گۆڕان یاریی به‌ مامۆستایانی ناڕازی ده‌كات
بۆ مه‌به‌ستی سیاسی هانیان ده‌دا به‌رده‌وام بن

:: PM:03:44:15/11/2016 ‌

بەشی بەرچاوی مامۆستایانی گەرمیان، لەوە تێگەیشتوون كە كۆمەڵێک لایەنی سیاسی كار بۆ بەردەوامیدان بەبایکۆت و خۆپیشاندانی مامۆستایان دەكەن بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان.

عەزیز محەمەد، یەكێك لە مامۆستایانی گەرمیان بەهۆكاری ئەوەی داوای كردووە لەبەر بەرژەوەندی قوتابیان دەست بەدەوام بكرێتەوە ،چەندین جار هەڕەشەی لێكراوە.

ئەو بۆ "وشە" ، گوتی، پاش كۆبوونەوەیەكی حزبی، هەندێك لەنوێنەرانی مامۆستایانی خۆپیشاندەر دەستیان لە رێکخستنی خۆپێشاندانەکاندا هەیە.

مامۆستا ئازاد رەحیم، بۆ "وشە" بڕوای خۆی پیشاندا لەوەی لەناوچە جیاجیاكاندا دەكرێ بۆ درێژەدان بە بایكۆت، هەندێک حزب لەوانەش گۆڕان هەوڵی درێژەدانی بایکۆت بدەن.

ئەو نموونەی ئەوەی هێنایەوە کە لە خۆپیشاندانەكانی كەلار و سلێمانی لەیەك كاتدا باسی بابەتی سكاڵا تۆماركردن  لەسەر حكوومەت، دەکرێ کە دەیسەلمێنێ ئامانجەكانی هەردوو خۆپێشاندان سیاسیە.

 هیدایەت حەسەن شروڤەكار و چاودێر لە گەرمیان، بۆ "وشە" گوتی لە پاش پەیامی وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستكردنەوە بە دەوام گوڕ و تینێك دەستی پێكرد بۆ شكاندنی بایكۆت، بەڵام پاشتر بزووتنەوەی گۆڕان لەرێگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقەوە، كاری كرد بۆ ئەوەی داهات بگەڕێتەوە بۆ حكوومەتی ناوەندی و پارێزگاكانی هەرێم وەك پارێزگاكانی ناوەڕاستی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێ، هاندانی ئاشكرا بۆ خۆپیشاندان و بایكۆت بە میدیای گۆڕانەوە دەبینرێ.

رۆژی پێشتریش ، غالب محەمەد، بۆ "وشە" پێداگری لەوە كرد، بەر لە ئارامی شێخ محەمەد ئەوان وەك فراكسیۆنی گۆڕان، لەگەڵ ئەوەدابوونە داهانی پارێزگاكان رادەستی حكوومەتی ناوەند بكرێ.

"وشە" ئەوەشی زانیوە لەسەرەتای ئەم مانگەوە بەرپرسانی پەروەردە لە ناوچە جیاجیاكانی گەرمیان ئاوێتەی خۆپیشاندانەكان نەبوونە.

گەرمیان – سەبری هۆرینی




وشە - سلێمان تاشان