یەکەم: ژیان و کارەکانی پیرەمێردی شاعیر

:: PM:10:30:14/12/2017 ‌
پیرەمێرد یان حاجی تۆفیق بەگ ناوی تەواوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە (١٨٦٧ - ١٩ی حوزەیرانی ١٩٥٠) هۆزانڤان و نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناوداری کورد بوو. لە سلێمانی لەدایکبووە و لە لاویدا زانستی ئایینی لەوێ خوێندووە. پیرەمێردیش بەو دەستوورە هەر وەک حاجی قادری کۆیی و نالی و مەحوی و مەولەوی و زێوەر، مزگەوت بە مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە هەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی سلێمانی گەڕاوە و ئەوسا ڕووی کردووەتە مزگەوتەكانی شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان. شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە ١٨٩٨دا دەیبەن بۆ ئەستەمبوڵ. لەوێ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت و لە حکوومەتی دەوڵەتی عوسمانیدا لە چەند پلەی میری و سیاسیدا دادەمەزرێت. لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥ و تێکچوونی بارودۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتی ژیانی ھەر لەوێ خەریکی کاری وێژەیی و ڕۆژنامەوانی دەبێت. پیرەمێرد بەرھەمی وێژەیی زۆری ھەیە و زۆر خزمەتی ڕۆژنامەگەریی کوردی کردووە. لە بواری ڕۆژنامەوانیی کوردیدا خزمەتێکی بەرچاوی کردووە، هەندێک لەو خزمەتانە بریتیین لە دامەزراندنی (ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب و ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی و ڕۆژنامەی ژین و گۆڤاری ژین.)

پیرەمێرد، لەو ڕۆژەدا ماڵی مەحموود ئاغای ھەمزاغای مەسرەف، خۆشی و بەشارەتێکی زۆری تێکەوت، گۆزەبانە دەبەخشرایەوە، مزگێنی دەدرا و زەردەخەنە لەسەر لێوی ئەو پیاوماقووڵانە دەنەخشا، کە پیرۆزبایییان لە مەحموود ئاغا دەکرد، چونکە خوا کوڕێکی دابوویە، لەبەرئەوەی باوکی مەحمود ئاغا، واتا ھەمزاغای مەسرەف، سەرۆک وەزیران و لێپرسراوی کاروباری دارایی ئەحمەد پاشای دوامیری بابانییەکان بوو، لەبەرئەوە لە ڕۆژی سێزدەیدا مەولودنامەیان خوێند و خواردن بۆ ھەژاران نێردرا، بەرگ بۆ منداڵانی بێباوک کڕدرا و مەلایش بانگی بە گوێی ئەم ساوایەدا دا و ناونرا، (تۆفیق).

پیرەمێرد لەبارەی ژیانی منداڵی خۆیەوە لە ژیاننامەکەیدا دەڵێت: (کاتێ ھاتمە ئەم کۆنە جیھانەوە، دەوری منداڵی لای ھەموو ڕۆڵەیەک خۆشە، چونکە غەمی گوزەران نازانێت، بەو سەودایی منداڵییەوە خۆشم ڕابوارد)، پیرەمێرد بەم ناز و نیعمەتەوە و بە چاودێریی و خۆشەویستییەوە پەروەردە کرا، تا تەمەنی گەیشتە حەوت ساڵان، ئەوسا ئیتر بردیانە (حوجرەی)ی مەلا حسێنە گۆچە، ھەتا خوێندنی تەواو کرد لەوێ مایەوە، ئینجا سمایلنامە و چەند کتێبێکی تری وردیلەی خوێند.

