پیاوی كورد سپرای ره‌پكردن به‌كار دێنن و پزیشك به‌ باشی نازانێ


له‌ ڕێى فه‌یسبووكه‌وه‌ جۆرێك له‌ ده‌رمان و چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانى سێكس دێته‌ فرۆشتن به‌شێوه‌ى ئۆنلاین، فرۆشتنه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى نهێنییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ ڕێكلامى ده‌رمانه‌كاندا ئاماژه‌ى پێ كراوه‌.

جۆرێك له‌ سپرا كه‌ تایبه‌تمه‌ندى دواكه‌وتنى هاتنه‌وه‌ى "ئاوى" پیاوى هه‌یه‌، ته‌واوى په‌یجه‌كانى فرۆشتنى ئۆنلاینى ته‌نیوه‌، فرۆشیارى سپراكه‌ ده‌ڵێ، ئه‌و سپرایه‌ خواستى زۆرى له‌سه‌ره‌و ده‌ركه‌وتووه‌ سێ به‌شى پیاوى كورد كێشه‌ى له‌ سێكس و زوو ره‌حه‌تبووندا هه‌یه‌. وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات "بوونى ئه‌و سپرایه‌ چێژى زیاتر به‌ سه‌رجێى ده‌به‌خشێت".

توێژه‌رێكى كۆمه‌ڵایه‌تی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات تا ئێسته‌ له‌ كوردستان حاڵه‌تى چێژوه‌رگرتن له‌ سێكس له‌ نێوان هاوسه‌ره‌كاندا وه‌ك "عه‌یبه‌" مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و به‌ نهێنى فرۆشتنى ئه‌و سپرایه‌ش هۆكاره‌كه‌ى بۆ ده‌وروبه‌رى كه‌سه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

ئه‌و سپرایه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ سێكس و ئێسته‌ ده‌فرۆشرێت، له‌ رێكلامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی كراوه‌ كه‌ ماوه‌ى سێكسكردن زیاتر ده‌كات و ئه‌ندامى نێرینه‌ به‌ ڕه‌قى ده‌هێَڵێته‌وه‌. به‌گوته‌ی فرۆشیاره‌كه‌، ئه‌و سپرایه‌ ئه‌ڵمانییه‌ و ته‌نیا له‌و ڕێیه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت و له‌ هیچ ده‌رمانخانه‌یه‌كدا نییه‌.

"وشه‌" بۆ ده‌ستكه‌وتنى زانیارى له‌سه‌ر سپراى "دره‌نگ ئاو هاتنه‌وه‌ و زۆركردنى مه‌وداى سێكس" /فرۆشیاره‌كه‌ ئه‌و ناوه‌ى لێ ناوه‌/ پێوه‌ندى به‌و ژماره‌یه‌وه‌ كرد كه‌ بۆ فرۆشتنی ئۆنلاین خراوه‌ته‌ ڕوو، فرۆشیاره‌كه‌ گوتی، سپراكه‌ ئه‌ڵمانییه‌ و به‌رده‌وام فرۆشى ڕوو له‌ زیادبوون ده‌كات.
ئه‌و فرۆشیاره‌ به‌ قسه‌ى خۆى كۆلیژى پزیشكى ته‌واو كردووه‌، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوو ناوى بڵاو بكرێته‌وه‌، زیاتر گوتى، ئه‌و سپرایه‌ به‌ كوالیتى كۆنترۆڵدا تێپه‌ڕیوه‌ و هیچ زیانێكى لاوه‌كى بۆ به‌ركارهێنه‌ر /پیاو/ و ئه‌وه‌ى به‌رانبه‌ریشى /ژن/ نییه‌.
فرۆشیار ئاماژه‌ به‌و مادانه‌ ناكات كه‌ پێكهاته‌ى سپراكه‌یه‌، به‌ڵام ڕوونى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دواى به‌كارهێنانى ده‌بێ "ئه‌ندامی نێریی پیاو" ئاوێكى پێدا بكرێ، ئینجا به‌كار بهێنرێ.

"نرخى سپڕاكه‌ به‌ 15 هه‌زاره‌ و گه‌یاندن به‌ خۆڕایییه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى داپۆشراو له‌ پاكه‌تى تایبه‌ت ده‌گات به‌ ده‌ستى كڕیار" فرۆشیاره‌كه‌ وای گوت.
ئه‌وه‌یشی دركاند "زۆر له‌وانه‌ى كڕیارن و ئه‌و سپڕایه‌ به‌كار دێنن، داوا ده‌كه‌ن به‌شێوه‌ى نهێنى و له‌ پاكه‌تى داپۆشراو بگات به‌ ده‌ستیان به‌هۆى ده‌وروبه‌ره‌كه‌یانه‌وه‌، به‌پێى ڕۆژه‌كان كڕین ده‌گۆڕێت و ڕێكلامى فه‌یسبووك كاریگه‌ریى زۆرى هه‌یه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ سپرایه‌كه‌ 100% كاریگه‌ریى خۆى هه‌بێ". 

