فەرسەت سۆفی نامەیەك ئاراستەی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان دەكات

:: PM:03:21:15/12/2017 ‌

دوای ئەوەی بەمدواییە باڵی ناپاكی نێو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەدوای رادەستكردنی كەركووك و ناچە كوردستانییە دابڕاوەكان لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو، دەستی كردووە بە هەڵمەتێكی چڕ لەدژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی كورد، فەرسەت سۆفی پەرلەمانتاری كوردستان نامەیەك ئاراستەی یەكێتی دەكات و تیایدا دەڵێت كە ئێمە هاوبەشین لەم حكوومەتە و ئێستە و داهاتووی كوردستانیش ئێمە لێی بەرپرسیارین, بۆیە چۆن رێگە دەدەن خیانەتكاران لە كەناڵە فەرمییەكانی ئێوە باگەشە بۆ پلانی دابەشكردنی كوردستان و وێرانكردنی بكەن؟

دەقی نامەكەی فەرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ یەكێتی: 

نامەیەك بۆ: یەكێتی نیشتمانیی كوردستان

سڵاو رێز:
لە پێش خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، چەندین جار ئاگەداری هاوڕێكانمان لە ناو یەكێتی كردەوە كە جموجۆڵی هەندێ كەسی ناو حزبەكەتان نامۆیە و رایان بگرن, بەداخەوە پاساویان بۆ دەهێنانەوەو دڵنیاییان دەدا كە هیچ روو نادات, بەڵام ئەوەی نەدەبوو روو بدات رووی دا.

ئەو كات بە شاراوەیی پێمان گوتن و ئەمڕۆ بە كراوەیی پێتان دەڵێین، هەمان ئەو گرووپەی لە  ١٦ی ئۆكتۆبەر خیانەتیان كرد, ئێستەش خەریكی فێیسی دووەمی خیانەتەكەیانن و ئەمجارە دەیانەوێت بە تەواوی سەری خۆیان و حزبەكەتان و یەك پارچەیی خاكی كوردستان بخۆن.

 ئێمە لە گەڵ ئێوە بە یەكەوە شەریكین لەم حكوومەتە و ئێستە و داهاتووی كوردستانیش بە پلەی یەكەم ئێمە لێی بەرپرسیارین, چۆن رێگە دەدەن خیانەتكاران لە كەناڵە فەرمییەكانی ئێوە تەرویج بۆ پلانی دابەشكردنی كوردستان بكەن؟, چۆن رێگە دەدەن بە پارە و سامانی یەكێتی و داودەزگا تەناهییەكان ناوماڵی كوردستان وێران بكرێت؟, تاكەی قبووڵتانە خاكی كوردستان بە نەوت و دەسكەوتی كاتی بگۆڕنەوە؟, خۆتان بینیتان لە دوای خیانەت، تەنیا سوپاس و ستایشیان پێ بڕا و دوای ئەوەش كە كاریان پێیان نەما وەك دەستەسڕی پیس فڕێیان دان.

بێدەنگیتان لە ئاست ئەم پیلانە یان نیشانەی بێدەسەڵاتییە یان شەراكەتی خیانەت. من خۆم دڵینام ئێوە هیچ لەم دووانە نین, بۆیە چاوەڕێین ئەم جارە خۆتان سنوور بۆ ئەمانە دابنێن و نەهێڵن یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و گەلی كوردستان باجی خیانەتی ئەم تاقمە بدات كە ژمارەیان زۆر كەمە و هەرگیز بەراوورد ناكرێن لە گەڵ قوڕسایی و گەورەیی حزبە تێكۆشەرەكەتان.

 د. فەرسەت سۆفی
 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان             



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل