كاسبكارانی مەرزی پەروێزخان دژی ئێران و عێراق خۆپێشاندان دەكەن

:: PM:02:17:16/12/2017 ‌
 
پاش دوو مانگ لە داخستی مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخان لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران سەدان شوفێر دەستیان بەخۆپیشاندان كرد و داوا لە وڵاتانی عێراق و ئێران دەكەن واز لە برسیكردنی كاسبكارانی كوردستان بهێنن. بەرپرسێكی مەرزەكەش دەڵێت ئێران لاری نییە لە كردنەوەی دەروازەكە و عێراق رێی كردنەوەی نادات.

مووسا سەمین یەكێك لە نوێنەرانی شوفێرە خۆپیشاندەرەكان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ شەموو شوفێرانی مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخان خۆپیشاندانێكی بەرفراوانیان ئەنجام دا و داوایان لە حكوومەتەكانی ئێران و عێراق كرد واز لە سیاسەتی برسیكردنی خەڵك بهێنن و دەرگەی ئەو مەرزە بەڕووی هاووڵاتییان و بازرگانان بكەنەوە.
 
بە گوتەی ئەو شوفێرە، زیاتر لە سێ هەزار شوفێر لەم مەرزە كاریان دەكرد و هیچ سەرچاوەیەكی تری داهاتیان نەبوو،لەو كاتەوە مەرزەكە داخراوە سەرچاوەی بژیوی ئەو شوفێرانەش وشك بووە.

زمناكۆ ستار یەكێكی تر لە نوێنەرانی شوفێران بۆ "وشە" ئاماژەی دا، بەر لە مانگێك چوونە بەردەم ئیدارەی گەرمیان و ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو، سەرپەرشتیاری ئیدارەكەش بەڵێنی دابوو هەموو هەوڵێكیان دەخەنە گەڕ بۆ كردنەوەی دەروازەكە، بەڵام مانگێك تێپەڕیوە و هیچ شتێك لە گۆڕێ نییە.
 
 ئارام حەسەن سایەخان بەرپرسی راگەیاندنی مەرزی پەروێزخان بە"وشە"ی گوت، ئێرانییەكان دەڵێن لاریان نییە لە كردنەوەی مەرزی پەروێزخان، بەڵام ئەو مەرزە بە بڕیاری حكوومەتی عێراقی راگیراوە.
 
ئەو گوتی، سێ هەزار شوفێر، ١٠٠ كۆڵبەر و زیاتر لە ٩٥٠ بازرگان بێكار بوون.

 مەرزەكە نێودەوڵەتییە و بە ددانپێدانانی بەرپرسانی ئێران بەراورد بە مەرزەكانی تر لەو مەرزەوە قازانجی زیاتری دەست دەكەوێت، چونكە لەیەك كاتدا كاڵا و كەلوپەل بۆ هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دێتە ناردن.
 
لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵەوە هەردوو مەرزی پەروێزخان و حاجی ئۆمەران داخراون و دیار نییە كەی دەكرێنەوە.
 
گەرمیان / سەبری هۆرینی



وشە - سلێمان تاشان