بەرشەلۆنە لە كلاسیكۆ رێڕەوی شەڕەف بۆ ریال مەدرید ئەنجام دەدات

:: AM:10:36:17/12/2017 ‌

دوێنێ شەموو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە یاریی كۆتای جامی مۆندیالی یانەكاندا بەگۆڵێكی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لە یانەی گریمیۆی بەڕازیلی بردەوە بۆ دووەمجار لەسەریەك و سێیەمجار لە مێژووی پاڵەوانیەتییەكەدا جامەكەی بردەوە.

یاری داهاتووی یانەی ریال مەدرید رۆژی شەمووی داهاتوو لە گەڕی 17ی خولی ئیسپانیا دەبێت لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری.

یانەی بەرشەلۆنە ناچارە لەو یارییەدا بەڕێڕەوی شەڕەف رێز لە یانەی ریال مەدرید بگرێ بەبۆنەی بەدەستهێنانی ناسناوی جامی مۆندیالی یانەكان.

رێڕەوی شەڕەف بۆ یانەكان لە كاتێكدا دەبێت كە تیپی مێواندار ناسناوی خولی وڵاتەكەی مسۆگەر كردبێت یانیش ناسناوی پاڵەوانیەتییەكی جیهانی یانیش پارزەوینی بەدەستهێنابێت.

لەبەر ئەمە یانەی بەرشەلۆنە دەبێت لە یاریی كلاسیكۆی داهاتوودا بە ڕێڕەوی شەڕەف پیرۆزبایی لە یانەی ریال مەدرید بكات و بەچەپڵە رێزان سەرجەم یاریزانانی یانەكە بهێننە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.

یانەی بەرشەلۆنە تا ئێستا دووجار رێڕەوی شەڕەفی بۆ یانەی ریال مەدرید ئەنجامداوە، جاری یەكەمیان لە ساڵی 1998 بوو كاتێك بەر لە یاریی كلاسیكۆدا یانەی شاهانە ناسناوی خولی ئیسپانیای مسۆگەر كردبوو، جاری دووەمیشیان بەهەمانشێوە لە 2008 بوو كە بەر لە تەواوبوونی خولی ئیسپانیا بەچەند یارییەك یانەكە بردنەوەی جامەكەی مسۆگەر كردبوو.

یانەی ریال مەدریدیش لە مێژوودا تەنیا یەكجار ریڕەوی شەڕەفی بۆ یانەی بەرشەلۆنە ئەنجامداوە ئەویش لە ساڵی 1991 بوو كاتێك یانەی شاهانە بەر لە تەواوبوونی خولی ئیسپانیا بە دوو یاریی و لە یاریی كلاسیكۆدا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە چەپڵە رێزان پێشوازی لە یاریزانانی تیپی بەرامبەر كردبوو.

لە جامی مۆندیالی یانەكانیشدا یانەی بەرشەلۆنە دووجار رێڕەوی شەڕەفی لەلایەن یانەكانی ڤیاڕیال و ریال پیتیس لە ساڵانی 2011 و 2015 بۆ كراوە، جارێكیش یانەی ڤالێنسیا لە ساڵی 2014 رێڕەوی شەڕەفی بۆ یانەی ریال مەدرید ئەنجامدابوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م