دوای فەرماندە سەربازییەكان.. پۆلیسی ئێرانیش هاتنە ناو عێراق

:: AM:11:01:16/11/2016 ‌

بەگوێرەی ئەو پارچە ڤیدیۆیەی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاو بووەتەوە، تێیدا ئۆتۆمبێلێكی پۆلیسی ئێران لە نێو شاری پارێزگای عێراق دەسووڕێتەوە و خەڵكیش كۆمێنت و سەرنجی زۆریان لەسەر ئەم دیاردەیە نووسیوە.

لە رۆژانی ڕابردوو 40ەی ئیمام حوسێن لە نەجەف و كەربەلا بەڕێوە دەچێ و بۆ ئەو مەبەستە بە سەدان هەزار هاووڵاتی شیعە لە ئێران و وڵاتانی تری دنیاوە ڕوویان لە عێراق كردووە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن.

هاووڵاتییانی ئێرانیش كە زۆرینەیان شیعە لە ڕێی دەروازەی زرباتییە لە سنووری پارێزگای میسان ساڵانە بە رێژەیەكی یەكجار زۆر لەو كاتەدا ڕوو لە عێراق دەكەن.

ئەو ڤیدیۆیەی بڵاو بووەتەوە، تێیدا ڕوون بووەتەوە كە ئۆتۆمبێلێكی پۆلیسی ئێران هێنراوەتە عێراق، ئەمەش ئەگەر لەلایەن بەغداوە پێشوازی لێ كرابێ، بەهیچ شێوەیەك ناكرێ ئۆتۆمبێلی رەسمی حكوومەتێكی تر بچێتە نێو خاكی وڵاتێكی تر، مەگەر بۆ چوونی شاندێكی فەرمی و دیپلۆماسی نەبێت.

عێراقییەكان لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بە چڕی ڤیدیۆكەیان بڵاو كردووەتەوە و ئەوان دەڵێن، ئیتر پۆلیسی ئێرانیشمان بۆ هات و هەموو شتێكی وڵاتەكەمان بووە بە ئێرانی.

ئەو قسانەی ئەوان لە كاتێكدایە، ئێران میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دروست كرد و هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێرانی لێ دەكات، هاوكات یاساكانی عێراق نزیك دەكاتەوە لە یاساكانی ئێران، لە ڕووی ئابووری و بازرگانی و تەواوی بوارەكانەوە هەژموونی تەواوی بەسەر باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەپاندووە.

سەرچاوە/سۆمەریەنیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د