شەڕ ناو كەركووكی گرتەوە

:: PM:09:52:16/12/2017 ‌

كەمێك پێش ئێستە لە گەڕەكێكی شاری كەركووك شەڕە تەقە لەنێوان حەشدی شەعبی و ژمارەیەك لە هاوولاتییانی مەدەنی ڕوویداوە و تا ئێستە بەردەوامە، سەرچاوەیەكیش دەڵێت تەقە گەڕەكی شۆریجەشی گرتووەتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی كانوونی یەكەم، سەرچاوەیەك لە شاری كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە نزیك بازگەی لەیلان شەڕە تەقەیەكی سەخت لەنێوان میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و كۆمەڵێك لە هاوولاتییانی نەناسراو ڕوویداوە بەو هۆیەوە دۆخی تەناهی كەركووك تێكچووە.

ئەو سەرچاوەیە ڕای گەیاند، بەهۆی ئەو تەقانەوە كەمێك پێش ئێستە میلیشیاكانی حەشد بڕیاریان داوە، كە هاتوچۆ لەم شەوەوە تا كاتێكی نادیار لە سەعات نۆی شەو تا بەرەبەیان قەدەغە كردووە.

ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتی، ئەو شەڕە هێرشكردنی كۆمەڵێك گەنج بووە بۆ سەر بنكەیەكی حەشدی شەعبی و بریندار هەیە لەلایەن حەشد و ئێستە شەڕەكە گەڕەكی شۆریجەشی گرتووەتەوە.

دوای خیانەتەكەی 16ـی ئۆكتۆبەر هاووڵاتییانی كەركووك بەشێوەی خۆبەخش هێرش دەكەنە سەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و دەیانەوێ لە شارەكەیان دەریان بكەن و جارێكی تر پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو شارە.



وشە - رامیار جەواد