رۆژێک (تۆفیق)ی تەمەن ھەشت نۆ ساڵان، لەگەڵ مامۆستاکەیدا لەسەر شیعرێکی (حافز)ی شیرازیی تێک دەچن، چونکە پیرەمێرد خۆی بە خاوەن ماف دەزانێ، نایەوێت لە قسەی خۆی پاشگەز ببێتەوە و داوای لێبوردن لە مامۆستاکەی بکات، ناچار حەسەن ئەفەندی مامی لەو حوجرەیە گواستییەوە و بردی بۆ حوجرەی مەلا سەعیدی زڵزڵەیی، کە دەیباتە ئەوێ، حەسەن ئەفەندیی دەڵێ: (تۆفیق ئومێد ئەکەم دەم و نەفەسی ئەم زاتە پاکە بتکا بەشاعیرێکی وەک من) بەوەدا دەردەکەوێت، کە حەسەن ئەفەندی مامیشی ھەر شاعیر بووە، ھەرچەندە بەداخەوە، کە ئێمە ھەتا ئێستا ھیچ شیعرێکی ئەومان دەست نەکەوتووە. لەم حوجرەیەدا سەرەتایی بەھرەی شیعر گوتنی تێدا دەرکەوت، خووی دایە خوێندنەوەی ئەدەبیات و شیعر و سەرگوزشتەی ئەدیبان و شاعیران، لەسەر داوونەریتی کوردەواریی و بەپێی ئەوەی کە لەبنەماڵەیەکی عەشایەردا چاوی ھەڵھێنابوو، ئارەزووی سوارچاکی و تفەنگچێتی پەیدا کرد، شۆرەتی سوارچاکیی پیرەمێرد بەناوبانگ بوو، وەک مامۆستا سەجادی دەیگێڕێتەوە، لە شاخی ھەڕووتە، کە پیادە بە ئەستەم پێیدا سەردەکەوێت، ئەم بەتاو لەسەردا ئەسپی ھێناوەتە خوارەوە، بەسەر پردی قەشان و تەپادا بەغار پەڕیوەتەوە. لە دوای ئەوەی ئیتر بەرەبەرە لەخوێندنەکەیشی پێشکەوت، واپێویستبوو لەسەر فەقێیەتی دەوام بکات.

لە سەرەتاوە لە مزگەوتەکەی باپیری، کە ئێستەیش ماوە (مزگەوتی ھەمزاغا)، کە نزیک ماڵی خۆیان بووە و لە نزیک باخێک بووە پێیان گوتووە باخی پوورەبەگی، کە لەگەڕەکی گۆیژەیە و چاپخانەکەی پیرەمێرد لە نزیک ئەو مزگەوتەیە، لای مەلا مەحموود دەرسی عەرەبی دەخوێنێت، لە خوێندنی عەرەبیدا دەچێتە پێشەوە و دەست دەکا بەخوێندنی (سیوتی)، بەدوای خوێندندا وەک ھەر فەقێیەکی ئەو سەردەمە لە شار و جێگەی خۆی دووردەکەوێتەوە، بەپێی ئەو عادەتەی، کە لە کام مزگەوتدا مامۆستای چاک بووبێ فەقێکان ڕوویان تێکردووە، وەک چۆن مامۆستایانی ئێستە ھەریەکەی لە بوارێکدا شارەزایی پەیدا دەکەن و وانە دەڵێنەوە، مامۆستایانی ئەوسایش ھەر مەلایەی لە بوارێکی تایبەتدا شارەزایی پەیدا دەکرد، پیرەمێردیش ھەروەک حاجی قادری کۆیی و نالی و مەحوی و مەولەوی و زێوەر، مزگەوتا و مزگەوت و شاربەشار گەڕاوە و لە ھەرشوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، دەگاتە مزگەوتەکانی شاری (بانە) لە کوردستانی ئێران و ماوەیەک لەوێ ماوەتەوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. بەڵام پێش ئەوەی تەواوی بکات، دەستی لە خوێندن ھەڵگرت و ڕووی کردە ژیانی ڕۆژانەی ئەم دنیایە. لەو سەردەمەیشدا ھەرکەسێک خوێندنی مەلایەتی تەواو بکردایە و مەلایەتی بکردایە، ئەوە دەبوو بە مەلا، بەڵام گەر وازی لێ بێنایە پێیان دەگوت (میرزا)، بەو پێیەی پیرەمێردیش وازی لە خوێندنەکەی ھێنا، بوو بە میرزا.


