بەهۆی بوونی پەكەكەوە 515 گوند لە كوردستان چۆڵ كراون

:: AM:08:53:15/12/2017 ‌

بوونی هێزەكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان، بووەتە هۆی چۆڵبوونی 515 گوند و كوژرانی سەتان هاووڵاتیی سڤیل، سەرەڕای ئەوەی زیاد لە جارێك پەكەكە لەلایەن حكوومەتی هەرێم و دانیشتوانی گوندەكانەوە ئاگادار كراوەتەوە كوردستان جێ بێڵێت، بەڵام ئەو داوایەی ڕەت كردووەتەوە.

پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" لە دهۆك 304، لە هەولێر 177، لە سلێمانی 34 گوندی داگیر كردووە كە دەكاتە 515 گوند و ڕێ بە دانیشتووان و خاوەنی ئەو گوندانەیش نادەن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. ئەو كارەی پەكەكە جگە لە زیانی دارایی، بەهۆی بۆردمانی بەردەوامی فڕۆكە جەنگییەكانی ئێران و توركیاوە سەتان هاووڵاتیی سڤیلی دانیشتووی گوندەكان بوونەتە قوربانی و لە تازەترین بۆردمانی هێزە ئاسمانییەكانی توركیادا، گوندی گەڵاڵە لە سنووری شارباژێڕ چۆڵ كراوە. 

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا دانیشتوانی گوندی گەڵاڵە لەگەڵ بەرپرسانی پەكەكە لە ناوچەكە دانیشتوون و داوای چۆڵكردنی ئەو ناوچانەیان لێ‌ كردوون بۆ ئەوەی توركیا هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر گوند و ناوچەكانیان ڕابگرێت، بەڵام بەرپرسانی پەكەكە ڕەتیان كردووەتەوە.

ڕەسووڵ مەحموود دانیشتوویەكی گوندی گەڵاڵە كە ئاگاداری ئەو كۆبوونەوانەی نێوان دانیشتوانی گوندەكە و گەریلاكانی پەكەكەیە، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، پەكەكە سەرەڕای دروستكردنی مەترسی بۆ سەر ژیانیان كە فڕۆكەی توركی بۆردمانیان دەكات، هاوكات هەر پێنج سەرچاوەی ئاوی گوندەكەیشیان خستووەتە ژێر دەستی خۆیانەوە. 

ئێستە لە كۆی دانیشتووانی گەڵاڵە كە ژمارەیان 350 كەسە، تەنیا 50 كەس لە ناو گوندەكەدا ماون و سەرجەمیان بەرەو گوندەكانی تر و سەنتەری شارەكان كۆچیان كردووە.

ڕەسووڵ ئاگاداری كۆبوونەوەی خەڵكی گوندەكەیەتی لەگەڵ بەرپرپرسانی پەكەكە و رای گەیاند، "پەكەكە باسی لەوە كردووە كە ناوچەكە چۆڵ ناكەن، بە پێچەوانەوە ئەوان بە خەڵكەكەیان گوتووە بڕۆن بۆ ئەوەی تووشی مەترسی نەبن بەهۆی بۆردومانەكانەوە زیانتان بەرنەكەوێت." 

بەپێی زانیارییەكانی بەردەست "وشە"، پەكەكە لە هەرێمی كوردستان 515 گوندی لەژێر دەستە و دانیشتوانەكانی زۆرینەی ئەو گوندانە چۆڵیان كردووە، هاوكات زیانی زۆری كشتوكاڵی و دارایی بەر ئەو گوندانە كەوتووە.

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە سەرەتای مانگی ڕابردوو تا ئێستە، پێنج جار چیای ئاسۆس و دەوروربەری گوندی گەڵاڵەیان لە شارباژێڕ /رۆژهەڵاتی سلێمانی/ بۆردمان كردووە بەهۆی بوونی گەریلاكانی پەكەكە لەو چیایە.

كامەران حەسەن قائیمقامی شارۆكەی ماوەت بە"وشە"ـی گوت، "لە چیای ئاسۆس خەڵكی گوندی گەڵاڵە ڕەز و باخیان هەیە، هەنگ بەخێو دەكەن، مەڕداری دەكەن، بەهۆی بۆردمانەكانەوە زیانیان پێ گەیشتووە، هەروەها بۆردمانەكان زۆر نزیك بووە لەوەی زیانی گیانی لێ بكەوێتەوە."

"بۆردمانەكانی توركیا بێ‌ پاساوە، داواكاری ئێمە و خەڵكی ناوچەكەیش ئەوەیە ئەو بۆردمانانە ڕابگیرێن، ئێمە پارێزگاری سلێمانیمان ئاگادار كردووەتەوە". حەسەن وای گوت.

توركیا لە دوا بۆردمانی شاخی ئاسۆس ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، 41 ئامانجی پەكەكەیان لە ناوچەكە لەناو بردووە.

لە سنووری تەناهیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هیچ هێز و لایەنێك لەسەر ئەو هێرشانە و چارەنووسی خەڵكی گوندەكان نەهاتووەتە دەنگ، "وشە" پێوەندییەكی زۆری بە بەرپرسانی كارگێڕی و تەناهیی سلێمانییەوە كرد و ئامادە نەبوون لەوبارەیەوە ڕوونكردنەوە بدەن.

پارتی كرێكارانی كوردستان كە بارەگای سەرەكی لە قەندیلە، سنووری دەسەڵاتی خۆی بۆ سەر گوندە سنوورییەكان هاویشتووە و مەترسیی زۆری بۆ دانیشتوانی ئەو گوندانە دروست كردووە، ساڵانە چەندان قوربانی و دەیان ملیۆن دۆلار زیان بە گوندەكان دەگەیەنێت.

جگە لەوانە، ماوەی زیاتر لە مانگێكە ئاسمانی سلێمانی جیاواز لە پێشتر دەبینرێت، بە جۆرێك ڕۆژانە فڕۆكەی جۆراوجۆر دەبینرێن، هەرچەندە بەرپرسانی حكوومی ئەم شارە زانیارییان لەسەریان نییە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەو فڕۆكانە هی توركیان و بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دیاری دەكەن. 

تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ "وشە"ی ئاشكرا كرد، نازانن ئەو فڕۆكانە چین و لە هاتوچۆدایشدا پێوەندی بە فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە ناكەن. 





وشە - تایبه‌ت