جۆرجینا چەند نهێنییەكی تایبەتی ژیانی لەگەڵ رۆناڵدۆ ئاشكرا دەكات

:: AM:11:12:17/12/2017 ‌

جۆرجینا رۆدریگیزی خۆشەویستی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مدریدی ئیسپانی چەند نهێنییەكی ژیانی تایبەتی خۆیانی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ئاشكرا كرد.

جۆرجینا بۆ رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی گوتی: پەیوەندی خۆشەویستی من و رۆناڵدۆ دوای لەدایكبوونی ئەلانا مارتینا پەرەی سەندووە و ئێستا زیاتر كاتەكانی ژیانمان بەیەكەوە بەسەر دەبەین.

زیاتر گوتی: پەیوەندی خۆشەویستیمان ئێستا لەوپەڕی جوانیدایە و بەیەكەوە زۆر دڵخۆشین، لە راستیشدا منداڵەكان هۆكار و بنەمای خۆشییەكانی ئێمەن.

جۆرجینا كە بەڕەگەز ئیسپانییە و كاری نمایشی جلوبەرگ دەكات هەروەها گوتی: پەیوەندی خۆشەویستیم لەگەڵ رۆناڵد لە رۆژی 12ی مانگی رابردووەوە كە رۆژی لە دایكبوونی ئەلانا مارتینا بوو چووەتە قۆناغێكی ترەوە و ئێستا زیاتر بەیەكەوە پەیوەستین.

جۆرجینا ئاماژەی بەوەشدا: كاتێك بەیانیان لەخەو هەڵدەستین بۆ ماوەیەك لەگەڵ رۆناڵدۆ یەكەتر لەباوەش دەگرین و ماچ دەگۆڕینەوە و دواتریش دەچینە لای منداڵەكان و لە شوێنی خۆیان دەریان دێنین.

لە كاتی نانخواردنیشدا بەبێ دەنگی سەیریان دەكەین و چاویان تێ دەبڕین بۆ ئەوەی بزانین هەموو ئەو شتانەی كە دەیانەوێ و دەیخوازن بەدەستیان گەیشتووە.

لە كۆتاییدا جۆرجینا رایگەیاند لە ژیانیدا لەگەڵ منداڵەكان هەست بە دڵخۆشییەكی زۆر دەكات و هەمیشەش شانازی بە كریستیانۆوە دەكات و پێشیوایە بە بەختترین ئافرەتی سەر دونیایە كە ژیان لەگەڵ رۆناڵدۆ بەسەر دەبات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م