وەزارەتی پێشمەرگە: ئەو لیوایانەی لە كەركووك كشابوونەوە ئەركیان پێ دەدرێتەوە

:: PM:07:25:16/12/2017 ‌

وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، كە هەفتەی داهاتوو جارێكی تر ئەو لیوایانەی لە سنووری كەركووك پاشەكشەیان كردبوو، ئەركیان پێ دەسپێرێت و ئەگەری ئەوەیش هەیە گۆڕانكاری لە فەرماندەكانیان بكرێت.

عەمید هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو لیوایانەی لە سنووری كەركووك كشابوونەوە و ژمارەیان هەشت لیوایە، جارێكی تر رێك دەخرێنەوە و ئەركیان پێ دەسپێردرێتەوە، چونكە پێشتر لە كەركووك بوونە و ئێستەیش ئەو شوێنانە لەدەست هێزی پێشمەرگە نەماون.

سەبارەت بەوەی لە چ میحوەرێك ئەرك بەو لیوایانە دەدرێت؟، حیكمەت رای گەیاند، ئەو لیوایانە لە میحوەرەكانی گوێڕ و پردێ ئەركیان پێ دەسپێردرێت و دەست بە دەوامی خۆیان دەكەنەوە.

زیاتر گوتی، ئێستە فەرماندەی ئەو لیوایانە وەك خۆیان ماون و رەنگە دەستكاری بكرێت و هەندێك گۆڕانكاریان تێدا بكرێت.

لەبارەی هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری بادینان، بەڕێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای كرد، ئەوانەی میحوەری بادینان هیچ كێشەیەكیان نەبوو و دابڕانی لێ دروست نەبووە، تەنیا فەرماندەیی شنگال و هێزەكەی حەیدەر شەشۆ نەبێت كە پابەندی بڕیارەكانی وەزارەتی پێشمەرگە نەبوونە و خۆیان بڕیاریان داوە كە سەر بە ئێمە نەبن، بۆیە هیچ پێوەندیان بە ئێمەوە نەماوە و مووچەیش لە ئێمە وەرناگرن.

لیوا سالار جەباری، جێگری سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە لەو بارەوە بە"وشە"ی راگەیاند، ئەو هێزانە ماون، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی دروست بوو، جارێكی تر رێك دەخرێنەوە و بۆ ئەو مەبەستەیش لیژنە بۆ پێكهێنراوە و ئەركیان پێ دەدرێتەوە.

باسی لەوەیش كرد كە لیژنەكە بەردەوامە لە كاری خۆی و ئەو هێزانە رێك دەخاتەوە و ناو تۆمار دەكات و باشتر لە جاران رێك دەخرێنەوە و ئەو پرسەیش چارەسەر دەكرێت.

لە دوای هێرشەكەی سوپای عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو كە توانیان بە یارمەتی ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی هێزێكی كوردستان، كەركووك و ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكان كۆنتڕۆڵ بكەنەوە، لیواكانی پێشمەرگە لەو سنوورانە تووشی پەرتەوازەیی هاتنەوە. 

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل