ناوی كاندیدانی سەرجەم پۆستە گرنگەكانی حكوومەتی نوێی ئەمەریكا

:: AM:09:27:16/11/2016 ‌

كاندیدانی پۆستە گرنگەكانی حكوومەتی نوێی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ، لە 20 كانوونی دووەم/یەنایەری 2017 دەستبەكار دەبن، بەگوێرەی ناوی كاندیدەكانیش، زۆربەی بەرپرسانی حكوومەتی داهاتووی ئەمەریكا پێشتر لە حكوومەتی جۆرج دەبلیو بۆشی 43ەمین سەرۆكی ئەمەریكا كاریان كردووە و زۆربەیان دژی رێككەوتنی ئەتۆمین لەگەڵ ئێران و لەگەڵ شەڕی عێراق و ئەفغانستاندا بوون.

بەر 20 كانوونی یەكەم/یەنایەری 2017، دەبێ دۆناڵد ترەمپی 45ەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەگەڵ حكوومەتی باراك ئۆباما بكات و تا ئەوكاتەش پێویستە ستافی كۆشكی سپی و وەزیران و بەرپرسە باڵاكانی حكوومەتی نوێی ئەمەریكا بە تەواوی دەستنیشان بكات، ئەوەی تا ئێستە باسی لێوە دەكرێ، ناوی زۆرێك لە كاندیدان بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاكانی حكوومەتەكەی ترەمپ بڵاو بوونەتەوە و بەشێكیشیان وەرگرتنی پۆستەكانیان لەلایەن ترەمپەوە یەكلا كراوەتەوە. هەر دوای دەرچوونیشی دۆناڵد ترەمپ، مایك پێنسی وەك جێگری سەرۆكی ئەمەریكا دیاریی كرد.

سەرۆكی ستافی كاركردنی كۆشكی سپی، كاری ئەو دەستەیە سەرپەرشتیكردنی كارەكان و كارمەندان دەبێ لە بەشی رۆژئاوای كۆشكی سپی كار دەكەن، ئەجێندای سەرۆك و پێوەندییە گرنگەكانی سەرۆك ڕادەپەڕێنن، رۆڵی گرنگ و گەورەیان دەبێ بۆ بڕیارە سیاسی و گرنگ و چارەنووسسازەكان، سەرپەرشتی ژمارەیەكی زۆر لە راوێژكار و شارەزایان و سیاسەتمەداران دەكەن.
ئەمڕۆ دووشەم دۆناڵد ترەمپ لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، كە "رێنس پریبۆس"ی سەرۆكی حزبی كۆمارییەكانی وەك سكرتێری گشتیی كارەكانی كۆشكی سپی دەستنیشان كردووە كە ئەمە گەورەترین پلەی كاركردنە لە نێو كۆشكی سپیدا، هاوكات ستێڤن بانۆن وەك گەورە راوێژكار و داڕێژەری ستراتیجی كۆشكی سپی لە حكوومەتی دۆناڵد ترەمپ دەستبەكار دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا تا ئێستە چەند كاندیدێك هەن، بەڵام یەكلا نەبووەتەوە كە ترەمپ كامەیان وەك وەزیری دەرەوەی حكوومەتی نوێی وڵاتەكەی دیاری دەكات.
هەریەك لە جۆن بۆلتۆن باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە سەردەمی جۆرج دەبلیو بۆش، بۆب كرۆكەر سیناتۆری تێنسی و چایرمان، ئەندامی كۆمیتەی پێوەندییەكی دەرەوەی سێناتی ئەمەریكا، لەگەڵ نێوت گینگریچ گوتەبێژی پێشووی كۆشكی سپی، زەڵمای خەلیلزاد باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا لە ئەفغانستان، ستانلی ماكریستال فەرماندەی باڵای پێشووی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان، كاندیدی وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكان.

وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا
وەزیری گەنجینە بەرپرسە لەو قەرزانەی حكوومەت لە بازاڕەكانی دراو دەیكات، هاوكات یارمەتی دووبارە داڕشتنەوەی یاساكانی باج و سەرپەرشتی داهاتی ناوخۆیی دەكات، جگەلەوە سزا و گەمارۆی ئابووری هەڵدەگرێ و دەیسەپێنێت بەسەر دوژمنانی ئەمەریكادا، ئۆباما زۆرترین سوودی لێ وەرگرتن لە دۆسیەی كرانەوە بەڕووی ئێران و نزیكبوونەوە لە كوبا. 
كاندیدەكانی بریتین لە تۆماس باراك كوڕی دامەزرێنەر و سەرۆكی ئەنجوومەنی كاگێڕی و جیبَەجێكاری كۆمپانیای كۆڵۆنی كاپیتاڵ كە لە بواری پشكی تایبەت و وەبەرهێنانی خانووبەرە و زەوی زار كار دەكات. جێب هێنسارلینگ، نوێنەری ویلایەتی تەكساس و سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری دارایی لە كۆنگرێس. ستێڤن مونچین سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕی و پارەداركردنی هەڵمەتی بانگەشەكردنی دۆناڵد ترەمپ. تیم پاولنتی حاكمی پێشووی ویلایەتی مینیسۆتا.

وەزیری بەرگریی ئەمەریكا
ئەو كەسەی پۆستی وەزیری بەرگری وەردەگرێ، سەرپەرشتی شەڕی دژ بە داعش و تەواوی سوپا و هێزەكانی ئەمەریكا دەكات. كاندیدانی ئەو پۆستە بریتین لە كیلی ئایۆتی ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری سەربازی لە ئەنجوومەنی پیران. جەنەرال مایكل تی فلین، بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی هەواڵگریی بەرگری. ستیڤن هادلی، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی لە سەردەمی سەرۆكایەتی جۆرج دەبلیو بۆش. جۆن كیل سیناتۆری پێشووی ویلایەتی ئەریزۆنا. جێف سیسیانۆس سیناتۆری پێشووی ئەنجوومەنی پیران لە ویلایەتی ئەلەباما.

پۆستی داواكاری گشتی
گەورەترین پۆستی دادوەرییە و بەرپرسە لە جێبەجێكردنی یاساكانی وڵاتەكە و كاندیدانی بریتین لە كریس كریستی حاكمی ویلایەتی نیوجێرسی. رۆدۆلف جولیانی پارێزگاری پێشووی نیویۆرك. جێف سیسیانۆس ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لە ویلایەتی ئەلەباما.

وەزیری ناوخۆ
سەرپەرشتی تەناهیی خاكی ئەمەریكا و ئاوەكانی دەكات، كاندیدانی بریتین لە جان بریور حاكمی پێشووی ئەریزۆنا. رۆبێرت گرادی، هاوبەشی كۆمپانیای هەڵۆكانی وەبەرهێنان. هارۆڵد جی هام سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای كۆنتینتال كۆمپانیایەكی نەوت و غازە. فۆرست لوكاس، سەرۆكی كۆمپانیای لۆكاس بۆ بەرهەمە نەوتییەكان. سارە پالین حاكمی پێشووی ویلایەتی ئالاسكا.

وەزیری كشتوكاڵ
سەرپەرشتی تەواوی كەرتی كشتوكاڵی ئەمەریكا دەكات و هەوڵی پەرەپێدانی كەرتی خۆراك و كشتوكاڵ دەكات و بازرگانی خواردەمەنیش رێك دەخات. كاندیدەكانی بریتین لە سام براونباك حاكمی ویلایەتی كەنساس. چیوك كۆنەر سەرۆكی جێبەجێكاری پێشووی ئەنجوومەنی نیشتمانی هاوكاری جووتیاران. میلەر كۆمیسەری كشتوكاڵی ویلایەتی تەكساس. سۆنی پێردو حاكمی پێشووی ویلایەتی جۆرجیا.

وەزارەتی بازرگانی 
كاروباری بازرگانی ناوخۆ و دەرەوە رێك دەخات، ئابووریی نیشتمانی و بازرگانی دەریایی سەرپەرشتی دەكات. كاندیدانی بریتین لە كریس كریستی حاكمی ویلایەتی نیوجێرسی. دان دیمیكۆ، سەرۆكی جێبەجێكاری پێشووی كۆمپانیای نۆكۆر بۆ بەرهەمهێنانی ستیل. لویس ئێم ئایزنبێرگ سەرۆكی بەشە تایبەتەكانی گرانێت لە گرووپی دارایی جیهان.