به‌قسه‌ى فرۆشیار، به‌كارهێنانى ئه‌و سپرایه‌ پێویستى به‌ پزیشك نییه‌ و ئاسایییه‌ هه‌ر كه‌سێك به‌كارى بێنێت، هیچ سنوورێكیش بۆ ته‌مه‌نى كه‌سه‌كان دیارى نه‌كراوه‌، به‌ڵام ده‌ووپاتی ده‌كاته‌وه‌ "له‌ كوردستان سێ به‌شى پیاوى كورد كێشه‌ى زوو هاتنه‌وه‌ و كێشه‌ى سێكسى هه‌یه‌"، بۆیه‌ ده‌یفرۆشن به‌ هه‌موو كه‌سێك. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ژماره‌ی سێ به‌شی پیاوی كورده‌ له‌ روو زانستییه‌وه‌ پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه‌.
"وشه‌" داواى كرد كه‌ سه‌ردانى ئه‌و فرۆشیاره‌ بكات زانیارى تر وه‌ربگرێت، به‌ڵام به‌قسه‌ى خۆى ئه‌سته‌مه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ببینرێت. 
له‌ به‌رانبه‌ردا كوالێتى كۆنترۆڵى ده‌رمان ڕاى ده‌گه‌یه‌نن، هه‌ر ده‌رمانێك به‌ نهێنى بفرۆشرێت و له‌ ڕێى فه‌یسبووكه‌وه‌ ڕێكلامى بۆ بكرێت بێگومان له‌ كوالیتى كۆنترۆڵ ده‌رنه‌چووه‌.

د. گۆران میرزا به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی كوالێتى كۆنترۆڵی ده‌رمان، به‌"وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، رێكلامكردنى ده‌رمان و پێویستى ته‌ندروستى له‌ ڕێى فه‌یسبووك و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی قه‌ده‌غه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌ ڕه‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نه‌بێ.
زیاتر گوتى "چه‌ندان شوێن به‌هۆى رێكلامكردنى پێشوه‌خته‌ و ده‌رنه‌چوون له‌ كوالیتى كۆنترۆڵ داخراون، یان ئه‌گه‌ر به‌ ئۆنلاین بێت زانیارى له‌سه‌ر كۆ كراوه‌ته‌وه‌ و رێوشوێنى یاسای به‌رانبه‌ر گیراوه‌ته‌ به‌ر".

به‌ دیاریكراوى له‌باره‌ى ئه‌و سپرایه‌ى ئێسته‌ باسى لێوه‌ ده‌كرێ، به‌ڕێوه‌به‌رى كوالێتى كۆنترۆڵی ده‌رمان دڵنیایی ده‌دات كه‌ "به‌كارهێنانى شیاو نییه‌ و نابێ كڕین و فرۆشتنى پێوه‌ بكرێت، چونكه‌ هه‌ر ده‌رمانێك ده‌فرۆشرێ ده‌بێ مۆرى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌سه‌ره‌وه‌ بێت و به‌ ئاشكرا له‌ ده‌رمانخانه‌كاندا هه‌بێ".

ستار باقى كه‌ریم توێژه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى شه‌رمى تاكى كورد له‌ سێكس و به‌كارهێنه‌رانى ده‌خاته‌ ڕوو و بۆ "وشه‌" ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، هه‌موو شتێك له‌ سه‌ره‌تادا به‌ نهێنى ده‌ست پێ ده‌كات و دواتر به‌پێى كات به‌ ئاشكرا ده‌فرۆشرێ.
ئه‌و توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ گوتى: "به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌پتى سێكسى له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌ هه‌یه‌ و زۆربه‌ى كه‌سه‌كان ئه‌و چێژه‌ نابینن كه‌ پێویستیانه‌، بۆیه‌ به‌ شه‌رمه‌وه‌ په‌نا بۆ كڕینى چاره‌سه‌ره‌كان ده‌به‌ن".

ستار ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و شتانه‌ى به‌نهێنى ده‌فرۆشرێن، به‌رده‌وام فرۆشیان زیاتره‌ و خه‌ڵكى ئێمه‌ زیاتر ئاره‌زوو ده‌كه‌ن به‌ نهێنى خۆیان تێر بكه‌ن له‌ شته‌كان.

به‌قسه‌ى توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ هه‌ندێك شت كراوه‌ به‌ "عه‌یبه‌" به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى پێوه‌ندى به‌ سێكس و لایه‌نى ده‌روونى تاكه‌وه‌ هه‌یه‌، تا ئێسته‌ش هه‌ندێ كه‌س هه‌یه‌ پێى شه‌رمه‌ بۆ نه‌خۆشیى سێكسى بچێت بۆ لاى پزیشك.

لای خۆیه‌وه‌ پزیشكێكى تایبه‌ت به‌ كۆئه‌ندامى زاوزێ و نه‌زۆكى، ڕاى ده‌گه‌یه‌نێ، به‌كارهێنانى ئه‌و سپرایه‌ ته‌نیا بۆ سڕكردنه‌. دكتۆره‌ شه‌رمین زه‌نگه‌نه‌ به‌"وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، به‌كارهێنانى ئه‌و سپڕایه‌ روویه‌كى ته‌ندروستى نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببێت به‌ هۆى فره‌وانكردنى مه‌وداى سێكس، به‌ڵكو ته‌نیا وه‌ك سڕكردن به‌كار ده‌هێنرێت.

ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ به‌ركارهێنانى ئه‌و سپرایه‌ هیچ زه‌مانێكى نییه‌ و مه‌رج نییه‌ كاره‌كانى خۆى بكات وه‌ك ئه‌وه‌ى باسى كراوه‌، له‌ كاتێكدا هه‌ندێك جار ده‌بێته‌ هۆى زیادبوونى زیان بۆ ره‌گه‌زى به‌رانبه‌ر.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:12:03:19/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 40899 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