لەبارەی كەمكردنەوەی مووچەی پێشمەرگە كۆبوونەوە دەكرێت

:: PM:01:36:17/12/2017 ‌
لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و قوربانییانی جینۆساید لە پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی بڕیاری كەمكردنەوەی مووچەی پێشمەرگە كۆ دەبێتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كەمكردنەوەی مووچەی هێزەكانی ئاسایش یەكلا بووەتەوە و لەم مانگەوە مووچەكەیان كەم دەكرێتەوە و ئەو بڕیارەی دراوە جێبەجێ دەكرێت و مووچەی هەر كارمەندێكی ئاسایش بەپێی ئەو بڕیارەی دراوە، بە رێژەی ٣٣- ٣٥%ی كەم دەكرێتەوە لەپاڵ ئەوەشدا باس لە كەمكردنەوەی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ی كانوونی یەكەم، ئاواز حەمید ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و قوربانییانی جینۆساید لە پارلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیارە لیژنەكەیان كۆ ببێتەوە و هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەو بڕیارە بە حكوومەت ڕابگەیەنن.

پێشتر قادر رەزگەیی بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، لە چوارچێوەی كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران، مووچەی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشیش كەم دەكرێتەوە، لەو بودجەی بۆ هێزەكانی ئاسایش تەرخان كراوە، بە رێژەی ٣٥% كەم دەكرێتەوە، بۆیە ئەوانەی كاری ژمێریاری و مووچە دەكەن راسپێردراون بۆ ئەوەی كەمكردنەوەی مووچەی هەر ئاسایشێك، لە كارمەندی ئاسایی تا دەگاتە پلەدارەكان هەریەكەیان بە رێژەیەك كەم بكرێتەوە، ئینجا دوای تەواوبوونی كاری ئەوان دیار دەبێت هەر ئاسایشێك مووچەكەی چەند كەم دەبێتەوە و بەچ رێژەیەك دەبێت؟.

رەزگەیی زیاتر گوتی، جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە دیار نییە كە لەم مانگەوە دەبێت یان نا، بەڵام بریكاری وەزارەتی دارایی باسی لەوە كردووە كە پێویستە بۆ لەمەودوا لیستی مووچەیان بەو شێوە تازەیە بێت، بۆیە دیار نییە لەم مانگە جێبەجێ دەكرێت یان لە مانگی داهاتوودا.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم