بە بیانووی بەشداری لە ڕیفراندۆم، بەغدا بەردەوامە لە هەڵمەتی دەركردن و دوورخستنەوەی بەرپرس و كارمەندانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، چاوێرانیش پرسیاری ئەوە دەكەن، ئەگەر بەغدا لەسەر بەشداری لە ڕیفراندۆم مووچەی كارمەندی ناوچە كوردستانییەكان ببڕێ، چۆن مووچەی كارمەندانی هەرێمی كوردستان دابین دەكات، كە سەرجەمیان بەشداری ڕیفراندۆمیان كردووە؟
ژمارەیەك فەرمانبەری كورد لە دادگای خانەقین بە "وشە"یان ڕاگەیاند، لەلایەن دادگای دیالەوە ئاگەدار كراونەتەوە، دەبێ مووچەی ئەو كارمەندە كوردانەی بەشداری ڕیفراندۆمیان كردووە، لەسەر حكوومەتی ناوەند نەمێنێ و بخرێتە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیالە ئەو كارمەندانە وەك تاوانبار تەماشا دەكرێن و ناوی "ئینفیسالی"مان لێ نراوە.
سەمیر محەمەد نوور سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی خانەقین بۆ "وشە" گوتی، دادگای خانەقین پێشتر بەسترایەوە بە دادگای گەرمیان، بەڵام ئێستە گواستراوەتەوە بۆ سەر دادگای دیالە و پێشتر بڕیاربوو كارمەندەكانیشی لەلایەن بەغداوە مووچەیان پێ بدرێ، بەڵام ئێستە دەیانەوێ دادگاكە سەر بە دیالە بێ و كارمەندەكانیشی مووچە لە هەرێمی كوردستان وەربگرن.
دەركردن و دوورخستنەوەی كارمەندان و بەرپرسانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان دوای ناپاكییەكەی 16ی ئۆكتۆبەر بە چڕی لەلایەن بەغداوە دەستی پێ كردووە و بە بیانووی بەشداری لە ڕیفراندۆم كورد لە پۆستەكانیان دوور دەخرێنەوە و مووچەیان دەبڕێ و زۆرێكیان خانەنیشینیش ناكرێن، پرسیاری ئەوەیش لای مووچەخۆران دروست بووە، ئەگەر بەغدا لەسەر ڕیفراندۆم مووچەی كارمەندانی كوردی ناوچە كوردستانییەكان ببڕێ و بیانخاتەوە سەر هەرێم، چۆن مووچەی كارمەندانی هەرێمی كوردستان دەدا، كە بەردەوام سەرۆك وەزیران باسی لێوە دەكات، ئەمە مووچەخۆرانی گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی ئەوەی بەغدا لە دابینكردنی مووچەی هەرێمی كوردستان دەیڵێ، تەنیا هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتی و دروستكردنی گرژی و ناكۆكییە لە نێوان خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
یاسین حەسەن چاودێری سیاسی لەوبارەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەغدا شەڕ لەگەڵ خەڵكی كوردستان دەكات نەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە بەغدا دەڵێ دەبێ ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنرێتەوە، خەڵك دەنگی داوە تازە چۆن هەڵدەوەشێنرێتەوە، هەر دامەزراوەیەكی شەرعی كوردستانیش بڕیارەكە هەڵوەشێنرێتەوە، نایاسایییە و گەورەتر و باڵاتر نییە لە دەنگی خەڵك كە سەرچاوەی دامەزراوە شەرعییەكانن لە سیستەمێكی دیموكراسی وەكو كوردستان، بۆیە بە گوتنی دابینكردنی مووچەی كارمەندانی كوردستان و هەنگاونەنانی بەشێوەی كرداری بەغدا دەیەوێ خەڵك و حكوومەتی كوردستان بەگژ یەكدا ببات، دەنا ئەگەر بە حەقیقی مەبەستیەتی مووچەی كارمەندانی كوردستان بدات، با جارێ مووچەی كارمەندە كوردەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان نەبڕێ، ئەوكات بێ و باس لە پێدانی مووچەی كارمەندانی هەرێمی كوردستان بكات.
جێی باسە لە 2014ەوە بە بڕیارێكی كەسی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق، بودجە و مووچەی كارمەندانی هەرێمی كوردستان وەستێنرا و هەرچەندە لە 2015ە و دوای هاتنە سەر حوكمی حكوومەتی نوێی عێراق، لە نێوان بەغدا و هەولێر ڕێككەوتن كرا بۆ ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی كوردستان و 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك لە ڕێی بۆڕیی نەوتی كوردستانەوە بەشێوەی ڕۆژانە، لە بەرانبەریش بەغدا مانگانە 17% بودجە بۆ كوردستان دەنێرێ، بەڵام بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەكە وەك پێویست دوای نزیكەی پێنج مانگ ڕێككەوتنەكە هەڵوەشایەوە و كوردستان ڕاستەوخۆ دەستی بە فرۆشتنی نەوتی خۆی كرد.
لە 16ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر گرووپێكی ناو حزبێكی سیاسی كوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی كەسی و بازرگانیكردن بە نەوتی كەركووك و وەرگرتنی پۆست و پلەكانی ئەو پارێزگایە بۆ خۆیان، بەسەرپەرشتی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران "قاسم سولەیمانی" ڕێككەوتنی لەگەڵ بەغدا كرد و سەنگەرەكان بۆ میلیشیاكان و پاسداری ئێرانی چۆڵ كران و كەركووك و خورماتوو تا خانەقین ڕادەستی حەشدی شەعبی و پاسداری ئێرانی كران، ئەمەیش بە ناپاكییە مەزنەكەی 16ی ئۆكتۆبەر هەژمار دەكرێ، دواتریش بەغدا لە بەرانبەر ناپاكیكردنەكە تەنیا سوپاسی گرووپە ناپاكەكەی كرد و هیچ یەكێك لەو بەڵێنانەی بۆ جێبەجێ نەكردن كە پێی دابوون.
گەرمیان/سەبری هۆرینی.