لە ئەیلولی ساڵی ١٨٨٢ی زاینیدا، واتە لەتەمەنی ١٥ ساڵیدا، دەبێت بەکاتبی نفووسی سلێمانی، زۆری پێناچێت دەکرێت بەکاتبی (زەبت) لە دادگای سلێمانی، لە حوزەیرانی ساڵی ١٨٨٣دا بووە بە فەرمانبەری زەوی و زار و موڵکی میری لە ھەڵەبجە، نزیکەی سێ ساڵان لەوێ مایەوە، بە پێی نووسینەکانی پیرەمێرد بێت، کە لە (ژیان) و (ژین) دا بڵاوی کردوونەتەوە، وا دەردەکەوێت، کە ئەو سەردەمە عەشقی شیعر لە دەروونیدا بووە، خولیای شیعر کۆکردنەوە کەوتووەتە سەری، تا ئەو دەمە ھەر خەریکی لەبەرکردنی شیعری (نالی) بووە، بەڵام کە چووەتە ئەو ناوچەیە، شەیدای (مەولەوی) و (بێسارانی)یش بووە، بەھەموو دەشتی شارەزوردا گەڕاوە، کەشکۆڵی ڕەنگینی بۆ خۆی پێکەوە ناوە و ھەرچی شیعرێکی دەسکەوت بێت یان بینی بێت یان بیست بێ، لە کەشکۆڵەکەیدا نووسیویەتییەوە. پاشان بوو بە سەرنووسەر (باشکاتب) لە دادگای چوارتا، لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٩٥دا گوازرایەوە بۆ (کەربەلا) بەوەزیفەی مودەعی یاریدەدەریی گشتی، بەڵام بڕیاریدا کە نەچێت بۆ ئەو وەزیفەیە و بەیەکجاریی دەست لە فەرمانبەریی دەوڵەت ھەڵگرێت، شێخ موستەفای نەقیب دڵخۆشی دایەوە و کردیی بە نووسەری تایبەتی خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانی، ژیانێکی باش و لەباری بۆ خوڵقاندووە.

ژیانی لە تورکیا

لەبەرئەوەی (تۆفیق) لاوێکی زرنگ و زیرەک و بەڕەوشت بوو و خوێندەوارییەکەیشی بەپێی ئەو سەردەمە باش بوو، لەتەک بنەماڵەی شێخانی سلێمانیدا پێوەندییەکی پتەوی پەیدا کرد، تاوای لێھات متمانەی زۆر شتیان پێ کرد، خۆشیان دەویست، جێی بڕوایان بوو، بۆیە کاتێک لە ساڵی ١٨٩٨ شێخ سەعیدی حەفید (باوکی شێخ مەحموودی نەمر) لەسەر بانگێشتی سوڵتان عبدولحەمید بانگکرا بۆ ئەستەمبوڵ، شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب ڕوویان لە تۆفیقی مەحموود ئاغا نا کە لەگەڵیان بچێت بۆ تورکیا، ئەمیش بەپێی ئەو نزیکی و پێوەندییەی لەگەڵیاندا ھەیبوو، دەستی نەنا بەڕووی داواکەیانەوە، بەم جۆرە شێخ سەعید جگە لە شێخ مستەفای نەقیب، چەند کەسێکی ھەڵبژارد لەگەڵیاندا بن، یەکێکیان تۆفیقی مەحموود ئاغای ھەمزاغای مەسرەف بوو.


