پێویسته‌ هاوكارییه‌كان به‌ كورد بدرێن
جەنەرالێكی ئەمەریكی: هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ عێراق دەچێتە گیرفانی ئێرانەوە

:: AM:10:44:17/12/2017 ‌
جەنەراڵێكی ئەمەریكی ئاشكرای كرد، دەبێ وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا هاوكارییەكانی بۆ هێزە تەناهییەكانی عێراق لە 2018 بوەستێنێت، چونكە ئەو هاوكارییانە ڕاستەوخۆ دەچنە گیرفانی ئێرانەوە و دووپات لەوەیش دەكاتەوە كە ئەمەریكا ئێستە لەگەڵ ئێران لە حاڵەتی جەنگ و ڕووبەڕوبوونەوەدایە و پێویستە بە ئاشكرای دانی پێدا بنێین و بە توندی ڕووبەڕووی ئێران ببینەوە، ناكرێ لەو ساتە كە لەگەڵ ئێران خەریكی ڕووبەڕوبوونەوەی یەكترین، ئەمەریكا زیاتر لە ملیارێك دۆلار لە میلیشیاكان و هێزە بریكارەكانی ئێران لە عێراق خەرج بكات.

ئێرنی ئۆدینۆ جەنەراڵی خانەنشینكراوی ئەمەریكی لە وتارێكی لە پێگەی ڕۆژنامەی "واشنتن تایمز" نووسیویەتی، ڕێیەكی خێرا هەیە بۆ نەهێشتنی جەنگ، ئەویش پێچەوانە كردنەوەی ئەو هاوكارییانەیە كە ئەمەریكا بۆ عێراق دەستەبەری دەكات، واشنتن پشتیوانییەكەی بۆ هێزە تەناهییەكانی عێراق دووپات كردووەتەوە، بەڵام ئەوان ئێستە بریكاری ئێرانن لە عێراق و مێژوویەكی درێژیان لە كوشتنی سەربازانی ئەمەریكا هەیە و بەردەوامیش باس لە كوشتنی زیاتری ئەمەریكییەكان دەكەن. لە پڕۆژە یاسای پشتیوانی دەرەكی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا بۆ ساڵی 2018 كە بە كۆنگرێسی ئەمەریكا لە 16 تشرینی یەكەم/نۆڤێمبەر تێپەڕی، بڕیار دراوە بڕی 10 ملیار 259 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی بۆ هاوكاریكردنی هێزە تەناهییەكانی عێراق تەرخان بكرێ، لە كاتێكدا ئەوان كۆمەڵێك گرووپی چەكدان لە عێراق، بە ئاشكرا و بێ دوودڵی باس لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكەن، هاوكارییەكانی پێشتری ئەمەریكایش بۆ هێزەكانی عێراق، بە وردی دەگەیشتنە دەست ئەو گرووپە چەكدارانەی كە ئێران سەرپەرشتیان دەكات.

ئاماژەی داوە، لە تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2016 پەرلەمانی عێراق یاسای بۆ میلیشیا شیعییەكان دەركرد بۆ ئەوەی بخرێنە ڕیزی هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەمەیش لە كاتێكدایە ئەو هێزانە بە فتوای عەلی سیستانی لە 2014 دامەزراون و لەلایەن ڕاهێنەرانی سوپای پاسداران مەشق و ڕاهێنانیان پێ كراوە، پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سوپای پاسدارانی خستنە لیستی تیرۆرەوە، سەرەڕای ناڕەزایییەكانی ئەمەریكایش لە گەیشتنی چەك بە دەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، بەڵام هەمووان وێنە و ڤیدیۆی تانكەكانی ئەبرامز ئێم وەنمان بینی كە لەلایەن هێزەكانی حزبوڵای سەر بە ئێرانەوە دژی كوردی هاوپەیمانمان لە كەركووك بەكار هێنران، كە هێرشەكە بە سەرپەرشتی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ئەنجام درا، ئەو دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە سوپای عێراق هاوشێوەی سوپای حزبوڵای لبنان لێ دەكەن، بۆیه‌ پێویسته‌ هاوكارییه‌كان به‌ كوردی هاوپه‌یمانمان بدرێن.

ئۆدینۆ نووسیویەتی، ئەو ڕاستییانە زۆر مەترسیدارن و هیچ كرۆكی بابەتەكە ناگۆڕن كە هاوكارییەكانی واشنتن بۆ بەغدا دەچێتە گیرفانی ئێرانەوە، هەموو ئەو كارانەیش كە وەزارەتی بەرگری ئەنجامی دەدا بۆ هاریكاری هێزەكانی سەر بە ئێران لە كاتێكدایە ئێمە نزیك بووینەتەوە لە شەڕكردن دژی ئێران، چونكە تاكە ڕێ بۆ وەستاندنی ئێران، بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگریكردن.

میلیشیاكان و هادی عامری فەرماندەی هێزەكانی بەدری سەر بە حەشدی شەعبی و نزیك لە ئێران بە ڕوونی لەسەر شاشەی كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن دووپات لەوە دەكەنەوە، كە دوای بڕیارەكەی سەرۆك ترەمپ لەبارەی قودس، ڕووبەڕووی ئەمەریكییەكان لە عێراق دەبنەوە، داواش دەكەن بە پەلە ئەمەریكییەكان عێراق بەجێ بهێڵن، ئەمەیش بریتییە لە سیاسەتی ئێران و ڕووسیا بۆ بچووككردنەوەی ڕۆڵی ئەمەریكا لە ناوچەكە، بۆ یەكەم جاریش دوای شەش ساڵ لە سەرەتاكانی مانگی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، سەربازێكی ئەمەریكی لە ڕێی بۆمبی چێنراوەوە گیانی لە دەست دا، كە ئەو گرووپە تیرۆریستیانە لەلایەن ئێرانەوە فێری چۆنیەتیی دروستكردن و دانانەوەی بۆمبی چێنراو دەكرێن، كارگەی سەرەكی دروستكردنیشیان لەناو خاكی ئێراندایە و دواتر بە هەزاران بۆ گۆڕەپانی جەنگ دەگوازرێنەوە و دژ بە نەیارانی ئێران بەكار دەهێنرێن.

هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، راستییەكەی ئێستە ئێران لە حاڵەتی جەنگدایە دژی ئێمە، بەڵام ئێمە دانی پێدا نانێین و خۆمانی لێ دەدزینەوە و هیچ شتێك ناكەین، بۆیە پێویستە بە ڕوونی دان بەوەدا بنێین و چیتر دەرفەت بە تاران و مۆسكۆ نەدەین، ڕووی ڕاستی ئێران لە ناوچەكە هەڵبدەینەوە و بە توندی ڕووبەڕووی ببینەوە، پێشتریش ڕیكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەوان كار دەكەن بۆ چارەسەركردنی هەڕەشەكانی ئێران و ئارام و دڵنیا نین لە هەوڵەكانی ئێران بۆ سەپاندنی هەژموون بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێی پشتیوانیكردن لە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان و گرووپی میلیشیاكان لە عێراق و سووریا و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەكی دوورمەودا.

ئێرنی ئۆدینو یەكێك لە جەنەراڵە خانەنشینكراوەكانی ئەمەریكایە و لە سەردەمی هێرشی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بۆ سەر ڕژێمی سەدام لە ساڵی 2003، ماوەی ساڵێك لە كوردستان بووە و وەك ڕاوێژكاری سەربازی هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە و ئێستەیش توێژەری سەربازییە لە سەنتەری لەندەن بۆ توێژینەوەی سیاسی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د