خه‌ڵكی ئامێدی چه‌گل و قومی خۆیان ناوێ و هی ڕانییه‌ به‌كارده‌هێنن

:: AM:10:12:16/12/2017 ‌

تەنگژەی دارایی و دواكەوتنی مووچە و ڕاگرتنی پرۆژەكانی حكوومەت، نرخی كەلوپەلی دروستكردنی خانوو و باڵەخانەی لە تەواوی ناوچەكانی كوردستان كەم كردووەتەوە، بەڵام لە ئامێدی نرخەكەی زۆر دانەكشاوە، بۆیە خەڵكی ئامێدی چەگل و قومی ڕانیە دەكڕن و لە دروستكردنی خانوو بەكاری دەهێنن، چونكە نرخەكەی لە هی لای خۆیان زۆر هەرزانترە.

سەمیع سدیق هاووڵاتییەكی سنووری شارۆكەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سێ ساڵە بە هۆی تەنگژەی دارایی و دواكەوتنی مووچە نەمتوانیوە پەیكەری خانووەكەم بەرز بكەمەوە و تەواوی بكەم، چاوەڕوانم دۆخی كوردستان باش بێتەوە، تا كار و كاسبی و پارە زۆر بێتەوە و بتوانم خانووەكەم تەواو بكەم.

زیاتر گوتی، هەرچەندە تەنگژەی دارایی هەیە و نرخی هەموو كەلوپەلێكی بە تەواوی كەم كردووەتەوە، بەڵام كەرەستەی بیناسازی بە تایبەتی چەگل و قوم لە سنووری شارۆكەی ئامێدی تا ئێستەیش وەك خۆیەتی و هیچ دابەزینێكی بەخۆیەوە نەدیوە، بۆیە ئەگەر چەگل و قوم لە ڕانیەوە بهێنیتە ئامێدی، هێشتا هەرزانترە لە چاو نرخی چەگل و قوم لە ئامێدی، چونكە نرخەكەی دووجار لە نرخی چەگل و قومی ئامێدی هەرزانترە.

بێوار محەمەد هاووڵاتییەكی تری شارۆكەی ئامێدی گوتی، دروستكردنی خانوو لەم كاتە زۆر ئەستەمە، چونكە ڕوون نییە دۆخی هەرێمی كوردستان كەی جێگیر دەبێ، ئێستە مووچە دوا دەكەوێ و كاریش نییە و ڕۆژ دوای ڕۆژ دۆخی خەڵكی خراپتر دەبێ، بۆیە پێویستە حكوومەت هەنگاوی ڕژد بهاوێ بۆ باشتركردنی دۆخی ژیان و بژێوی خەڵك.

شوكری حاجی خاوەنی غەسالەی دەرهێنانی چەگل و قوم لە شارەدێی دێرەلووكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی بۆ "وشە" گوتی، تەنگژەی دارایی كاریگەری زۆری لەسەر كارەكانی ئێمەیش كردووە و خواست لەسەر چەگل و قوم بە ڕێژەی 95% كەمی كردووە. لەبارەی جیاوازی نرخی چەگل و قومی ئامێدی لەگەڵ ناوچەكانی تری كوردستان ئاماژەی دا، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئامێدی ناوچەیەكی شاخاوییە دەرهێنان و گواستنەوەی چەگل و قوم گرانترە بە بەراورد لەگەل ناوچەكانی تر، جیا لەوەیش كوالێتی چەگل و قومی ئامێدی زۆر باشترە بە بەراورد لەگەڵ شوێنەكانی تر، سەرەڕای ئەمانەیش نرخمان هەرزان كردووە، پێشتر گەڵابەیەكی چەگل بە 220 هەزار دینار دەفرۆشرا، ئێستە بووەتە 150 هەزار دینار، گەلابەیەكی قوم بە 245 هەزار بوو ئێستە بووەتە 160 هەزار دینار، واتە نرخەكان لە ئامێدیش بۆ نیوە دابەزیون.

ئاماژەی دا، تەنگژەی دارایی كاریگەری یەكجار زۆری لەسەر غەسالەكانی دەرهێنانی چەگل و قوم هەبووە و زۆربەی كرێكارەكان لە كارەكانیان دەركراون، ئەگەر حكوومەت دۆخەكە نەبووژێنێتەوە و دەست بە ئاوەدانی نەكرێتەوە، ئەوا جارێكی تر ژیان و كاركردنی ئەوانیش جووڵەی تێ دەكەوێتەوە، بە پێچەوانەوە دۆخەكە ڕۆژ دوای ڕۆژ خراپتر دەبێ.

لە سنووری شارۆكەی ئامێدی نزیكەی 20 غەسالەی دەرهێنانی چەگل و قوم لەسەر ڕووباری زێی گەورە بوونیان هەیە و زۆرینەیان دەكەونە سنووری شارەدێی دێرەلووك و شیلادزێ.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د