بەشار ئەسەد دەڵێ ئامادەیە ببێتە هاوپەیمانی ترەمپ

:: AM:10:47:16/11/2016 ‌

بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری سووریا لە دیمانەیەكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنێكی پورتوگالی باس لەوە دەكات كە ئامادەیە لەگەڵ ئەمریكا ببێتە هاوپەیمان و دژی تیرۆریستان بجەنگێت.

هەڵبەت بەشار ئەسەد هەموو ئەو كەسانە بە تیرۆریست هەژمار دەكات كە نەیاری ئەون. ئەسەد لە كاتێكدا ئەو زانیارییانە ئاشكرا دەكات كە پیشتر دۆناڵد ترەمپ گوتبووی نابێت ئەمریكا رووخانی بەشار ئەسەد بكاتە ئەولەوییەتی كارەكانی بەڵكوو سەرەتا دەبێت تیرۆر لەناو ببات.

ئێران و رووسیا لە گرینگترین هاوپەیمانەكانی بەشار ئەسەدن و سەبارەت بە گوتەكانی ترەمپیش بەشار ئەدسەد دەڵێت "ئەوەی ترەمپ گوتوویەتی هیوابەخشە، هەڵبەت لەبارەی هەنگاوەكانی دۆناڵد ترەمپ بە پاریزەوە قسە دەكەین چونكە ئەو هیچ كاتێك پۆستێكی سیاسی نەبووە."

دۆناڵد ترەمپ لە كاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردندا كۆمەڵێك دروشمی بەرزكردەوە كە هەندێك لە وڵاتانی خۆشحاڵ و هەندێكی ترەی نیگەران كردووە. ئەگەر بەشار ئەسەد لە قسەكانی ترەمپ خۆشحاڵ بێت ئەوا ئێران نیگەرانە چونكە هەڕەشەی كردبوو رێككەتنی ناوكی هەڵدەوەشێنێتەوە.

هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە خوازیاری ئەوەبوون بەشار ئەسەد چیتر لە دەسەڵاتدا نەمێنێتەوە و ئەگەر ترەمپ لەسەر هەڵوێستەكەی خۆی سوور بێت ئەوا لەوانەیە بەشێك لە هاوپەیمانەكانی لەدەست بدات.

سەرچاوە/رادیو فردا


وشە - سلێمان تاشان