یانەی بروسك و یانەی داڵكورد كاری هاوبەش دەكەن

:: PM:10:03:15/12/2017 ‌

یانەی بروسك ئاشكرای دەكات لەگەڵ یانەی داڵكورد جارێكی تر هەوڵی بنیات نانەوەی یانەكەی دەدات و سەرجەم یاریزانانی تیپە میلییەكان ئاگەدار دەكاتەوە كە سەردانیان بكەن بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنیان بۆ بكرێت.

ئەمڕۆ هەینی 15ـی كانوونی یەكەم، لە ڕاگەیەندراوێكی یانەی بروسك هاتووە، دووبارە یانەی بروسك زیندوو دەكرێتەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ یانەی داڵكوردی سویدی ئەمەش دوای دووساڵ دابڕان لە یارییەكانی خولی كوردستان.

لەبەشێكی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، یانەی بروسك یانەی تۆپی پێی دروست دەكاتەوە لە ژێر سەرپەرشتی دەستەیەكی كارگێری نوێ لەگەڵ یانەی داڵكوردی سویدی بۆ ئەم مەبەستەش دوا لە گشت یاریزانانی تیپە میلییەكان دەكات ئارەزووی یاریی كردنیان هەیە لە یانەی بروسك و تەمەنیان لە سەرووی 17 ساڵیدایە ڕۆژانی چوارشەم و پێنجشەم و هەینی داهاتووو سەعات سێی عەسڕ، لە یاریگایی بروسك ئامادە بن.

یانەی بروسك لە ڕاگەیەندراوەكەی دەڵێت، لەو كاتە لە لایەن راهێنەر و یاریدەدەری یانەكە هەڵسەنگاند بۆ یاریزانەكان دەكرێت و چەند یاریزانێك هەڵدەبژێردرێن وەرزی نوێ وەك یاریزانی یانەكە بەشداری یاریەكانی خولی پلە دووەكانی كوردستان دەكەن.

یانەی وەرزشی بروسك خاوەنی دوو خولی نایابی كوردستانە لە ساڵانی 2007 -2008 و 2008-2009، بەڵام بە هۆی تەنگەژەیی دارایی یانەكە لە وەرزی 2014-2015 و 2015-2016 كشانەوەی خۆی لە خولی كوردستان ڕاگەیاند، بەو هۆیەشەوە بۆ خولی پلە دووەكانی كوردستان دابەزی.



وشە - رامیار جەواد