ھەر لەو ماوەیەدا بەھۆی عزەت پاشاوە لە ئەستەمبوڵ، لە کۆلێجی یاسا (کلیە الحقوق) وەردەگیرێت و بڕوانامەی حقوق وەردەگرێت. لەم ماوەیەشدا پیرەمێرد وەک پیاوێکی خاوەن رەوشت و داوێن پاک نایەوێت بە ھیچ جۆرێک ناوی گەرد بگرێ، ویستی ژیانی رەبەنایەتی بەجێ بێلێت و ماڵۆچکەیەک بۆخۆی پێکەوە بنێ، لە ئەنجامدا ئافرەتێکی لە ماڵباتێکی ناسراوی ئەردینەییە خواست، کە ناوی سامییە خانم بوو، بوو بە ھاوسەری ژیانی، لە ١٧/٤/١٩٠٤دا حاجی تۆفیق و سامییە خانم کوڕێکیان بوو ناویان نا (نەژاد)، دوای سێ ساڵا، لە ١/٥/١٩٠٧ کوڕێکی تریشیان بوو ناویی ویداد بوو. لە تەموزی ١٩٠٥دا، بانگی مەشروتیەت درا و مەجالیسیان تێکچوو، ھەر بۆیە حاجی تۆفیق ھەتا ساڵی ١٩٠٨ لە ئەستەمبوڵ بەکاری محامیەتی و گۆڤار و ڕۆژنامەوە خەریک بووە. لە ساڵی ١٩٠٧ (کۆمەڵەی کورد) بە نھێنی پێکھات بە سەرۆکایەتی (شێخ عەبدوڵقادری کوڕی شێخ عەبدوڵای شەمزینی) کە پیرەمێرد یەکێک بووە لە دامەزرێنەکانی ئەم کۆمەڵەیە. پاشان لە ساڵی ١٩٠٨دا، کە حیزبی (اتحات و ترقی) کەمالیستییەکان سوڵتان عبدولحەمیدیان لابرد، ئەو کۆمەڵەیە بە ئاشکرا خۆی ناساند و پیرەمێردیش یەکێک بوو لە ئەندامەکانی.
پاشان لە ٥/٩/١٩٠٩دا، کە فەرمانی بۆ دەرچوو کرا بە قائیمقامی (جۆلەمێرگ) و پاشان لە ٤/٤/١٩١٢دا، کرا بە قائیمقامی (قەرەمورسڵا). پاش سێ ساڵ و لە ١/٢/١٩١٥دا، کرا بە قائیمقامی (بالاوە)، ساڵ و نیوێکیش لەوێ مایەوە و لە ٢٨/٩/١٩١٦دا، کرا بە قائیمقامی (بیت الشابب) دوای پێنج مانگ و نیو لە ١٨/٣/١٩١٧دا، بوو بە قائیمقامی (گومش کوی). لە ھەمان ساڵدا و لە ھەمان پلەدا چووەتە (اگە پازاری، ھگبلی ئوگە) کە دوورگەیەکی خۆش و ناوداری تورکیایە و ھاوینە ھەوارە. وا دەردەکەوێت پیرەمێرد ئەوێی زۆر پێخۆشبووە و گەلێ یادەوەری خۆیشی لەگەڵ ئەم شوێنەدا ھەیە، لە ژمارە ٩٦٧ی ٢/٦/١٩٤٩ی رۆژنامەی (ژین)دا، لەگەشتنامەی ژیانیدا دەیگێڕێتەوە: (لە (اگە) دراوسێی رەجائیزادە ئەکرەم بەگ و عوششاقیزادە خالید زیائو حسێن رەحمی بووم، رەزا تۆفیقیشیان پێناساندم، کەوتمە بەھەشتی سەروەتی فنوونەوە، کە ئێواران لە ئەستەمبوڵەوە بە پاپۆڕ گەڕامەوە بۆ لانەی سەعادەتی خۆم کە لەئەگە بوو، سەروەتی فنوونم لە کۆگرتەی ئەو پاپۆری سەر دەریای مەڕمەڕەدا ئەخوێندەوە، تەئسیری ئەو شیعر و ئەدەبیاتە لە سندیباتی بەحریی زیاتر ئەیخستمە دەریای خولیاوە، کە لە گرامافۆندا گوێم لە نەغمەی بەستەکەی خۆم ئەگرت بۆ (مھر النساو)م وتبوو، رۆحم ئەچووەوە سەر تەختی سلێمانی، وام دەزانی فریشتەی ئاسمان و پەریی سەر کێوی قاف گوێ لە دەنگی شیعری من دەگرن. ھەندێجار شەوی مانگەشەو، کە ئەچوومە کەنار دەریا و تریفەی مانگ دەیدا لەو ئاوە و جریوەی ناز و غەمزەی ئەو کچە رۆمە دڵبەرانە ئەفسوونی ئەم ئەفسوونگەرانەم ئەبیست، لە ھیچەوە دەکەوتمە خولیای شیعرەوە، بولبول بۆیە بە دەوریدا دەسوڕێتەوە شیعری منی بەسەرا بخوێننەوە.
