ئەمڕۆ دەروازەی نیودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەكرێتەوە

:: PM:01:27:17/12/2017 ‌

عەبدولڕەزا رەحمانی وەزیری ناوخۆی ئێران لە دانیشتنی مانگانەی ژوورە بازرگانییەكانی ئێران ئاشكرای كرد، دەروازە داخراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران دەكرێنەوە.

ئەو گوتی هەر لەمڕۆوە مەرزی حاجی ئۆمەران دەكرێتەوە و سەرجەم پرسەكانی پێوەندیدار بە مەرزەكانیش پێوەندی بە پارێزگارەكانەوە هەیە و خۆیان دەتوانن بڕیاری گونجاوی لەبارەوە دەربكەن.

پێویستە بگوترێت لە ١٥ی تشرینی یەكەمەوە واتە رۆژێك پێش رووداوەكەی كەركووك، ئێران مەرزەكانی بەرووی هەرێمی كوردستاندا داخست و دوای ماوەیەكی كورت دەروازەی باشماخی كردەوە، بەڵام هەریەك لە مەرزەكانی حاجی ئۆمەران و پەروێزخان تا ئێستە نەكراونەتەوە.

وەزیری ناوخۆی ئێران گوتوویەتی، هەریەك لە مەرزەكانی باشماخ و حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ دەكرێنەوە، بەڵام پێ دەچێت مەبەستی وەزیری ناوخۆی ئێران مەرزی پەروێزخان بووبێت، چونكە پێشتر باشماخ كراوەتەوە.

پێویستە بگوترێت بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دەروازەی حاجی ئۆمەران داخراوە و دیار نییە چۆن جێبەجێ دەکرێت.


رەحمانی روونی كردەوە لەمڕۆ بەدواوە پیشەی كۆڵبەریش قەدەغە دەكرێت و كەس بۆی نییە ئەو كارە بكات، بەڵكو سەرجەم مەرزەكان دەكرێنەوە و بازاڕگەی تایبەتیان دەبێت ئەو كەسانەی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە گوندەكان ژیاون كارتێكی تایبەتیان پێ دەدرێت و بۆیان هەیە لەم بازاڕگانە شتومەك بگوازنەوە، بەڵام كۆڵبەری رێی پێ نادرێت و پێچەوانەی مافەكانی هاووڵاتیبوونە لە ئێران.

سەرچاوە/ئیلنا





وشە - سلێمان تاشان