عەدنان كەریم و لەیلا فەریقی دوو ئەڵبوومی نوێ بڵاو دەكەنەوە

:: AM:09:41:15/12/2017 ‌

بڕیارە سبەی شەموو گۆرانیبێژی ناسراوی كورد عەدنان كەریم، نوێترین ئەڵبوومی گۆرانی بڵاو بكاتەوە لەكوردستان، هەر لەو هەفتەیەدا خانمە گۆرانیبێژی ناسراو لەیلا فەریقی دوای ماوەیەكی زۆر، دەگەڕێتەوە و نوێترین ئەڵبوومی گۆرانی بڵاو دەكاتەوە.

هەڵكەوت زاهیر كە ئاوازدانەری بەرهەم و سەرپەرشتیاری ئەو ئەڵبوومە نوێیەی لەیلا فەریقییە، بە "وشە"ی راگەیاند، دوای 10 ساڵ بێدەنگی، خانمە گۆرانیبێژی ناسراوی كورد لەیلا فەریقی دەگەڕێتەوە دنیای گۆرانیگوتن و بەیەكەوە لە ئەڵبوومێكدا كۆ دەبینەوە و دووبارە كار بۆ چەند گۆرانییەك دەكەین.

زیاتر گوتی، ئێستە سەرجەم كارەكانی ئەو ئەلبوومە بەكۆتا هاتووە و هەفتەی داهاتوو بۆ یەكەمجار بڵاوی دەكەینەوە، لەو ئەڵبوومە كە لە 11 تراكی گۆرانی پێكهاتووە، كارمان بۆ چەند بەرهەمێكی شێوازی پۆپ و رۆمانسی و كلاسیكی كردووە و تێیدا بەرهەمێك بۆ ئافرەتانە و پەیامەكەی ئەوەیە كە ژیان بەبێ ژن و ئافرەت مانای نییەو لە ڕاستیشدا هەروایە، ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی كاركردنین بۆ ئەو ئەڵبوومە و كاری كلیپ بۆ چەند بەرهەمێكیشی كراوە، هەروەها گۆرانییەكی بۆ منداڵ گوتراوە.

زیاتر گوتی، "گلەیی" و "نهێنی" و "لێت دوورببم" و "خۆشم ئەوێی" و "بڕۆو وانەزانی" و "گەڕاندنەوە" و "منداڵ" و "منیش لێرەم" و "نەفرین" و "كوردستان"،  ناوی تراكەكانی ئەو ئەڵبوومە نوێیەن كە سەرجەم كارەكانی لەكاری منە و چەندین شاعیری ناسراوی كورد تێكستەكانیان نووسیوە و گۆرانی خۆشەویستی و نیشتیمانی لەخۆ دەگرێت.

هەروەها بڕیارە لە سەرەتای ئەم هەفتەیە گۆرانیبێژی ناسراوی كورد (عەدنان كەریم)، نوێترین ئەڵبوومی گۆرانی بڵاو بكاتەوە .
 
سەرچاوەیەكی نزیك لە گۆرانیبێژی نابراو و ئاگەدار لە كارەكانی ئەو ئەلبوومە بە"وشە"ی راگەیاند، "حەبیبە" ناوی نوێترین ئەڵبوومی گۆرانی گۆرانیبێژ عەدنان كەریمە و لە هەشت تراكی گۆرانی پێكهاتووە، ئەو ئەڵبوومە ئێستە سەرجەم كارەكانی تەواو بووە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە ۆۆژی شەموو بڵاوی دەكاتەوە لە كوردستان.

زیاتر گوتی، ئەو ئەڵبوومە دەمێكە ئامادەیە، بەڵام چاوەڕوانی كاتێكی گونجاو بوو بۆ بڵاوكردنەوەی، هونەرمەند خۆی خەرجیی ئەو ئەڵبوومەی لەئەستۆ گرتووە.

بەپێی سەرژاوەكە ئەو ئەڵبوومە لە هەشت تراكی گۆرانی پێكهاتووە و ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی كاركردنە بۆی، كاری میلۆدی سەرجەم تراكەكانی ئەو ئەڵبوومە هونەرمەند خۆی كردوویەتی و لە زۆربەی هەرە زۆری گۆرانییەكانی ئەو ئەڵبوومەدا گوزارشتێكی قوڵ دەكات لە هەستی پاكی خۆشەویستی و دووری، بۆیە ناوی ناوە "حەبیبە" و گۆرانییەكان لە بازنەی خۆشەویستی دەسووڕێنەوە و تەواوكەری یەكترین بۆ جوانتركردنی خۆشەویستی. 

"حەبیبە"، یەكێكە لە ناوی تراكەكانی ئەو ئەڵبوومە نوێیە، هەریەك لە "مانگی روخسار" كە چوار خولەكە و "نەسیمی ئەوین" كە زیاتر لە پێنچ خولەكە و "حەبیبە" كە نزیكەی شەش خولەكە و "مەستی ئەشق" كە شەش خولەكە و "دڵی غەمبار" كە نزیكەی پێنچ خولەكە و "رۆحی ڕەوان" كە زیاتر لە چوار خولەكە و "ڕۆژی تەریب" كە نزیكەی چوار خولەكە و "كێ دڵی نیشتیمانی شكاند" كە نزیكەی شەش خولەكە، ناوی هەریەك لە تراكەكانی ئەو ئەڵبوومە نوێیەن.

شایەنی باسە خانمە گۆرانیبێژ لەیلا فەریقی خوشكی گۆرانیبێژی كۆچكردووی كورد، مەرزییە فەریقییە و دەبێتە پووری دڵنیا ڕەزازی و لە دەرەوەی وڵات لە نێوان كوردستان و سوید ژیان بەسەر دەبات و بەمدواییە كلیپی گۆرانی "منیش لێرەم"ی بڵاو كردەوە، یەكەم خانمە گۆرانیبێژی كوردە گۆرانی هاوبەشی كوردی و عەرەبی لەگەڵ گۆرانیبێژی ناسراوی عەرەب عەلی حەجار گوتووە.

گۆرانیبێژ عەدنان كەریم ساڵی 1963 لەدایك بووە و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری شێوەكاری لە سوید و لە سوید ژیان بەسەر دەبات و ئێستە قوتابی دكتۆرایە لە لەندەن، لە كوردستان پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی تەواو كردووە لە شاری سلێمانی و یەكێكە لە گۆرانیبێژە هەرە ناسراوەكانی كورد و خاوەن دەنگێكی زۆر تایبەتە و گۆرانی بۆ نیشتیمان و خۆشەویستی پاك و دڵی پاك دەڵێت و خاوەن چەندین بەرهەمی هونەرییە لە بواری گۆرانی، ژمارەیەكی زۆری كۆنسێرتی ساز كردووە لە شارە جیاوازەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی و خاوەن دڵ و روحێكی گەورەی هاوكارییە و زۆربەی كۆنسێرتەكانی بۆ هاوكاریكردنی ئەوانەی پێویستییان بە هاوكارییە و دوایین كۆنسێرتی بۆ هاوكاریكردنی نەخۆشانی شێرپەنجە لە كوردستان و هاوكاریكردنی پێشمەرگە بوو كە چەند شارێكی جیاوازی كوردستانی گرتەوە.
 
هەولێر/ شاخەوان شێخانی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل