دوای هاتنە نێو گۆڕەپانی سیاسیی دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان و 45ەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا، زۆرترین پانتایی لە تەواوی میدیاكانی جیهان داگیر كردووە و ئێستەش وێنەی ترەمپ و باڵندەیەك، میدیاكانی تەنیوە و ئەوان باڵندەكە بە هاوشێوەی ترەمپ لە قەڵەم دەدەن.
گەورە سەرمایەداری ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی 45ەمین سەرۆكی ئەمەریكا لەسەر حزبی كۆمارییەكان خۆی كاندید كرد و توانی زۆرترین رێژەی ئەندامانی كۆمەڵگەی هەڵبژاردن بباتەوە و بەسەر هیلاری كلینتنی كاندیدی دیموكراتەكان زاڵ بێ، بەمەش بووە 45ەمین سەرۆكی ئەمەریكا.
ترەمپ بە قسە سەیرەكانی هەم بووەتە جێگەی گاڵتە و گەپی خەڵك لە سەرتاسەری دنیادا، هەمیش بووەتە جێگەی ترس، چونكە ئەو حیساب بۆ هیچ رێككەوتن و هاوكێشەیەكی سیاسی و جیهانی ناكات.
ئەم جارە رۆژنامەیەكی چینی وێنەیەكی ترەمپی لەگەڵ وێنەی چین و ماچینێك بەیەكەوە لكاندووە و ئاماژەی بەوە كردووە كە هاوشێوەیەكی تری دۆناڵد ترەمپ دەركەوت.
ئەو "چین و ماچین"ە لە باخچەی ئاژەهەڵانی شاری سافاری هانگزۆ دەژی و بە سوورەی بچووك ناوی دەركردووە، سەر و شێوەی ترەمپ و چین و ماچینەكە بەیەك دەچن و ئەمەش وای كردووە كە ببێتە یەكێك لە هاوشێوەكانی دۆناڵد ترەمپی 45ەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا.
رۆژنامەكە نووسیویەتی، دوای دۆزینەوەی هاوشێوەی ترەمپ لە باخچەی ئاژەڵانی سافاری هانگزۆ، پێشبینی دەكرێ ژمارەی سەردانكەرانی ئەو باخچەیە زۆر بەرز ببێتەوە، هەمووان دەچن تا هاوشێوەكەی دۆناڵد ترەمپ ببینن.
سەرچاوە/سكای نیوز.