سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى نیشتیمانی كوردستان جارێكى تر كه‌وتوونه‌ته گیانى یه‌كتر و یه‌كتر به گه‌نده‌ڵ و پیاوكوژ و فیرعه‌ون ناوزه‌ند ده‌كه‌ن، له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كان په‌یام بۆ یه‌كتر ده‌نێرن و له‌گه‌ڵ یه‌كتر دانانیشن.
هه‌ندێكجار كێشه‌كانى یه‌كێتى گه‌یشتووه‌ته ئاستى هێز جوڵاندن و هه‌ڕه‌شه‌كردنی مه‌كته‌بى سیاسى حزبه‌كه‌ش، هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ش له‌دواى كۆچی دوایی جه‌لال تاڵه‌بانى سكرتێری گشتیی ئه‌و حزبه و ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ری رابردوو دێت كه باڵێكى چه‌كدارى ئه‌و حزبه ناوچه‌یه‌كى زۆرى كوردستانیان راده‌ستى هێزه‌كانى عێراق و میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبى كرد.
كێشه‌ى مه‌حموود سه‌نگاوى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتی و قوباد تاڵه‌بانى جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و دووەم كوڕی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی كۆچكردووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرت، كاتێك قوباد تاڵه‌بانى له چاوپێكه‌وتنێكى ڕۆژنامه‌وانیدا گوتى، ده‌مه‌وێت شوێنگره‌وه‌ى ڕێبازه‌كه‌ى باوكم بم.
به‌م قسه‌یه مه‌حموود سه‌نگاوى له كۆبوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى حزبه‌كه‌یدا و له ناو جه‌ماوه‌رێكى زۆردا گوتى، ئێمه قوباد تاڵه‌بانیمان نارد نوێنه‌رى ئه‌م خه‌ڵكه بێت و نوێنه‌رێكى باشى یه‌كێتى نیشتمانى بێت نه‌ك جانتا هه‌ڵگرى سه‌رۆك وه‌زیران بێت، له به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانیدا سه‌نگاوى گوتى، قوباد تاڵه‌بانى نه‌ك نوێنه‌ر نییه، بگره نوێنه‌رێكى زۆر خراپى یه‌كێتیش بووه له‌و ماوه‌یه‌دا، له به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانی كه به شیوه‌یه‌كى چاوه‌ڕوان نه‌كراو مه‌حموود سه‌نگاوى به قوباد تاڵه‌بانى ده‌ڵێت، شه‌رمه‌زارییه تۆ نوێنه‌رى ئێمه‌ى.
دوای رۆژێك لە هێرشی مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بۆ سەر قوباد تاڵەبانی بەهێنانی ناوی، یەكشەمى ڕابردوو 10ى كانوونى یه‌كه‌م، قوباد تاڵەبانی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، بێ ئەوەی ناوی سەنگاوی بێنێـت، هێرشی كردە سەری و ڕای گەیاند كە ئەوانە گەندەڵن كە بە تەواو بۆیاخەوە دێنە سەر تەلەفزیۆن و باسی گەندەڵی دەكەن و بەرەكانی جەنگ چۆڵ دەكەن و چەك و تەقەمەنی بەرەكانی جەنگ دەفرۆشن و ڕۆژنامەنووس دەكوژن".
دوای ئەو هێرشانه‌ى نێوان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و دووەم كوڕی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی كۆچكردووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و مەحموود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە، ته‌واوى كادیرانى ئه‌و حزبه‌ى خستووه‌ته دۆخێكى شه‌رمه‌زارییه‌وه.
مه‌حمود سه‌نگاوی جارێكى تر له كۆبوونه‌وه‌یكى تردا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 14ى كانوونى یه‌كه‌م، وه‌ڵامی تووندی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌داته‌وه كه رای گه‌یاندبوو كه‌سانێك قژیان بۆیه ده‌كه‌ن و بوونه‌ته فیرعه‌ون و رۆژنامه‌نووس ده‌كوژن و زه‌وی داگیرده‌كه‌ن و ده‌ڵێت شانازی ده‌كه‌م سه‌رم له پێناوی خاك و میله‌ته‌كه‌ما سپی كردووه".
