بڕیارە ڕۆژی شەموو یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەسەر ئاستی سەرجەم لقەكان ئەنجام بدات و ئەندامێكی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێت، ئێمەش بایكۆت بە چارەسەر نازانین.
ئەمڕۆ هەینی 15ـی كانوونی یەكەم، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی شەموو كۆبونەوەی ئاسایی بە بەشداری لقەكانی یەكێتیی مامۆستایان ئەنجام دەدرێت لەسەر پرسی مووچەی مامۆستایان گفتوگۆ دەكرێت.
بەشدار ئەبوبەكر ئەندامی گروپی مامۆستایانی ناڕازی بۆ "وشە" گوتی، ئێمەش بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن بە چارەسەر نازانین بۆیە پێویستە گفتوگۆ بكەین و چارەسەرێكی تر بدۆزینەوە بۆیە پێمان باشە مامۆستایان بەردەوام بن لە دەوامكردنی خۆیان و بایكۆت نەكەن.
ئەو مامۆستایە زیاتر گوتی، تەنها مامۆستایان مووچەیان دوا نەكەوتووە كۆی مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان زیانیان پێگەیشتووە و هۆكارەكەشی دیارە كە حكوومەتی عێراق ئەو تەنگەژە ئابوورییەی دروست كردووە.
بەردەوام لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لقەكانی یەكێتی مامۆستایان گفتوگۆ دەكەین بۆ ئەوەی مووچەی مامۆستایان دوانەخرێت و ئەوانیش بەڵێنی ئەوەیان پێداون كە داواكاریەكانیان جێبەجێ بكەن ئەو مامۆستا ناڕازییە وای گوت.
حكوومەتی عێراق بۆ سزادانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ماوەی سێ ساڵە بەشە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی بڕیووە و بەردەوامە لە سزادانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.