ئینجا لە ١٧/٤/١٩١٨دا، کرا بە موتەسەڕیفی (ئەماسییە)، کە ئەمە دوا وەزیفەی بوو لە تورکیا، لەو کاتەدا خزمەکانی لە سلێمانییەوە دەست دەکەن بە نامەنووسین بۆی، بە تایبەتی موستەفا سائیبی خوشکەزای گەلێ نامەی بۆ ناردووە و داوای گەڕانەوەیان لێکردووە کە بێتەوە بۆ کوردستان. پیرەمێرد ماوەی ٢٥ ساڵان لە تورکیادا دەمێنێتەوە، دەشێ پرسیارێک بەرەو ڕوومان بکرێت، کە ئاخۆ بۆچی حاجی تۆفیق ئەوەندە ساڵە لە غەریبی مایەوە، بۆچی دوای گەڕانەوەی شێخ سەعیدی حەفید لەگەڵیدا نەھاتووەتەوە بۆ کوردستان و لەوێ مایەوە؟
لە وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانەدا گوتراوە.
ئەم ئەدیبە مەزنە لەبەرئەوەی لە قوتابخانەی ڕەسمیدا نەیخوێندووە و لە حوجرە و مزگەوتەکانیشدا وەک لەمەوبەر زانیمان لە (سویتی)دا وازی ھێنابوو، لەبەر ئەوە کە گەیشتە ئەو وڵاتە، بۆی دەرکەوت ئەم لە چاو ئەدیبی ئەوێدا نیوە خوێندەوارە، بۆیە پڕبەدڵ ئارەزووی لەوە بووە، کە ھەلێکی بۆ بڕەخسێ و بتوانێ بخوێنێ و ئاسۆی بیری فراوان بکات. ئەوەبوو ئاواتەکەی ھێنایەدی، بەوەی توانی (حقوق) تەواو بکات و ببێتە پارێزەری ڕەسمی خاوەن بڕوانامەی باوەڕپێکراو، خۆی لەم ڕووەوە لە وەسێتنامەکەیدا دەڵێ: (بە نیوە خوێندەواری لە سلێمانی دەرچووم و خوێندنێکی بەرزم ھێنایەوە) ھەروەھا دان بەوەدا دەنێت، کە زۆربەی رووناکبیرانمان سەرچاوەی رووناکبیرییان تورکیا بووە، کە وەک گوتمان: ئەودەمە مەڵبەندی ڕووناکبیریی بووە و کەڵچەری ڕۆژئاوا یەکەم جار گەیشتووەتە ئەوێ، ئینجا بە وڵاتانی تردا پەخشی داوەتەوە، حەوت ساڵان بەرلەوەی ئەم جیھانە بەجێ بێلێ گوتویەتی: (ئێمە زۆرمان لەئێوەوە پێگەیشتووە.) ئەمانە سەلماندنی ئەوەن، کە مەبەستی بووە ببێتە خوێندەوارێکی چاک و شارەزای ھەموو جۆرە زانستێک بێ، دیارە ئەمانەیش لەودەمەدا بۆکوردێکی وەک ئەو ھەر لەوێ دەسگیر دەبوون.
جگە لە خوێندن وەک شاعیرێکی ھەست ناسک، ئارەزووی لە تێکەڵبوونی رووناکبیران بوو، جا کە لەئەستەمبوڵ جێگیر بوو، ھەستی بەوە کرد شەپۆلی تازەگەری و نوێخوازی لەبەرھەمە ڕەنگینەکانی ئەدیبانی سەردەمی بوژانەوەدا ڕەنگی داوەتەوە و تازەترین ئەدەبی ئەوروپایی لەوێ دەکرێت بەتورکی و لەبەر دەست خوێنەران دایە، ھەتا ڕووناکبیرە عەرەبەکانیش روویان کردە ئەوێ، بەگشتی سەرچاوەی خوێندنەوەیان لەوێوە پێدەگەیشت، جا کە حاجی تۆفیق ئەم رووناکبیری و بوژانەوە و رووناکبیرییەی ھەست پێ کرد، زۆر پێی شادومان بوو، بەتایبەتی کە بووە گوڵی کۆڕ و ئەنجومەنی ئەو ئەدیبە کوردانەی، لەوێ بوون، سەڕەرای ئەدیبە تورکەکانیش.
پیرەکوردی ئەستەمبوڵ، جگە لە ھەوڵدانی بۆ خۆ ڕووناکبیرکردن و تەواوکردنی خوێندنی زانستگە، ھۆیەکی گشتگیریش ھەبوو، کە وای لێ بکات بمێنێتەوە، ئەویش ئەو سەرگەرمی و تێکۆشانەی بوو لەتەک ھاوڕێیانی خەباتیدا بۆ ڕزگارکردنی کوردستان. لەم هۆیانەوە بۆمان دەردەکەوێ، کە چ ھۆیەکی گرنگ ھەبوون بۆ مانەوەی (پیرەمێرد) لە تورکیا. ئەگینا ھەموو کاتێک دڵی ھەر بۆ خاک و نشتیمانەکەی لێیداوە و ھەمیشە خەوی بەکوردستانەوە بینیوە.