ئەودەمە تۆفیق خاوەن ژن و ماڵا بوو، بەڵام دیسان ماوەی ئەوەی نەدا، کە ژن و منداڵا ببنە کۆسپ لە ڕێگەی ئەم سەفەرەدا، ئەودەمە تۆفیق غەزالەخانمی کچی عەبدوڵا فەندیی عەزیز ئاغای بابەکر ئاغای مەلا وەیسی ھاوسەری بوو، دوو کچیشی لێی بووبوو (ڕەحمە) و (ئامینە)، ئەودەمە تۆفیق ماڵئاوایی لە دۆست و ھاوڕێیانی و لە (غەزالە)خانی خێزانی کرد، کە دەستی بەسەر و قژی کچە بچکۆلەکانیدا دەھێنا، ھەرگیز بیری نەدەکردەوە، کە ئەم سەفەرەی ئەوەندە درێژخایەن دەبێ، موستەفا سائیب لە دەستنووسێکیدا دەڵێ: (تاریخی ڕۆیشتنی خاڵم ھەرگیز لە بیر ناچێت، چونکە لە کاتی سەفەریدا لەسەر دیواری ماڵەوە نووسرابوو، ئیتر لەمنداڵییەوە ھەر لەبیرم مابوو.)

تۆفیق لەخزمەت شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب و شێخ مەحموود و دەستە و دایەرەیاندا گەیشتە ئەستەمبوڵ، لەوێیش بوونە میوانی بارەگای سوڵتان، لە پاش ساڵێک لەگەل شێخ سەعید و شێخ مستەفا و گەلێ رۆشنبیر و پیاوانی بەناوبانگی سەفەرەکەیاندا دەچن بۆ (حەج)، تۆفیق دەبێت بە حاجی تۆفیق، کاتێک لە حەج دەبن وەفایی شاعیر و سەید ئەحمەدی خانەقای کەرکووک، دەبنە ھاوڕێی حاجی تۆفیق. پیرەمێرد لەم بارەیەوە دەڵێت: (وەفایی کە لەپێشدا موفتی شیعرە جوانەکانی بووم، وا ڕێککەوت لە ماڵی خوایشدا ھاوناڵە و ئەفغانی بووم، لە پاش حەج لە ڕێگەی حیجازدا مرد و سەید ئەحمەدی خانەقا لەسەری بەند بوو، تاناشتنی رەفیقی گریانی بووم). لە پاش ئەوە سەید ئەحمەد ڕووە و عیراق دێت و حاجی تۆفیقیش دەچێتەوە بۆ تورکیا. 

بەمشێوەیە تۆفیقی مەحموود ئاغا، لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا و لە ھەڕەتی لاویدا، بوو بە حاجی تۆفیق. بەھۆی زیرەکی و ھۆشیاریی خۆیەوە، حاجی تۆفیق زوو دەچووە دڵەوە، ئەمەیان لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە لە نووسین و داڕشتنی فارسیدا دەستێکی باڵای ھەبوو، لەبەرئەوە عزەت پاشای نووسەری دەرباری شەھریاری لە ئەستەمبوڵ، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو نامەیەی، کە ناسرەدینی شای ئێران بۆ سوڵتان عەبدولحەمیدی ناردبوو، داوا لە حاجی تۆفیق دەکات بە فارسیی وەڵامی سوڵتان بۆ شای ئێران بنووسێتەوە، وەڵامەکە ھێندە جوان دەبێت سەرنجی کاربەدەستانی دەرباری سوڵتان ڕادەکێشێت، بۆ پاداشتی ئەمە، لە ١٤ئەیلولی ١٨٩٩ ئیرادەی سوڵتانی بۆ دەردەچێ. دەبێتە ئەندام لە ئەنجومەنی باڵادا لە ئەستەمبوڵا، ھەروەھا پلەی بەگێتیشی دەدرێتێ، ئینجا ئیتر بەناوی حاجی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغای ھەمزاغای مەسرەفەوە، لە دیوانی سوڵتانی و لەڕەسمیاتدا ناو دەبرا.

سەرچاوە/ چەندان سەرچاوە و دیوانی و کتێبەکانی پیرەمێردی شاعیر.



وشە - ژیڤان خۆرانی