وەزیری كار
بنەماكانی كار و پاراستن و دڵنیایی كرێكاران و هەلی كار و پێوانە ئابوورییەكانی كاركردن سەرپەرشتی دەكات و بەڵێنەكەی ترەمپیشیان بۆ رەخساندنی ملیۆنان هەلی كار، دەبێ بەجێ بهێنێت. ڤیكتۆریا لیپنیك ئەندامی لیژنەی هەلی كار لە كۆنگرێس كاندیدیەتی.

وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزاری مرۆیی
ئەركی ئەم وەزیرە هەڵوەشاندنەوەی دڵنیایی تەندروستی ئۆبامایە كە دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەكان بەڵێنی دابوو دانانی بەرنامەیەكی تری تەندروستییە بە نرخێكی كەمتر لە بەرنامەكەی باراك ئۆباما. كاندیدانی ئەو پۆستە پێك دێن لە: د. بێن كارسۆن كاندیدی سەرۆكی ئەمەریكا لە 2016. مایك هاكابی حاكمی پێشووی ئاركنساس و كاندیدی سەرۆكایەتی لە 2016. بۆبی جندال حاكمی پێشووی لویزیانا. ریك سكۆت، حاكمی پێشووی فلۆریدا و سەرۆكی جێبەجێكانی پێشووی زنجیرەیەك نەخۆشخانەی گەورە.

وەزیری وزە
كاندیدانی بریتین لە جێمس ئێل كۆنۆتۆن، سەرۆكی جێبەجێكانی نۆتیلۆس داتا، راوێژكاری پێشووی ژینگەی جۆرج دەبلیو بۆش. رۆبەرت ئی گرادی هاوبەش لە گرووپی هەڵۆكانی وەبەرهێنان. هارۆڵد جی هام، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای كۆنتینتاڵ بۆ نەوت و گاز.

وەزیری فێركردن
كاندیدانی بریتین لە د. بێن كارسۆن، كاندیدی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە 2016. ویلیمسۆن ئێم ئێڤێرس پسپۆری فێركردن لە پەیمانگەی هۆڤەر.

وەزیری كاروباری جەنگاوەرانی پێشوو
جێف میللەر سەرۆكی لیژنەی خانەنشینی جەنگاوەرانی پێشوو، كاندیدیەتی.

وەزیری ئاسایشی ناوخۆ
كاندیدانی بریتین لە جۆی ئاپایۆ. دێڤد كلارك، مایكل ماكوێل سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پێشوو لە كۆشكی سپی. جێف سیسیانۆس ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لە ویلایەتی ئەلەباما.

ئاژانسی پاراستنی ژینگە
هەریەك لە مایرۆن ئیبێل بەڕێوەبەری پەیمانگەی ململانێ و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا. رۆبەرت گرادی، هاوبەشی گرووپی هەڵۆكانی وەبەرهێنان. جێفری هۆلمستێد پارێزەر و جێگری سەرۆكی پێشووی ئاژانسی پاراستنی ژینگە لە سەردەمی جۆرج دەبلیو بۆش، كاندیدی ئەو پۆستەن.

نوێنەری بازرگانی ئەمەریكا، نوێنەرایەتی ئەمەریكا لە رێككەوتن و گرێبەستە بازرگانییەكان دەكات، دان دیمیكۆ بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پێشووی كۆمپانیای نوكۆر بۆ بەرهەمهێنانی ستیل كاندیدیەتی.

باڵوێزی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، كێلی ئایۆتی ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری سەربازیی ئەنجوومەنی پیران و ریجار گرینێل گوتەبێژی پێشووی باڵوێزی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە سەردەمی جۆرج دەبلیو بۆش.

بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی "سی ئای ئەی"
كاندیدانی ئەو پۆستە گرنگە بریتین لە میچێل تی فلین، بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی هەواڵگریی وەزارەتی بەرگری. پیتەر هۆكتسرا ئەندامی پێشووی لیژنەی هەواڵگری، مایك رۆگێرس ئەندامی پێشووی كۆمیتەی هەواڵگری. فڕانسیس تاونساند راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی جۆرج دەبلیو بۆش.

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، تەنیا میچێل تی فلین بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی هەواڵگری وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا كاندیدیەتی.

سەرچاوە/ نیویۆرك تایمز.




































وشە - باز ئه‌حمه‌د