و دواکەوتویی دەچێنێت، ڕێبازی وێژە بەرەو دواوە دەبات.

لە شیعردا جار جارێ پێڕەوی کردنم گرتووە نەک لاسایی کردنەوە، بەتایبەتی پێڕەوی شاعیرە بەنرخەکانی وەک (خەیام، مەولەوی) و چەندانی تر. گیانی هۆنراوە بەهرەیە، ئینجا خوێندنەوە، یان شیکردنەوەی ناوەرۆکە. لەم ڕووەدا چەند هۆیەک دەروازەی شیعر گوتنی بۆ واڵا کردم و پاڵی پێوەنام: وەک دڵگیری دیمەنی دڵڕاکێشی چیا و دۆڵ و لالەزار و ئاوی سازگاری خاکیی نیشتمان، هەوای خۆش و شەپۆلی لارولەنجەی هەست بزوێن، هەروەها نازی شۆخانی خەم ڕەوێن بوونە هۆی بناغەی نووسینم. لەگەڵ دڵبەند بوونم بە هۆنراوەی چەندان هۆنەری کۆن و نوێ، وەک شاعیرانی (نالی، سالم، گۆران، ناری، ...) هەروەها زۆری تری وەک هێمن و پیرەمێرد و ئەوانی تر.

زۆر ئارەزووی هۆنراوەی نوێم لە دڵدا بوو، بەڵام سروشت ئەو ڕێگە و ڕێبازەی پێ چەسپاندم و گۆڕی. لەو دەمەی کە خولیای هۆنراوەی جووڵاندم ناسناوی "ڕازی"م بۆ خەم هەڵبژارد، لێرەدا خۆناساندن پتر دێتە بەرهەمەوە، پێویستە کورتەیەک لە ژیانم باس بکەم: ناوم سابیر کوڕی سەعید کوڕی شوکرییە، لە ساڵی ١٩٣٧دا، لە شاری سلێمانی گەڕەکی مەڵکەندی هاتوومەتە دنیاوە. ژیانی منداڵیم ئەوەندە شێواو و بزڕکاوە، تاڵ و تفت بووە، هەرگیز بۆ ئەوە ناشێ باسی لێوە بکەم یان لێی بدوێم.

پلەی خوێندنم، لە کام فێرگە یان کام قوتابخانەی ئەم شارە پان و بەرینەدا خوێندوومە، دەبێ بڵێم نەخێر لە فێرگە و هیچ قوتابخانەیەک نەمخوێندووە. بێبەش بووم لێیان لەبەر ئەوەی ژیانی منداڵیم هێندە ناساز بوو، تەنانەت لە خوێندن و قوتابخانەیشم کاری کرد. تەنیا دڵسۆزێکم نەبوو کە خەمخۆری ژیانم بێت، نەخوازا کاتێ گەورەبووم هەستم بە هەژاری و جێماوی خۆم کرد، بەڵام باری گوزەران ڕێگەی قوتابخانەی گرتبووم، نووزەی لێ بڕیبووم ناچار خۆم بووم بە مامۆستای خۆم. دواتر لە ساڵانی ١٩٥٣ – ١٩٥٤ بە گەرموگوڕی گەڕامەوە خوێندن و نووسین پێشوازیمی لێ کرد.) 

شاعیر لە مێژووی نۆی هەشتی ساڵی ٢٠١٥دا، کۆچی دوایی کردووە.

بەشێک لە چوارینەکانی ڕازی:


ساقی وا ئەمشەو ڕۆژمان کردەوە
بەدەم ئازار و ئێش و دەردەوە
کاتێ کە گەرووی هەناسە گیرا
ئەچینە بەینی گڵ و بەردەوە

ساقی بەساقەی دەست و جامی تۆم
تەپاو تلمە لە تاو دەردی خۆم
بۆم تێکە جامێ با تۆ پێش کەوی
بەر لەوەی ئەجەل هێرش بێنێ بۆم

ساقی لە ژیان کێ دڵشاد بووە
لە چنگی مەرگ کێ ئازاد بووە
هەر کەس هاتە ژین هەر ئەبێ بمرێ
کاتێ ئەزانێ کە بەرباد بووە

ساقی بە فیدای ئەو دەست و پەنجە
بۆم بێنە جامێ بە لار و لەنجە
تا کۆڵی پیری نەچۆتە پشتم
مەیم بۆ بێنە بۆ گەنجی گەنجە

ساقی ئەمشەویش بە وێنەی شەوان
بێنە شەرابێ ئاڵ وەک ئەرخەوان
زۆر کەس زەمانە تاڵاوی دایە
ئاتاسێ گەرووی ئێمەش وەک ئەوان

ساقی بەهار هات گوڵ گەشایەوە
بەفر و بەستەڵەک پاکی توایەوە
شەرابێ تێکە بە دوو چاوی تۆ
ئەوەی کە ڕۆیی نەگەڕایەوە

ساقی بە فیدای دوو چاوی کاڵت
بێنە شەرابێ وەک لێوی ئاڵت
ئەمڕۆ من و تۆ هاوشانی یەکین
سبەی لە گۆڕا کێیە هاوماڵت

ساقی ئەو مەیە زوو بدە دەستم
با بیڕێژمە سەر گەرووی پەستم
هاکا لەناکاو شریتی ئەجەل
گەرووی هەناسە مژینی بەستم

ساقی پیاڵەیەک غەم بڕەوێنێ
تاڵی زەمانە لە ناخ دەربێنێ
وشیار کەسێکە شەراب بنۆشێ
لە کاتی مەستی پیاڵە نەشکێنێ

سەرچاوە/ ئازار و ئەوین بەشێک لە دیوانی ڕازی، چاپخنایە نەورەس سلێمانی ١٩٨٣. 




وشە - ژیڤان خۆرانی