مووچەی هێزەكانی ئاسایش بە رێژەی ٣٥% كەم دەكرێتەوە

:: PM:08:10:16/12/2017 ‌

دوای بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی مووچەی هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، بەپێی بڕیارەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشە بودجەی  هێزەكانی ئاسایش بۆ مووچە بە رێژەی ٣٥%ی كەم دەكرێتەوە. 

قادر رەزگەیی بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، لە چوارچێوەی كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران، مووچەی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشیش كەم دەكرێتەوە، لەو بودجەی بۆ هێزەكانی ئاسایش تەرخان كراوە، بە رێژەی ٣٥% كەم دەكرێتەوە، بۆیە ئەوانەی كاری ژمێریاری و مووچە دەكەن راسپێردراون بۆ ئەوەی كەمكردنەوەی مووچەی هەر ئاسایشێك، لە كارمەندی ئاسایی تا دەگاتە پلەدارەكان هەریەكەیان بە رێژەیەك كەم بكرێتەوە، ئینجا دوای تەواوبوونی كاری ئەوان دیار دەبێت هەر ئاسایشێك مووچەكەی چەند كەم دەبێتەوە و بەچ رێژەیەك دەبێت؟.

رەزگەیی زیاتر گوتی، جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە دیار نییە كە لەم مانگەوە دەبێت یان نا، بەڵام بریكاری وەزارەتی دارایی باسی لەوە كردووە كە پێویستە بۆ لەمەودوا لیستی مووچەیان بەو شێوە تازەیە بێت، بۆیە دیار نییە لەم مانگە جێبەجێ دەكرێت یان لە مانگی داهاتوودا.

لای خۆیەوە سەرچاوەیەكی ئاگەدار كە پێی باش نەبوو ناوی ئاشكرا بكرێت، بە "وشە"ی راگەیاند، كەمكردنەوەی مووچەی هێزەكانی ئاسایش یەكلا بووەتەوە و لەم مانگەوە مووچەكەیان كەم دەكرێتەوە و ئەو بڕیارەی دراوە جێبەجێ دەكرێت، چونكە ئەمە بڕیاری حكوومەتە دراوە بەهۆی تەنگژەی دارایی بە هاوشێوەی فەرمانبەرانی تر و مووچەی ئەوانیش كەم دەبێتەوە.

سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە مووچەی هەر كارمەندێكی ئاسایش بەپێی ئەو بڕیارەی دراوە، بە رێژەی ٣٣- ٣٥%ی كەم دەكرێتەوە.

بەهۆی ئەو تەنگژە داراییەی چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستان و عێراقی گرتووەتەوە لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت و جەنگی داعشەوە، هاوكات بەهۆی ئەو گەماڕۆیەی بەغدا بەسەر هەرێمی كوردستانی سەپاند بە رەوانە نەكردنی پشكی بودجەی هەرێم، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەنای بۆ سیستەمی پاشەكەوتی مووچە برد و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە رێژەی دیاریكراو پاشەكەوتی بۆ كرا، ئەو سیستەمە وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسایشی نەگرتەوە، بەڵام بەهۆی رووداوەكانی لە 16ی ئۆكتۆبەر و ئەو گەلەكۆمەی لە دژی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا و تاران و ئەنكەرەوە لە دژی هەرێم كرا، دۆخی دارایی كوردستان سەختتر بوو.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل