عاره‌ب عوسمان یه‌كێك له‌و هێمایانه‌ى ناو هونه‌رى گۆرانى و حه‌یرانى كوردى كه خاوه‌ن پێگه‌یه‌كى ده‌وڵه‌مه‌نده له كولتوور و كه‌له‌پوورى كوردیدا. به‌و پێیه‌ی هه‌ر له كۆنه‌وه خه‌ریكی خزمه‌ت به فۆلكلۆری كوردییه. عاره‌ب به توندی ره‌خنه له گۆرانبێژانی نه‌وه‌ی نوێ ده‌گرێت و رای ده‌گه‌یه‌نێت كه ئێسته گۆرانى و هونه‌ر بۆن و به‌رامه‌ی نه‌ماوه. "وشه" له‌م دیمانه‌یه‌دا ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه.
چۆن بوو پێت له دنیای هونه‌ر و گۆرانی نا؟
ئه‌وه چیرۆكێكى دوور و درێژه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم كه باوباپیران و دایك و دایه‌گه‌وره‌كانم هه‌موویان حه‌یرانبێژ بوونه و حه‌یرانیان له‌سه‌ر كوشتار، بریندار، شین و گریان و ڕاونان ده‌گوت، منیش له‌وانه‌وه فێر بوومه.
چ ساڵێك ده‌ستت به كاری هونه‌ری كرد؟
هه‌ر له منداڵییه‌وه حه‌یران و گۆرانیم ده‌گوت و ده‌نگ‌خۆش بووم، مامۆستاكانی قوتابخانه منیان بۆ ئه‌ندامی گرووپی سروودی زۆربه‌ی قوتابخانه‌كان هه‌ڵده‌بژارد، به‌ڵام یه‌كه‌م گۆرانیم كه له تۆمارگه‌ی رادیۆی به‌غدا به‌رهه‌مم هێنا، گۆرانی "بلوێری شوان" بوو له ساڵی 1976 بڵاو بووه‌وه و ئاوازی ئازه‌ری بوو.
كۆی گشتیی به‌رهه‌مه‌كانت چه‌ندن؟
ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی به كاسێت تۆمار بوون له یادم نین، به‌ڵام سێ ئه‌لبوومم به سی دی هه‌یه كه یه‌كه‌میان له ڕێی دكتۆر كه‌نداڵ و بارزان یاسین له "موزیك پاریس" تۆمار كراون، سی دی دووه‌م هێرۆ برایم ئه‌حمه‌د له تاران بۆی تۆمار كردم، سی دیی سێیه‌م گۆرانییه‌كانمان تۆمار كردووه، به‌ڵام تا ئێسته بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه.
به‌رهه‌می هونه‌ری نوێ چیت له به‌رنامه‌دایه؟
ئێسته هیچ شتێكم به ده‌سته‌وه نییه، به ڕاستی له‌و بارودۆخه‌ی دنیای هونه‌ری گرتووه‌ته‌وه وه‌ڕه‌ز بووم، زۆر عاجز بووم، ئه‌و جۆره‌ی هونه‌ر جاران تامی هه‌بوو، ئێسته گۆرانى و هونه‌ر ئه‌و بۆن و به‌رامه‌ی نه‌ماوه. ڕكابه‌ری نییه، وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری خۆی لێ بێخاوه‌ن كردووه، هه‌ر كه‌س ڕاست ده‌بێته‌وه به‌رهه‌مێك بڵاو ده‌كاته‌وه و ئه‌گه‌ر چاو له ناوه‌ڕۆكی گۆرانییه‌كان بكه‌ی، هه‌مووی كرچوكاڵ بێ سه‌روبه‌رن. چاو له به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌كه‌ی هاتووه كلیپی له‌گه‌ڵ كچێكدا كردووه هه‌مه‌جۆر ئه‌تواری پێ ده‌ردێنێ و ده‌یكات به به‌رهه‌م، له كاتێكدا له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی ڕه‌سه‌نی كورده‌واریدا ئه‌مه ده‌ست نادات.
