مەترسی روودانی بوومەلەرزە لە تاران هەیە

:: PM:04:31:16/12/2017 ‌

 

لە داهاتوودا مەترسی روودانی بوومەلەرزە لە تاران هەیە و ئەگەر بوومەلەرزەیەکی هاوشێوەی کرماشان لەو شارە رووبدات لەوانەیە ببێت بە گەورەترین کارەساتی سەدە. تاران شارێکی گەورەیە بە رووبەری سەرووی ٧٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە کە دانیشتوانەکەی لە رۆژدا دەگاتە سەرووی ١٣ ملیۆن کەس.

 

تاران شارێکی زۆر گەورەیە و گەورەترین ترسی خەڵکی ئەو شارە ئەوەیە  ئەو بوومەلەرزانەی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران روودەدەن ئەگەر رۆژێک لە تاران رووبدات چ کارەساتێکی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەگەر لە شارێکی بچووکی وەک سەرپێڵ زەهاوی کرماشان سەرووی ٥٠٠ کەس بە هۆی بوومەلەرزە گیان بسپێرن لە شارێکی وەک تاران ئەو ژمارەیە لەوانەی بگاتە سەدان هەزار کەس.

 

بە گویرەی "مێهر نیوز" زانایانی جیۆلۆجی ئێران سوورن لەسەر ئەوەی لە داهاتوودا رۆژێک بوومەلەرزە لە تارانیش روودەدات بەڵام کەی و بە چ گورێک، هیچ کەس نازانێت. گریمانەکە تەنیا ئەوەیە ئەگەر لە چەند ١٠٠ کیلۆمەتری دووری تاران بوومەلەرزەی گەورە روویدابێت و بە هەزاران کەسی کوشتبێت ئەوا ئەو ئەگەرە هەیە لە تارانیش بوومەلەرزەی هاوشێوە رووبدات.

 

ئێران لەسەر هێڵی بوومەلەرزە هەڵکەوتووە و بەشیکی بەرچاو لە پارێزگاکانی ئێران بوومەلەرزەی بەهێز تێیاندا رووی داوە. بوومەلەرزە هەبووە شارێکی وێران کردووە و هەشبووە بە دەیان هەزار کەسی کوشتووە. هەر پێنج ساڵ جارێک بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر لە ئێران روودەدات و دوایین بوومەلەرزەش کە لەم وڵاتە روویدابێت بوومەلەرزەکەی ئەمدواییەی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە کە بە هۆیەوە بە دەیان هەزار خانوو وێران بوون و بەسەدان کەسیش گیانیان لەدەست دا.

 

زۆرێک لە باڵەخانە و فەرمانگە و ژێرخانی ئاوەدانکردنەوەی تاران کۆنن و توانای بەرگریان لە بەرامبەر بوومەلەرزە زۆر لاوازە. جگەلەمە زانایانی جیۆلۆجی پێیان وایە تاران لەسەر زەویەک بنیات نراوە کە لە رووی خۆڕاگری بەرامبەر بە بوومەلەرزە لەرزۆکە و لەوانەی ژیان لەشارەکە بە تەواوی بوەستێت و بۆ چەندین ساڵ دۆخەکەی ئاسایی نەبێتەوە.

 

حەمزە شەکیب مامۆستای زانکۆ و سەرۆکی دەستەی ئاوەدانکردنەوەی تاران پێی وایە ئەوەی لە کرماشان رووی دا پێشبینی دەکرێت لە تارانیش روو بدات. ئەو دەڵێت بوومەلەرزە بە هیچ کەسێک کۆنترۆڵ ناکرێت و تاکە رێگە ئەوەیە بیناکان و باڵەخانەکان بە جۆرێک دروست بکرێن توانای بەرگری بوومەلەرەزەی بە گوڕی سەرووی حەوت ریختەریان هەبێت. بە بۆچوونی ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئەگەر لە تاران هەمان بوومەلەرزە رووبدات ئەوا کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دروست دەبێت و دەبێت بە گەورەترین کارەساتی سەدە.

 

بەرپرسەکە پێی وایە زانستی گونجاو بۆ ئەوە هەیە رێوشوێنی گونجاو بەرامبەر بە بوومەلەرزە بگیرێتە بەر بەڵام لە رووی کارگێڕییەوە ئێران کیشەی هەیە و ناتوانێت بە شێوەیەکی رێکوپێک کار بۆ ئەوە بکات ژێرخانی ئابوورییەکەی بە شێوەیەک بنیات بنێت کە بەرامبەر بە بوومەلەرزە خۆڕاگری هەبێت.

 

باڵەخانەکانی تاران بەرزن و ئەگەر لە بەشێکی باڵەخانە نوێیەکان رەچاوی ئەوە کرابێت بە شێوەیەک دروست بکرێن کە بەرانبەر بوومەلەرزە خۆڕاگر بن ئەوا زۆربەی بالەخانەکانی شار هیی سەردەمێکن بە هیزێکی کەمی بوومەلەرزە لەوانەیە داڕمێن.

 

لە لایەکی ترەوە مەهدی زارع پسپۆڕی بواری بوومەلەرزە نموونەی داڕمانی باڵەخانەیەکی ئێران دەهێنێتەوە کە ساڵی رابردوو لە تاران بە هۆی ئاگرکەوتنەوە رووخا و بە باڵەخانەی پلاسکۆ ناسراو  بوو. ئەو دەڵێت حکوومەت دوای رووداوەکە نەیتوانی ئەمە کۆنترۆڵ بکات و لە زیانەکانی کەم بکاتەوە  و بیر لەوە بکەنەوە کاتێک بوومەلەرزە رووبدات و بە هەزاران باڵەخانە برووخێن حکوومەت چ شتێکی لەدەست دێت بۆ یارمەتیدانی خەڵک ئەنجامی بدات.

لە شارێکی بچووکی وەک سەرپێڵ زەهاو حکوومەت نەیتوانی هیچ شتێک بکات و تووشی دەستەوەستان بوو بەرامبەر رووداوەکە و ئەگەر ئەمە لە تاران رووبدات دەبێت حکوومەت چۆن بە نەخۆش و بریندار و لێقەوماوان رابگات.

 

قوتابخانەکانی تاران کۆنن و هەر ماوەی رابردوو سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانی تاران گوتی ٧٠٠ قوتابخانەی کۆن لە پایتەخت هەن کە بە رەشەبایەکی بەهیز دەڕووخێن و پێویستە نۆژەن بکرێنەوە یان دووبارە بنیات بنرێنەوە. بەگشتی تاران خاوەنی چوار هەزار قوتابخانەیە کە هەزار لەوانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە و ٧٠٠ قوتابخانەش دەبێت بە جۆرێک نۆژەن بکرێنەوە کە بەرامبەر بە بوومەلەرزە بەرگریان بەهێز بێت.

 

لە تاران سەرووی ١٥ ملیۆن کەس دەژین و کاتێک بوومەلەرزە روو بدات دەبێت ئەو خەڵکە لە کام کەمپدا جێگەیان بکرێتەوە. بەرپرسانی ئەو شارە دەڵێن کە تاران خاوەنی ١٠ پارکی گەورەیە کە دەتوانن پێشوازی لە ٦٠٠ هەزار کەس بکەن.




وشە - سلێمان تاشان