دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەكری خاوەنی زۆرترین دەنگی كاندیدانی هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئێستە باڵێكی ناو گۆڕان و یەكێتی پیلان دادەڕێژن تا دۆخی پارێزگاكە بشێوێنن و ڕەخنە و ناڕەزایەتییەكان ڕووبەڕووی هەڤاڵ ئەبوبەكر بكەنەوە، پاش ئەوەی ناوبراو دووپاتی لەوە كردەوە كە دەست بە گۆڕانكاری گەورە لە شارەكە دەكات.
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستان زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا، بەڵام یەكێتی كە هێزی چەكداری و تەناهی شارەكەی لە بەردەست بوو، ڕێی نەدا ئەو كەسەی خەڵكی سلێمانی زۆرینەی متمانەیان پێ دا ببێتە پارێزگاری سلێمانی، بەڵام لە ماوەی ڕابردوو دۆخەكە یەكلا بووەوە و لە كۆتادا هەڤاڵ ئەبوبەكر پۆستەكەی وەرگرت.
لەگەڵ دەستبەكاربوونی لە پۆستی پارێزگای سلێمانی، هەوڵی باڵێكی ناو گۆڕان و ناو یەكێتی بە چڕی دەستی پێ كردووە، بۆ ئەنجامدانی ناڕەزایی و خۆپێشاندان و توندوتیژی و پشێوی لە سلێمانی و شار و شارۆكەكانی سەر بەو پارێزگایە.
سەرچاوەیەك لە پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بە تایبەت باڵێكی ناو یەكێتی بە ڕژدی كار بۆ ئەوە دەكەن كە لەو كاتەی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگارە، گرفتی گەورەی بۆ دروست بكەن و پشێوی گەورە بنێنەوە، بۆ ئەوەی بە خەڵكی سلێمانی بڵێن، جارێكی تر كەسێكی تر هەڵنەبژێرنەوە و زۆرترین دەنگی پێ مەدەن كە ئێمە ڕەزامەندیمان لەسەری نەبێت.
ئەو سەرچاوەیە نەیویست ناوی ئاشكرا بكات، بەشێكی ناو گۆڕانیش لەگەڵ ئەو ڕەوتەن و بەرژەوەندییان لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی تێكەڵ بووە و نایانەوێ كەسێك لە پۆستی پارێزگار بێ باس لە چاكسازی و نوێسازی و جێبەجێكردنی یاسا بكات، بەڵام ئەم كارەیان مەترسی لەسەر دەنگەكانی گۆڕان دروست دەكات لە سلێمانی، لەبەرئەوە ئەو دوو باڵە بە هەموو توانایان كار بۆ لاوازكردنی پێگەی هەڤاڵ ئەبوبەكر لەناو خەڵكی سلێمانی دەكەن و دەیانەوێ شەرمەزاری بەردەم خەڵكی شارەكەی بكەن.