ژمارەیەك لە خۆپێشاندەران بە زمانی فارسی قسە دەكەن
"وشە" نهێنییە مەترسیدارەكەی پشت توندوتیژی خۆپێشاندانەكان بڵاو دەكاتەوە

:: PM:01:21:20/12/2017 ‌
بەرپرسێكی كورد ئاشكرای كرد، بەغدا و تاران بە وردی كار بۆ نەهێشتنی ناوی كوردستان دەكەن و ئەوان له پشت هاندان و توندوتیژییەكانن كە لە ئەنجامدا دەیانەوێ كوردستان بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی بگەڕێننەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانیش لە ناو خۆپێشاندانەكانی سلێمانی، چەندان كەس بینراون كە زمانی كوردییان نەزانیوە و بە فارسی گفتوگۆیان كردووە.

ڕۆژنامەی "العربی الجدید" لە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەمی لە زاری ئەندامێكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بڵاوی كردووەتەوە، كە بەغدا و چەند لایەنێكی تری كوردی بە هاوكاری و سەرپەرشتی ئێران لە پشت خۆپێشاندان و توندوتیژییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕینن.

هاوكات ڕۆژنامەی "الاخبار"ی سەر بە حزبوڵای لبنان و نزیك لە ئێران لە ڕاپۆرتێكدا هێمای بۆ ئەوە كردووە، خۆپێشاندانەكان دەرفەتی زێڕینن بۆ عەبادی و ئەو پیلان دادەڕێژێ، تا كوردستان بەرەو دوو ئیدارەیی بگێڕێتەوە و بەدوای بیانوو دەگەڕێ، تا هێزەكانی عێراق بە ئاراستەی سلێمانی جووڵە پێ بكات.

ژمارەیەك لە چالاكان لە ناو خۆپێشاندەرانی سلێمانی بە "وشە"یان ڕاگەیاند، كە ئەوان تووشی سەرسوڕمانی و شۆك بوون، لە ناو خۆپێشاندانەكان ژمارەیەك خەڵكیان بینیوە كە بە زمانی فارسی قسە دەكەن و بە هیچ شێوەیەك نازانن بە كوردی بدوێن، ئەمەیش بەڵگەیە كە ئێران لە پشت هاندان و گۆڕینی ئاراستەی خۆپێشاندانەكانە بۆ توندوتیژی و قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكانی ناو ماڵی كورد.

هاوكات ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ چوارشەم بڵاوی كردەوە، كوردستان دیموكراتیترین ناوچەیە لە دوای ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە هیچ شێوەیەك پێویستی بەوە نییە مانگرتن و ناڕەزایی هاوشێوەی وڵاتان لە بەهاری عەرەبی لێ ئەنجام بدرێ و داوای ڕووخاندنی حكوومەت بكرێ. دووپات لەوەیش دەكاتەوە كە تاران سەرسەختانە لە پشت ئەم كارەوەیە و توندوتیژی لە رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان بەرپا كردووە، بۆ ئەوەی دوای داگیركردن و داڕووخاندنی ژێرخانی ئابووری عێراق، هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی ناوچە سوننەنشینەكان وێران بكات.

پێشتر میدیاكان بڵاویان كردەوە، كە زیاتر لە 800 بنكە و بارەگای ئیتڵاعاتی ئێران لە ناوچە جیاجیاكانی سلێمانی بوونیان هەیە و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی، مەولوود ئافەندی سەرنووسەری گۆڤاری ئیسرائیل-كوردیان ڕفاند و لە شەوی یەڵدای ساڵی 2015یش دوو بۆمبی چێنراویان لە بارەگایەكی حزبێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆیە تەقاندەوە.

زانیارییەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن كە باڵێكی گۆڕان و یەكێتیش لەگەل ئێران و بەغدا دەیانەوێ خۆپێشاندانەكان پەرە بسێنن و هەولێریش بگرێتەوە، بەو ئامانجەی ناپاكییەكەی 16ی ئۆكتۆبەر لەبیر خەڵك ببەنەوە و بە زەبری هێز و دوور لە هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراسی بە یارمەتی بەغدا و تاران دەسەڵاتێكی سەر بە تاران لە كوردستان دابمەزرێنن، بەڵام ئەمە ئەستەمە و بۆیان ناچێتە سەر.

لەكاتی ناپاكییەكەی 16ی ئۆكتۆبەریش ئێران و قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەی قودسی سوپای پاسداران ڕۆڵی سەرەكییان بینی لە ڕێككەوتنی ناپاكەكان لەگەڵ بەغدا، بۆ هێرش كردنە سەر كەركووك و خوورماتوو و خانەقینیش، سوپای پاسداران لە ڕیزی پێشەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بوون، دوای فەرمانی پاشەكشەكردن بە پێشمەرگە لەلایەن ناپاكەكانی ناو یەكێتییەوە، توانییان دەستبەسەر كەركووك و خورماتوو و خانەقین بگرن، لەو كاتەوەیش تا ئێستە هەزاران پێشێلكاری بەرانبەر بە مافی كوردانی كەركووك و خورماتوو ئەنجام دراوە و ناپاكەكانیش كە بەڵێنی پۆست و مامەڵەكردن بە نەوتی كەركووكیان پێ درابوو، هیچ یەكێك لەو بەڵێنانەیان بۆ جێبەجێ نەكرا.

ڕۆژی 18ی ئەم مانگە، لە سلێمانی و دەڤەری ڕاپەرین و گەرمیان، خۆپێشاندان لە ناوچە جیاجیاكان دەستی پێ كرد و سەرەتای گۆڕینی ئاراستەی خۆپێشاندانەكان لە خۆپێشاندانی مەدەنی و دوور لە توندوتیژی لە شارەدێی پیرەمەگروون دەستی پێ كرد و بارەگای پێنج حزبی كوردستان و ئاسایش سووتێنران، دوێنێش لە كۆیە و كفری و ڕانیە خۆپێشاندەران هەڵیانكوتایە سەر بارەگای حزبەكان و هێزەكانی یەكێتیش ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە و پێنج خۆپێشاندەریان لە ڕانیە كوشت و 80ی تریشیان بریندار كرد، بە فەرمانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لەسەر داوای پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەكر، كەناڵی ئێن ئاڕ تی بە تۆمەتی هاندان بۆ توندوتیژی داخرا و هێزێكی یەكێتیش لە كاتی گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، لە فڕۆكەخانە شاسوار عەبدولواحیدیان گرت.



وشە - باز ئه‌حمه‌د