مه‌حمود سه‌نگای ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له کۆنفراسی کۆمەڵەی ڕێکخستنە دێرینەکان لە شاری قەڵادزێ گوتی: "پێیان گوتوم سەر و ڕیشی بۆیە ئەکات، بەڵام زۆر شانازی ئەکەم کە گەنجێکی بچکۆلە بووم بووم بە پێشمەرگە، بەڵام ئێسته سەر و ڕیشم هەمووی سپییە".
زیاتر ده‌ڵێت، شانازی پێوە ئەکەم، چونکە لە پێناوی خاک و میلەتەکەما سپیم کردووە و ڕۆژێ لە ڕۆژان لە ڕێبازی میلەتەکەی خۆم لام نەداوە و ئەوە بۆ 48 ساڵ دەچێت بە بێ دابڕان پێشمەرگە و کادری ئەم میلەتەم".
تا ئێسته ئه‌م شه‌ڕه‌ى نێوان قوباد تاڵه‌بانى و مه‌حموود سه‌نگاوى به‌رده‌وامه، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ سه‌ركرده‌یه‌كى یه‌كێتى هه‌وڵى ئه‌وه‌ى دابێت نێوه‌ندگیرى بكات.
دواى قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی ناو بێنێ، هێرشی كرده سه‌ر مه‌حموود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبه‌كه‌ی و به گه‌نده‌ڵ و قاچاخچی و ڕێگر و بكوژی ڕۆژنامه‌نووس ناوی برد، ئه‌م لێدوانه پرسی تیرۆركردنی كاوه گه‌رمیانی كه هه‌میشه ناوی سه‌نگاوی پێوه ده‌لكێنرێت، زیندوو كرده‌وه و كه‌سوكاری كاوه "برینیان كولایه‌وه و داوای سه‌رلماندن ده‌كه‌ن.
شیرین ئه‌مین هاوسه‌ری كاوه گه‌رمیانی رۆژنامه‌نووسی تیرۆركرا‌و، به"وشه"ی گوت، به ساڵێك پاش شه‌هیدكردنی كاوه، قوباد تاڵه‌بانی به‌ڵێنی دا به‌دواداچوونی ورد بكات له‌و ده‌ستانه‌ی له پشته‌وه‌ی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس كاوه گه‌رمیانی بوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه پاش پێنج ساڵ له تیرۆركردنی كاوه ته‌نیا ئاسایشێكی یه‌كێتی به‌و تاوانه سزا دراوه.
"ئێمه تاوانی تیرۆركردنی كاوه گه‌رمیانی ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، چونكه به‌رپرسانی باڵای حزبه‌كه هه‌ستابوون به هه‌ڕه‌شه‌كردن له كاوه، به‌ده‌ر له‌وه‌ش كاوه له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و دزییه‌كانی ئه‌وان ده‌هاته ده‌نگ و پارێزگاری له مافی هاووڵاتییان ده‌كرد. ئێمه هه‌موو یه‌كێتی به تاوانبار ده‌زانین نه‌ك چه‌ند به‌رپرسێك، بۆیه ئه‌گه‌ر شه‌ڕی باڵه‌كانیان به خوێنی كاوه گه‌رمیانییه‌وه بكه‌ن مایه‌ی قبووڵكردن نییه". شیرین وا ده‌ڵێ.
هه‌ندێك له چاودێران ئه‌م دۆخه‌ى یه‌كێتى تێى كه‌وتووه كه سه‌ركرده‌كانى په‌یام بۆیه‌كتر ده‌نێرن، ته‌نیا له ڕێگه‌ى ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانه‌وه، به‌كارێكى خراپى ناو ده‌به‌ن و له‌و بڕوایه‌دان له كۆتایى زیان به‌ر یه‌كێتى ده‌كه‌وێت و به‌م شێوه‌یه سه‌ركرده‌كان گه‌نده‌ڵى یه‌كتر ئاشكرا ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه‌ش لێكه‌وتى ترسناكى لێ ده‌كه‌وێته‌وه.