فەرماندەیەكی عێراق بۆ خیانەتكارانی 16ـی ئۆكتۆبەر:
"ئەوان خاك و ئاوی خۆیان فرۆشت و دۆڕاندیان"

:: PM:04:11:16/12/2017 ‌

فەرماندەی هێزی ئاڵتوونی عێراق، وەڵامی وەستا رەسووڵ دەداتەوە و دەڵێت، لە رۆژی 16 ئۆكتۆبەر كە هێرش كرایە سەر شاری كەركووك و ناوچە دابراێنراوەكان، من لە پشوودا بووم و لە كەركووك نەبووم، ئەوەشی بەڵگەی لایە با بیداتە دادگا.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی كانوونی یەكەم، لیوا فازڵ بەرواری فەرماندەی هێزی ئاڵتوونی عێراق بە میدیاكانی ڕاگەیاندووە، ئەوانەی ناوی من دەهێنن كە سەرپەرشتی هێرشەكردنە سەر شاری كەركووكم كردووە، دەیانەوێت دەستی چەوری خۆیان بە من بسڕنەوە.

ئەو فەرماندەیەی سوپای ئاڵتوونی عێراق دەڵێت، ئەوانەی باسی بەڵگە دەكەن، من لەوبارەیەوە هیچ ناڵێم، مادام بەڵگەیان لەلایە با بیدەن بە دادگا، هەروەها ئەوان خاك و ئاوی خۆیان فرۆشت و دۆڕاندیان، ئێستەش خەریكی بەخشینەوەی تۆمەتن بەم و بەو.

فازڵ ئاشكرای دەكات لە رۆژی 16 ئۆكتۆبەر كە هێرش كرایە سەر شاری كەركووك و ناوچە دابراێنراوەكان من لە پشوودا بووم و لە كەركووك نەبووم و بەشداریشم لەو هێرشەدا نەكردووە.

ئەم گوتانەی فازڵ بەرواری لە كاتێكدایە كە وەستا رەسووڵ فەرماندەی میحوەری چواری باشوری كەركووك لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا دەڵێت، خوێنی شەهیدەكانی پێشمەرگە لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە ئەستۆی لیوا فازڵ بەروارییە كە فەرماندەی فیرقەی ئاڵتوونی عێراقە.

ئەوەی جێی بیر هێنانەوەیە بە سێ‌ ڕۆژ  پێش خیانەتە مێژوویییەكەی ئەو فەرماندانەی ئەو سنوورە كە لەگەڵ میلیشیاكانی حەشد كردبوویان، چەند كیلۆمەترێك كشانەوە دواتر بە میدیاكانیان ڕاگەیاند ئێستە ئەو هێڵەی لێی جێگیر بووینە هێزەكانی عێراق ناتوانن شاری كەركووك بگرن.

ڕۆژی 16ـی ئۆكتۆبەر چەند سەركردەیەكی یەكێتی هەڵسان بە فرۆشتنی شاری كەركووك بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی.



وشە - رامیار جەواد