ئەمڕۆ لە هەولێر فێستیڤاڵێكی كولتووری و هونەریی ساز دەكرێت

:: AM:09:38:16/11/2016 ‌
 
دوای ئەنجامدانی سێ فێستیڤاڵی هونەری و كولتووری تایبەت بەقوتابییان لە پەیمانگەی تەكنیكی هەولێر بۆ نمایشكردنی كار و چالاكیەكانیان لە بوارە جیاوازەكان، ئەمڕۆ چوارەم فێستیڤاڵ ساز دەكرێت. 

لەوبارەیەوە خۆزگە سەباح قوتابی لە كۆلێژی هونەرە جوانەكانی هەولێر بە"وشە"ی راگەیاند: لە درێژەی فێستیڤاڵە هونەری و كولتوورییەكانی تایبەت بەقوتابییان، ئەمڕۆ فێستیڤاڵێكی هونەر و كولتووری و كۆمەڵایەتی ساز دەكرێت و چەندان چالاكیی جۆراوجۆری تێدا پێشكەش دەكرێت. گرووپی رەنج بەهاوكاری سەنتەری ئاڵا لە كردنەوەی پێشانگەی تایبەت بەتابلۆ، بەشداری لە چوارەم فێستیڤاڵ لە پەیمانگەی تەكنیكی هەولێر دەكات. ئەو فێستیڤاڵە وەك ساڵانی ڕابردوو هەمەجۆرە لە بوارەكانی كولتوور و هونەر و خواردنی جۆراوجۆری كوردەواری، چالاكیی تایبەت بەقوتابییان پێشكەش دەكرێت.

هەروەها گوتی، لەو فێستیڤاڵەدا ئێمە وەك كۆلێژی هونەرە جوانەكانی هەولێر بە35 تابلۆ بەشدارین كە لەلایەن 19 هونەرمەندی شێوەكار كاریان بۆ كراوە، بەرهەمەكانمان زیاتر خۆیان لە سروشت دەبیننەوە.
 
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ڕۆژی چوارشەم لە سەعات 10، لەناو پەیمانگەی تەكنیكی هەولێر، چالاكییەكانی ئەو فێستیڤاڵە دەست پێ دەكات و تا سەعات دووی دوای نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت، سبەی پێنجشەمیش لە هەمان كات و شوێن درێژە بەچالاكییەكانی دەدات. 

ساڵانی ڕابردوو هەمان فێستیڤاڵ ساز كراوە بۆ دەرخستن و هاندانی ئەو قوتابییانەی توانای كاری هونەری و جۆراوجۆریان هەیە، تێیدا قوتابییان لە هەردوو ڕەگەز بەجلی فۆلكلۆری و كوردەواری بەشداری تێدا دەكەن و چالاكیی جۆراوجۆر پێشكەش دەكەن. 

وشە/ شاخەوان شێخانی








وشە - تایبه‌ت