حاجی تۆفیقێک کە زۆربەی تافی گەنجێتی و ھەرزەکاری لە تورکیادا رابواردووە، لەوێ ژنێکی ھەبوو، دوو منداڵی لێی ھەبوو، پاش ئەم ماوە دوورودرێژە، ئاگری نیشتمانی دایک گڕی گرت، سۆزی خۆشەویستی کوردستان و بەسەرھاتەکانی خستییە جموجۆڵ و سەر سەودای گەڕانەوە، وەک چۆن نالی شاعیر ھەڵبەستە بەرزەکەی لە شامەوە ناردبوو بۆ سالم لە شاری سلێمانی بۆ ئەوەی حاڵ و ئەحواڵی شاری سلێمانی لێبپرسێت و بۆی بنووسێت ئایا ماوەی گەڕانەوەی ھەیە بۆ کوردستان یاخود ئەبێ تا دواھەناسەی ھەر ئاوارە و دەربەدەر بێت و لەوڵاتی بێگانەدا بژی، پیرەمێردیش بەو جۆرە دەستی بەنامەنووسین و پرسیارکردن لە حاڵ و ئەحواڵی کوردستان کرد، بەڵام ئەو ڕۆژانەی کە پیرەمێرد دەیویست بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، جیاوازییەکی زۆری ھەبوو لەگەڵ ئەو رۆژانەی نالی ھەڵبەستە بەرزەکەی ناردبوو بۆ سالم، کاتی نالی و سالم ئەو کاتەبوو کوردستان لەژێر باڵی دەسەڵاتی ڕەشی عوسمانییەکاندا دەیناڵاند، بەڵام سەردەمی گەڕانەوەی پیرەمێرد، سەرەتای جوڵانەوەی ھێزی نەتەوایەتی بوو، شێخ مەحموود ئاڵای شۆڕشگێری و داواکردنی مافی گەلەکەی ھەڵکردبوو، پیرەمێرد لە پرسینی حاڵ و ئەحواڵی ئەو سەردەمەی کوردستان، ئەم چەند دێڕەی خوارەوەی بۆ یەکێک لەخزمەکانی لە شاری سلێمانی کە موستەفا صائیبی خوشکەزایەتی، ناردووە، دەڵێ:
لە ئەستەمبوڵەوە ھەڵسام، لە خەودا بووم ھەتا ئێرە
لە سەیری (فی المنام)دا بووم، کە چاوم کردەوە لێرە
حەیاتێکی ترم دی، خزم و خوشیان دەوریان دابووم
لەسەر نوێ ھاتمەوە دنیا بەروح وەک تولفی ساوابووم
ئەمە دوو ڕۆژە جەژنی ڕۆحمە، دەنگی وەتەن دەبیم
خودا دیداری ئێوەشم نسیبکا زۆر دەبینێ پێم
ھەواڵی ئێوە چۆنە؟ بێمەوە؟ یا ئێوە دێنە لام
نسیب ئەزانێ، چەند ڕۆژێکی تر مەعلوم ئەبێ ئەنجام.
پیاوێکی ناودار و ناسراو لە ناو کۆمەڵی ڕووناکبیراندا، خاوەنی پلەوپایەی باڵا، لە شوێنێکی خۆشی دڵگیری وەک (اگە پازاری)دا، لە ناو کۆشک تەلاری قەشەنگدا ژیان بەسەر ببات، کەچی بەجۆرێک مەیلی لای نیشتمانەکەی بێ، خەو بەشەوانی گوندی (گورگەدەر)ەوە ببینێ، کە بەمنداڵی لەتەک خزم کەسوکاریدا بەھاوینان دەچوونە ئەو گوندە بچوکە و بەئارەزووی دڵی خۆیان بەناو ڕەز و باخەکاندا تەراتێنیان کردووە و شەوان منداڵان چاوشارکێ و ھەڵبەز و دابەزیان کردووە، ئەوەتا خۆی لە ژمارە ٨٩٤ی رۆژنامەی (ژین)ی مێژووی ٢١/١١/١٩٤٧دا گوتویەتی: (لەئەستەمبوڵ بەڕوتبە و نیشان و ئەعزاییەتی مەجلیسی عالیەوە لە (اگە) کە مەڵبەندی پرنسینسەکانی کۆنی رۆم بوو، لە قەسرێکی مومتازدا، دائەنیشتم. کە شەو ئەنوستم، لە خەوما لە (گورگەدەر) لە باخەکەی شێخ ئەحمەدی بازلیخا ھەنارم ئەدزی).
سەرچاوە/ چەندان سەرچاوە و دیوان و کتێبەکانی پیرەمێردی شاعیر.