پێش نیوەڕۆی ئەمرۆ لە گوندێكی سنووری شارەدیێ كانی ماسی سەر بە شارۆكەی ئامێدی، چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، لە رێگەی دانانی بڕێك TNT، ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی توركیایان كردووەتە ئامانج و وێرای تێكشكاندنی ئۆتۆمبێلەكە و لەكارخستنی رێگەی سەرەكیی كانی ماسی، سەربازێكی توركیش بریندارە.
سەرچاوەیەك لە شارەدیێ كانی ماسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ لە سنووری شارەدیێ كانی ماسی لە رێگەی دانانی بڕێك TNT ، ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی توركیا كراوەتە ئامانج و ئۆتۆمبێلەكە تێكشكێنراو و سەربازێكی توركیاش بریندارە.
سەربەست ئاكرەیی بەڕێوەبەری شارەدیێ كانی ماسی وێڕای پشتڕاستكردنەوەی هەواڵەكە، بە "وشە"ی راگەیاند، پێش نیوەڕی ئەمڕۆ لە دووڕیانی گوندی (ئەلكیشك)ی سەر بە شارۆكەی كانی ماسی، چەكدارانی پەكەكە لە رێگەی دانانی TNT لەسەر رێگەی گشتیی نێوان گوندی ناوبراو، ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی توركیایان كردووەتە ئامانج و سەربازێكی تورك بە سەختی بریندارە و ئۆتۆمبێلەكەش تێكشكێنراوە و رێگەكەش لەكار كەوتووە.
زیاتر گوتی، وەك كارگێڕیی ناوچەكە لەگەڵ ئاسایشی ناوچە گەیشتینە شوێنی رووداوەكە و ئێستە كار لەسەر كردنەوەی رێگەكە دەكەین بۆ ئەوەی جارێكی تر هاتوچۆ لەو ناوچەیە بەردەوام بێت، چونكە ژیانی خەڵكی ناوچەكە لەسەر ئەو رێگەیەیە.
ئەمساڵ ئەمە دەبێتە سێیەمینجار كە لە رێگەی دانانی TNT ، پەكەكە ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانی توركا دەكاتە ئامانج، وێڕای ئەوە كە قوربانی لە هەردوولا لێ دەكەوێتەوە، هاوكات قوربانی لە ریزی هاووڵاتییانیش هەیە.
ئامێدی/ نەوزاد هلۆری