ئه‌و كه‌سانه‌ی كه چاو له‌و به‌رهه‌مانه ده‌كه‌ن، زۆرتر عه‌قڵیان له چاویاندایه تا له مێشكیان، چونكه گۆرانییه‌كه نه شیعری هه‌یه، نه ڕسته‌ی هه‌یه، ئیتر ئه‌وه‌نده‌یه گۆرانیبێژه‌كه كه‌مێك ئه‌دا به ده‌نگی ده‌ردێنێ یا به ئامێر ده‌نگی نزم ده‌كاته‌وه كه بڵێ ها ئه‌وه داهێنانم كردووه، له حاڵێكدا ئه‌وه نه هونه‌ره و نه فڕی به داهێنانه‌وه هه‌یه، به‌ڵكو خۆڕانانێكی پڕوپووچه.
چ هونه‌رمه‌ندێك كاریگه‌ر بوون بۆ تۆ؟
ڕه‌سووڵ گه‌ردی، عه‌لی مه‌ردان، محه‌مه‌د عارف جه‌زراوی، كاوێس ئاغا.
له‌گه‌ڵ چ هونه‌رمه‌ندانێك گۆرانیت گوتووه؟
له گه‌ڵ نه‌جمه‌دین ئاواره، تاهیر تۆفیق، ڕه‌سووڵ گه‌ردی، فوئاد ئه‌حمه‌د، ته‌حسین ته‌ها، جه‌لال سه‌عید و نووری گه‌رمیانی گۆرانیم گوتووه. من زۆرتر گۆرانیی فۆلكلۆرم گوتووه‌ته‌وه و هه‌روه‌ها كه‌سانی وه‌ك نه‌جمه‌دین بابه‌كر ئاوازیان بۆ داناوم. هه‌روه‌ها من هه‌وه‌ڵین كه‌س بووم شیعره‌كانی "عه‌بدوڕه‌حمان بێلاف"م به گۆرانی گوتووه‌ته‌وه.
پێت وایه له هونه‌ردا بۆشایییه‌كت پڕ كردووه‌ته‌وه؟
من زۆرتر لاوك و حه‌یرانم گوتووه‌ته‌وه، پێم خۆشه ئه‌وه‌ش بزانی دوای كۆچی هونه‌رمه‌ند ڕه‌سووڵ گه‌ردی، هونه‌رمه‌ندانی تیپی موزیكی هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كرد و له‌وێ پێیان گوتم بێجگه له تۆ، كه‌س ناتوانێ كه‌لێنی ڕه‌سووڵ گه‌ردی پڕ بكاته‌وه، هه‌رچه‌ند حه‌یرانبێژ زۆرن، به‌ڵام هیچیان ناتوانن وه‌ك تۆ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئامێره‌كانی موزیك خۆیان ڕێك بخه‌ن و بیڵێنه‌وه، چۆنكه ناشاره‌زان و زوو له چوارچێوه ده‌رده‌چن. بۆیه له جیاتی ئه‌و، له فێستیڤاڵه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات من به‌شداریم كردووه.
سه‌ره‌تا حه‌یران له كوێ سه‌ری هه‌ڵداوه؟
حه‌یران په‌خشانه شیعره كه به ئاوازی سه‌با، به‌یات، حیجاز له‌سه‌ر كوشتن، مردن و شیوه‌ن گوتراوه و له بنه‌ڕه‌تدا تایبه‌ته به ده‌شتی هه‌ولێر و هه‌زاران ساڵه له ده‌شتی قه‌راج و كه‌ندێناوه و سنێ و ملكێ سه‌ری هه‌ڵداوه، له‌وێوه بۆ لای باڵه‌كایه‌تی په‌ڕیوه‌ته‌وه و دواتر به‌ره‌و موكریان و كوردستانی باكور كه له‌وێ "حه‌یرانۆك"ی پێ ده‌گوترێ. له ڕۆژهه‌ڵات هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك عه‌لی كه‌ردار، ڕه‌سووڵ نادری و سه‌ڵاح خزری حه‌یرانیان گوتووه.
وشه/ رێبوار و زانكۆ