باوكی دەیفرۆشێت و بەتاوانی ناپاكی هاوسەرگیری دەگیرێت

:: PM:11:16:19/12/2017 ‌

ژنێك دوای ئەوەی لەلایەن باوكییەوە دەفرۆشرێت، بە تاوانی ناپاكیی هاوسەرگیرییەوە دەگیرێت و لە بینینی كوڕە یەك ساڵەكەیشی بێبەش دەكرێت، دوای ئازادبوونی لە زیندان، هاوسەرگیری لەگەڵ خاوەن كارەكەی دەكات، بەڵام دوای شەش مانگ لەو هاوسەرگیرییە دووبارە جیا دەبێتەوە و ئێستە لەگەڵ دایكی و براكەی دەژیت.

(سنوور)، ناوی خوازراوی ئەو كچەیە كە لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە لەلایەن باوكییەوە دەفرۆشرێت بە هەزار و 400 دۆلاری ئەمەریكایی، دوای چوار ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیری بەهۆیی ناپاكیی هاوسەرگیرییەوە دەكەوێتە زیندان. سنوور چیڕۆكی ژیانی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت، باوكم هۆكاری هەموو ئەو ناخۆشییانەیە، كە بەسەر من و دایكم و براكەمدا هاتووە، بەڵام وەك ئەوەی هیچ بەرپرسیارییەكی بەرانبەر بە ئێمە نەبێت، ژیانی هەموومانی تێك دا و ژنێكی ٢٠ ساڵ لە خۆی بچووكتر هێنا و ئێستەیش لەگەڵ ئەودا دەژیت و وەك ئەوەی ئێمە هەر نەبوو بین.

داوای ئەوەی منی فرۆشت و كەوتمە ژیانێك وەك ئاگرەوە، بەڵام هەر قبووڵم كرد و هەمیشە بەخۆمم دەگوت ئەگەر هاوسەرەكەم بشم كوژێت باشترە لەوەی لە ماڵەی باوكم بژیم، ئەحمەد هاوسەری یەكەمم هیچی خراپ نەما نەیكات بەڵام من لە ئاستی بێدەنگ دەبووم، بە هەموو جۆرێك ناپاكی دەكرد و بە نهێنی و ئاشكرا هەرچیشم پێی دەگوت پێێ دەگوتم، "تۆم كڕیوە و هەرچی بكەم بۆت نییە هیچ بڵێی".

هەر لە درێژەی باسكردنی ژیانی لەگەڵ ئەحمەد گوتی، هەموو شتێكم قبووڵ كرد، بەڵام لە كۆتاییدا باجی هەموو خراپییەكانی ئەو من دامەوە، هەموو هاوڕیكانی بە خراپی هاوسەرەكەمیان دەزانی بەرانبەر بە من، بۆیە یەكێكیان خراپی ئەوی بە هەل قۆستەوە بە هەموو شێوەیەك خۆی لە من نزیك دەكردەوە و داوای لێ دەكردم پێوەندی لەگەڵ دابنێم، بەڵام من ڕازی نەبووم، ڕۆژێك كە دەیزانی ئەحمەد لە دەوامە، هاتە ماڵمان و زۆر پاڕایەوە بۆ ئەوەی پێوەندی لەگەڵ دروست بكەم، بۆیە بوو بە ناخۆشیمان و كار گەیشتە ئەوەی ویستی بە زۆر دەستدرێژیم بكاتە سەر، بەڵام من زۆر هاوارم كرد و ڕێگەم نەدا و لە ماڵەكەم دەرم كرد.

دوای ئەوەی سنوور ڕیگە نادات لەلایەن هاوڕێی ئەحمەدەوە دەستدرێژی بكرێتە سەر و دەری دەكات، هەموو شتێك بۆ ئەحمەد باس دەكات كە هاوڕێكەی بەرانبەری كردووە، بەڵام ئەحمەد باوەڕ بەوە ناكات كە هیچ ڕووی نەداوە و ڕادەستی پۆلیسیان دەكات و هەردووكیان دەگیرێن.

هاوڕێكەی ئەحمەد چوار دەفتەر دۆلار لە بەرانبەر ئازادكردنی دەدات بە ئەحمەد، بەڵام سنوور دوای ساڵێك لە زیندانی ئازاد دەكرێت، ئەحمەد دەست لە داواكەی دەكێشێتەوە بەو مەرجەی كە سنوور بەڵێننامە بدات، كە كوڕەكەی دەدات بە ئەحمەد و هەرگیزیش داوای ناكاتەوە، سەرەتا سنوور بەو داوایە ڕازی نابێت، بەڵام دایكی سنوور لەو كاتەدا تووشی نەخۆشییەكی قوڕس دەبێت و باوكیشی هاوسەرگیری دووەم دەكات و دایكی جێ دێڵێت، بۆیە بە ناچاری ڕازی دەبێت و لە زیندان ئازاد دەكرێت.

سنوور ئاماژە بەوە دەكات، لەبەر ئەوەی دایكی و براكەی بپارێزێت و چارەسەری نەخۆشییەكەی دایكی بكات، ڕۆژانە ماوەی ١٢ سەعات لە مۆڵدا كاری كردووە، دوای ئەوی كێشەی لە شوێنی كارەكەی بۆ دروست دەبێت و ماوەی چەند مانگێك بەدوای كاردا دەگەڕێت و دەستی ناكەوێت، بۆیە دەچێتە گازینۆیەك و وەك كارمەند كار دەكات، دوای چەند مانگێك هاوسەرگیری لەگەڵ عوسمانی خاوەنی ئەو گازینۆیەدا دەكات.

عوسمان ٢٠ ساڵ لە سنوور گەورەترە و خاوەن ژن و چوار منداڵە، بەڵام لەبەر ئەوەی دڵنیایی ژیانێكی باش بە سنوور دەدات بۆ خۆیی و دایك و براكەی، ئەو ڕازی دەبێت بەوەی هاوسەرگیری لەگەڵدا بكات، بەڵام دوای تەنیا شەش مانگ لەو هاوسەرگیرییە، هەموو شتێك پێچەوانە دەبێتەوە و سنوور تەڵاق وەردەگرێت.

سنوور باس لە هاوسەرگیری دووەمی دەكات و دەڵێت، لەبەر ڕزگاركردنی ژیانی دایك و براكەم لەو نەهامەتییانەی باوكم ڕووبەڕووی كردبوونەوە ئەو هاوسەرگیرییەم كرد، بەڵام ئەویش زۆر زوو كۆتایی هات، چونكە من بە نهێنی هاوسەرگیریم كرد و تەنیا ماڵی ئێمە دەیان زانی، عوسان منی وەك تێركردنی حەزەكانی خۆی بەكار دەهێنا و هیچی تر و تەنیا لەلای مەلا منی مارە كردبوو، هەموو داواكاریی من ئەوە بوو یارمەتی دایك و برا تەمەن 10 ساڵەكەم بدات، بەڵام ئەویشی نەكرد  و زۆر بە ئاسانی پێی گوتم، وەرە لە گازینۆ موشتەری پەیدا بكە و پارەی خۆت وەربگرە، بۆیە لێی جیابوومەوە و ئێستە بێكارم و ڕۆژانە بە دوای كارێكدا دەگەڕێم، كە ژنایەتی خۆمی تێدا نەدۆڕێنم، چونكە ژنبوونی من لەوە بەنرخترە بە چەند ڕێگەیەكی تر پارەی پێ دەست بێنم.

هەولێر/ ئیڤان عەبدولرەحمان 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل