ژمارەی هێزەكانی سەربازی ئەمەریكا و سەر بە ئێران لە سووریا چەندە؟

:: PM:12:29:15/12/2017 ‌

بڕیارە لە سەرەتای 2018 راوێژكاری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئاسایشی نەتەوەیی وتارێك پێشكەش بكات لەبارەی سووریاوە كە تیایدا ستراتیجیەتی نوێی وڵاتەكەی بۆ كاركردن دیاری بكات، كە چاوەڕوان دەكرێت سیاسەتی نوێی ئەمەریكا رووبەڕووبوونەوەیەكی توندی بۆ فرەوانخوازییەكانی ئێران تیادابێت، لەنێو ئەو زانیارییانەی باس لە بوونی 125 هەزار شەڕوانی سەر بە ئێران لە سووریا دەكەن لە بەرامبەر زیاتر دوو هەزار سەربازی ئەمەریكا.

بەپێی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، بڕیارە هۆبەرت رایمۆند ماكماستەر راوێژكاری تڕەمپ لە سەرتای ساڵی نوێ ستراتیجیەتی نوێ ئەمەریكا بۆ كاركردن لەسەر گۆڕەپانی سووریا رابگەیەنێت، بەپێی سەرچاوەكانیش بەرپرسانی ئەمەریكا هەوڵ دەدەن رێگەیەك بدۆزنەوە بۆ وەستاندنی فرەوانخوازی ئێران لە سووریا و لە سەرانسەری ناوچەكەش، كە بووەتە مایەی نیگەرانی واشنتن و ریاز و تەلئەبیب.

گەورە بەرپرسێكی ئەمەریكایی لای خۆی رای گەیاند كە ئەمەریكا رێگە نادات بە ئێران و هاوپەیمانەكانی كە بوونێكی سەربازی ئێرانی لە سووریا هەبێت كە ببێتە مایەی هەڕەشەكردن لە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا، پێشتر جیم ماتیش وەزیری بەرگری ئەمەریكا رای گەیاندبوو كە زیاتر لە دوو هەزار سەربازی ئەمەریكا لە سووریا دەمێننەوە بۆ مسۆگەركردنی سەرهەڵ نەدانەوەی داعش. 

بەڵام بەرپرسانی تری ئەمەریكا دان بەوەدا دەنێن كە مانەوەی ئەو هێزانە هەولێكە بۆ رێگرتن لە فرەوانخوازیی سەربازی ئێران لە سووریا یان دروستكردنی رێگەیەكی زەوینی بۆ گواستنەوەی چەك بۆ هاوپەیمانەكانی لەسەر سنوورەكانی ئیسرائیل، لەو بارەوە مارك دوبویتز بەڕێوەبەری جێبەجێكار بۆ دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراتییەكان لە واشنتن دەڵێت، پێویستە بوونی سەربازی ئەمەریكا لە سووریا سەنگێكی قورسی هەبێت بە مەبەستی رێگرتن لە ئێران، دووپاتی كردەوە كە سەنگی سیاسی بە بێ بوونی هێزی سەربازی ئەمەریكا لە سووریا دروست نابێت.  

بە پێی زانیارییەكان ئێستە 125 هەزار شەڕوانی سەر بە ئێران لە سووریا هەن و ئاسان نییە كە رووی جەنگەكە لە داعشەوە بۆسەر بوونی ئێران لە سووریا بگۆڕدرێت، كە چەندان كێشەی تیادایە، لەوانە مەترسی كاردانەوەی ئێران لەدژی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا، ئەو كارەی نیگەرانییەكی زۆری بۆ ئەمەریكا دروست كردووە كە وای كرد مایك بۆمبیۆ سەرۆكی دەزگەی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمەریكا مانگی رابردوو لە نامەیەكدا بەتوندی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران وریا بكاتەوە لەهەر ئەگەرێكی لەو جۆرە. 

بۆمبیۆ لە باسی نامەكەدا دەڵێت، وریاكردنەوەی ئەمەریكای تیادابووە بەوەی وڵاتەكەی بەرپرسیارەتی هەر هێرشێك لەدژی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە دەخاتە ئەستۆی سلێمانی و ئێران.

بەرپرسانی ئەمەریكا و ئیسرائیل هەست بە نیگەرانییەكی گەورە لە بەرانبەر ئەو زانیارییانە دەكەن كە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئێران خەریكی دامەزراندنی دامەزراوەی سەربازییە لە باكوری رۆژئاوای سووریا بۆ دروستكردنی مووشەكی دوورهاوێژ، لەو كاتەی تا ئێستە ئیسرائیل زیاتر لە 100 هێرشی سەربازی بۆسەر سووریا ئەنجام داوە كە زۆرینەیان كاروانی گواستنەوەی چەكیان بۆ حزبوڵا كردووەتە ئامانج. 

سەرچاوە: شەفەق نیووز






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل