بە پاس خەڵك براوەتە ڕانیە بۆ سووتاندنی بارەگەی حزبەكان

:: PM:07:38:19/12/2017 ‌
گوتەبێژی تەندروستیی رانیە رای دەگەیەنێت كە بەهۆی خۆپێشاندانەكانی ئەمڕۆ لە ڕانیە، پێنج كەس گیانیان لە دەست داوە و 80 كەسی تریش بریندارن. سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە بە دەیان كەس لە دەرەوەی ڕانیە هێنراونەتە شارەكە بۆ ئەوەی پشێوی دروست بكەن و بارەگەی حزبەكان و حكوومەت بسووتێنن.

60 رۆژ دوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر بەهۆی خۆپێشاندانەوە دەیان قوربانی هەیە، پشێوی خۆپێشاندانەكانی سلێمانی تەنیا بە سووتانی بارەگەی حزبەكان و فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەوەستا، بەڵكو كوژراو  و برینداری زۆری لێكەوتەوە ئەوە سەرباری زیانەكان بە چەندان هاووڵاتیی و دووكان و بازاڕەكان گەیشتووە.

60 ڕۆژ دوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر كەركووك و گروپێكی ناو یەكێتی كە بەناپاكەكان ناسراون چاوساغیان كردن، خۆپێشاندانێك بە شێوەی توندوتیژی لە سنووری سلێمانی دەستی پێ كرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم 19ی كانوونی یەكەم، خۆپێشاندانەكان لە شارۆكەی ڕانییە چڕتر بوونەوە  و بەچەك و تەقەكردن بەرەو بارەگەكانی پارتی لەوێ‌ خۆپیشاندەران ئاراستە كران.

گوتەبێژی تەندروستیی گشتیی رانیە ڕای گەیاند، بەهۆی خۆپێشاندانەكانی رانیە پێنج كەس گیانیان لە دەستداوە و 80 كەسی تریش بریندار بوون.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا تەها محەمەد، گوتەبێژی تەندروستیی گشتیی رانیە ڕای گەیاند، لە ڕانیە پێنج كەس گیانیان لە دەست داوە و 80 كەسی تریش بریندارن.

سەرچاوەیەك لە هێزە تەناهییەكانی ڕانییە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كە پێش دەست پێكردنی خۆپێشاندانەكە لە ڕانییە پاسی زۆر بینراوە، كە بەرەو ڕانیە گواستراونەتەوە و دواتر بەشداری خۆپێشاندانەكانیان پێ كراوە.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە بە دەیان كەس لە دەرەوە ڕانییە هێنراونەتە شارەكە بۆ ئەوەی پشێوی دروست بكەن و بارەگەی حزبەكان و حكوومەت بسووتێنن.

خۆپێشاندانەكەی ئەمڕۆ كە پڕوپاگەندەی مەدەنیبوونی بۆ دەكرێ‌، سلێمانی و هەڵەبجە و كفری و پێنجوێن و كۆیە و رانیە و حاجیاوا و چوارقوڕنەی گرتەوە و بارەگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتنە بەرمەترسی و سووتان لەلایەن ئەو خۆپێشاندەرانەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم