جیۆگرافیا سیاسی دەگۆڕێ و پارتی به‌ یه‌كه‌میی ده‌مێنێته‌وه‌

لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگی یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ بۆ لیستە نوێكان دەڕوات

بڕیارە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم لە كوردستان ئەنجام بدرێت. پسپۆڕان و چاودێران پێشبینی دەكەن، نەخشەی سیاسیی كوردستان گۆڕانكاری گەورەی تیادا دروست ببێت و پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێژەی دەنگەكانی بەرز ببێتەوە. بە تایبەت لە سلێمانی بەهۆی دەركەوتنی لیستی نوێ، پێشبینی موفاجەئە و كەمبوونەوەی دەنگی یەكێتی و كۆمەڵ و گۆڕان دەكرێ، بە گواستنەوەی دەنگەكانیان بۆ لیستە نوێیەكان.

ئەگەرچی پەرلەمانی كوردستان ڕۆژی 24ی 10ی ئەمساڵ وادەی خۆی بۆ دوو خولی یاسادانان درێژ كردەوە و تا مانگی حوزەیران/یۆنیۆی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە نامەیەكدا بۆ پەرلەمانی كوردستان و كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم، ئاماژەی بەوە كردووە كە ئامادەكاری بكرێت لە ماوەی كەمتر لە سێ‌ مانگدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەش ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی پێشان داوە بۆ دابینكردنی هەر پێویستییەك بۆ ئەو مەبەستە. چاودێران و بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان ئاشكرای دەكەن، هەڵبژاردنی ئەمجارە لە پارێزگای سلێمانی گۆڕانكاری گەورە بە خۆیەوە دەبینێت.

یەكێتی بچووكتر دەكاتەوە
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەردەم ئەزموونێكی ئاڵۆز و سەختی ناوخۆیی خۆیدایە، بە درێژایی مێژووی یەكێتی، هیچ كاتێك وەك ئێستە بارودۆخی ناوخۆیی ئاڵۆز و خراپ نەبووە، تەنانەت چوونە دەرەوەی نەوشیروان مستەفا دووەم گەورەترین سەركردەی یەكێتی دوای تاڵەبانی لە ساڵی 2009، بە ئەندازەی ئێستە یەكێتیی دووچاری شڵەژانی ناوخۆیی نەكرد، ئەمەش وای كردووە داهاتووی سیاسیی ئەو حزبە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە تەواوەتی بكەوێتە بەر مەترسی و كەمبوونەوەی زیاتری دەنگەكانی لە پارێزگای سلێمانی.

یەكێتی لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستاندا لە پارێزگای سلێمانی 234 هەزار و 252 دەنگی بەدەست هێنا و بووە خاوەنی 18 كورسی لە پەرلەمانی كوردستان، لە كاتێكدا پێشتر لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا لە پەرلەمان خاوەنی 59 كورسی بوون، بەڵام پێشبینی دەكرێت دەنگەكانی یەكێتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا زیاتر دابەزن.

یەكێتی لە دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی لە ساڵی 2012ـەوە، بەردەوام و ڕۆژ دوای ڕۆژ كێشە ناوخۆیییەكانی زیاتر دەبن، ئەوەش وای كردووە بڕیاری سیاسی و ئاراستەی ئەو حزبە بەسەر چەند باڵ و سەركردەیەكدا دابەش ببێت و بەردەوام پێگە سیاسییەكەی لە كوردستاندا بەرەو لاوازی بچێت. نەبوونی سەركردەیەك كە سەنتەری بڕیاردان بێت لەناو یەكێتی، یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی ئەو حزبەیە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكان و بەڵێنەكانی بۆ خەڵك، هاوكات مەترسی ئینشیقاقێكی تر و لێكترازان و دووركەوتنەوەی بەشێك لە سەركردەكانی وەك بەرهەم ساڵح، بەشێكی تری هۆی كەمبوونەوەی دەنگەكانیەتی. ئەمە جگە لەو خیانەتەی لە 16ی ئۆكتۆبەردا لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ئەنجامی دا و لەگەڵ سوپا و حەشدی شەعبی ڕێككەوت و ئەو ناوچانەیان رادەستی عێراق كردەوە و ئێستەیش كوشتوبڕ و كارەساتی مرۆیی تیایاندا دژ بە كورد ئەنجام دەدرێت.

نیاز سەلیم ئەندامی دەزگەی هەڵبژاردنی یەكێتی، بۆ "وشە"ـی ئاشكرا كرد، یەكێتی ئەوەی هەیە كێشە لەناو سەركردایەتییەكەیدایە و كۆنگرە ئەو كێشانە دەڕەوێنێتەوە.

یەكێتی دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هەرچۆنێك بێت تۆزێك خۆی ڕێك بخاتەوە و لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگەكانی زۆر كەم نەكات، بەڵام دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بە تەواوەتی شكستی یەكێتییان لە بەڕێوەبردن و چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك و پارێزگای سلێمانی بینیوە، بۆیە پێشبینی دەكرێ خۆری یەكێتی لە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان ڕوو لە ئاوابوون بكات. 

دەنگی پارتی گەشە دەكات
پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا دەنگەكانی بە ڕێژەیەك لە پارێزگای سلێمانی زیادیان كردووە، بەرپرسانی ئەو حزبەش ڕای دەگەیەنن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگەكانیان لە پارێزگای سلێمانی زیاتر دەكات.

پارتی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013دا 92 هەزار و 500 دەنگی بەدەست هێناوە، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2009 زیاتر لە 15 هەزار دەنگی زیاد كردووە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش لە سلێمانی ئەگەر مانەوەی دەنگەكانی بەو جۆرە و زیادكردنیشی هەیە.

خەڵكی پارێزگای سلێمانی بە درێژایی 10 ساڵی ڕابردوو تەواو نیگەرانن لە سیاسەتی یەكێتی و گۆڕان لە بەڕێوەبەردنی ئەو پارێزگایەدا، چونكە 10 ساڵی ڕابردوو گەورەترین تەنگژە و نەبوونی خزمەتگوزاری و بێكاری و هەژاری ڕووی لە سلێمانی كردووە، ئەوەش وای لە خەڵك كردووە بیر لەوە بكەنەوە دەنگ بە پارتی بدەن ئەزموونێكی تری سیاسی و حكومڕانی لە پارێزگای سلێمانی تاقی بكەنەوە.

عەتا شێخ حەسەن گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی، بۆ "وشە"ـی ڕوون كردەوە، پارتی لە سلێمانی لە ڕووی جەماوەرییەوە بەهێز بووە و لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا دەنگەكانی زیاد دەكات.

زیاتر گوتی، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی خۆیدا تەنیا پارتی بە هەموو شێوەیەك پێشوازی لێ كرد و سەرجەم لایەنەكانی تر داوای دواخستنیان كرد، ئەوەش مانای ئەوەیە سەرجەمیان جگە لە پارتی، لە پێگە و دەنگی خۆیان دەترسن لە هەڵبژاردنەكەدا.

بەپێی زانیارییەكانی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بەرنامەی چڕ دادەنێت و دەستی بە كاركردن كردووە بۆ مسۆگەركردنی ده‌نگی زۆرتر و رێژه‌ی زیاتری كورسی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەمە ئەو حزبە دەیەوێ سوود لە ئیدارەدانی پرسە نەتەوەیییەكان وەربگرێت كە خۆی رابەرایەتی كردووە و هاوكات دژی نەیارانی كوردستان وەستاوەتەوە و ئامانجی نەتەوەیی كردووە بە لوتكەی كاری خۆی.

گۆڕان و كۆمەڵ، مانەوە و بچووكبوونەوە
بزووتنەوەی گۆڕان ساڵی 2009 لەسەر دەستی نەوشیروان مستەفا دروست بوو. هەر ئەو ساڵە لە بەهێزترین پێگەی خۆیدا بەشداری هەڵبژاردنەكانی كرد و بووە خاوەنی 25 كورسیی پەرلەمان، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2013دا گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی 333 هەزار و 960 دەنگی بەدەست هێنا و بەراورد بە هەڵبژاردنی 2009 نزیكەی 15 بۆ 20 هەزار دەنگ كەمی كرد، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان گۆڕان دەنگەكانی كەم دەكەن و بۆ ئەوەش زیاد لە هۆكارێك هەیە.

بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر لە شەش مانگە بەبێ‌ نەوشیروان مستەفا بەڕێوە دەبرێت و عومەری سەید عەلی جێی نەوشیروان مستەفای گرتووەتەوە، بەڵام كێشە ناوخۆیییەكانی ئەو حزبە و نەبوونی دنیابینییەكی ڕوون بۆ بڕیاردان و پرسە سیاسییەكانی هەرێم وای كردووە خەڵكێكی زۆر كە دەنگیان بە گۆڕان داوە نیگەران بن و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگەكانی لێ‌ بستێننەوە، ئەمە لەكاتی چوونی بەرپرسانی گۆڕان بۆ ناو خەڵك بە تەواوی دەركەوتووە.

لە ماوەی سێ‌ ساڵی ڕابردوودا که‌ وەزیرەكانی گۆڕان دوورخرانه‌وه‌ و سەرۆكی پەرلەمانیشی رێگه‌ی لێگیرا، هیچ هەڵوێست و بڕیارێكی یەكلاكەرەوەی لەبارەی ئایندەی خۆی و سیاسەتی هەرێم نەخستە ڕوو، ئەوەش خەڵك و دەنگدەرانی خۆی لە پارێزگای سلێمانی بێ ئومێد كرد، سەرەڕای ئەوەی ململانێی پۆست و بەڕێوەبردنی گۆڕان و كێشەی نەوەی نوێ‌ و كۆنی ئەو حزبە و دابەشبوونی بەسەر باڵی عومەری سەید عەلی و قادری حاجی عەلی، گورزی كوشندە لە ڕێژەی دەنگدان بە گۆڕان دەدات.

ئێستە بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت بەهۆی بڕیاری بوونی بە ئۆپۆزسیۆن و كشانەوەی لە حكوومەت دەنگە ناڕازییەكانی شەقام بۆ خۆی بكڕێتەوە، بەڵام بە بڕوای چاودێرانی سیاسی ئەو بڕیارەی گۆڕان درەنگوەختە، چونكە خەڵك دەڵێت سێ‌ ساڵی ڕابردوو خەڵك بێ مووچە و خزمەتگوزاری و بێكار بوو گۆڕان ئەو بڕیارەی نەدا، ئێستە كە خۆی بێ ئومێدە لە گەڕانەوەی وەزیرەكانی و سەرۆكی پەرلەمان، بۆیە بڕیارە دەدات.. وەك دەشڵێن "گۆڕان لە سێ‌ ساڵی ڕابردوودا جگە لە دەركردنی بەیاننامە هیچ هەڵوێستێكی ڕوون و كرداری بۆ باشكردنی دۆخی خەڵك لێ‌ نەبینراوە. 

ئەمە سەرەڕای فەرامۆشكردن و جێبەجێنەكردنی هیچ خاڵێكی ناو بەرنامە و بانگەشەی هەڵبژاردنی ڕابردوو كە خۆی لە كۆمەڵێك بەڵێن دەبینییەوە.

زمناكۆ جەلال بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان، بۆ "وشە"ـی ئاشكرا كرد، لەناو گۆڕان ئەو كاتەی كاك نەوشیروانیش مابوو بۆچوونی جیاواز هەر هەبوو، بەڵام وەك هێزەكانی تر جیاوازیی گۆڕانی پەرت نەكردووە و نەبووەتە هۆی لادان لە بەرەی خەڵك.

هەرچی كۆمەڵی ئیسلامییە، پێشبینی دەكرێ لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگەكانی بە ڕێژەیەك كەم ببێتەوە. ئەو حزبە لای خەڵكی پارێزگای سلێمانی لە سێ‌ ساڵی ڕابردوودا هەمان هەنگاوی گۆڕانی گرتووەتە بەر، هەم لە حكوومەت بەشدارە و هەمیش خۆی وەك ئۆپۆزسیۆن پێشان دەدا، ڕەنگە وەك گۆڕان بتوانێ بە قسە و بەڵێن و بێ هیچ كردارێك، بەشێك لە دەنگدەرانی سلێمانی وەربگرێ، بەڵام بەهۆی كێشە و ناكۆكی قووڵی ناوخۆیی، بەتایبەت پرسی باڵی "نەهزەكان" و چوونی بەشێك لە سەركردەكانی بۆ لیستەكەی بەرهەم ساڵح و فەرامۆشكردنی حزبەكە لەلایەن عەلی باپیر و بەردەوامی خەریك بوون بە گەشت و ژیانی تایبەتی خۆی، دەبنە هۆكارێك بۆ كەمبوونەوەی دەنگەكانی ئەو حزبە و مەترسی گەورەتربوونی ناكۆكییەكانی ناو باڵەكانی ئەو حزبەیش لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردن بەهێزتر دەبێ.

كۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵبژاردنەكانی 2013دا لە پارێزگای سلێمانی 67 هەزار و 285 دەنگی بەدەست هێناوە. بەهۆی ئەو هۆكارانەوە ئەگەری هەیە كۆمەڵ ڕێژەیەك لە دەنگەكانی لە دەست بدات.

هاوژین عومەر بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی، ئاماژەی بەوە كرد كە حزبەكەیان بەپێی ئەو ڕاپرسی و ئامارانەی لە بەردەستیدان دەنگەكانی زیاد دەكەن، بەڵام ناكرێت ئێستە باس لە هیچ ژمارەیەك بكەین، نە بۆ خۆمان نە بۆ حزبەكانی تریش.

یەكگرتووی ئیسلامیی
لە ڕووی سیاسی و سیاسەتكردنەوە یەكگرتووی ئیسلامی لە حزبەكانی تر لای جەماوەری پارێزگای سلێمانی سەركەوتووتر بووە، چونكە لەسەر هێڵە نیشتمانییەكە لای نەداوە و بێدەنگیش نەبووە لە ئاست نەبوونی خزمەتگوزارییەكان، بۆیە پێشبینی دەنگی یەكگرتوو ناكرێ، ئەمەیش بەهۆی بوونی لیستی نوێ‌ و جیابوونەوەی چەند سەركردەیەكی یەكگرتوو و چوونە ناو حزبە نوێیەكان، كێشە بۆ یەكگرتوو دروست دەكات.

یەكگرتووی ئیسلامی بە سەركردایەتیی سەڵاحەدین بەهادین توانیویەتی سیاسەتی ناوەندی و میانڕەوییانەی خۆی پەرە پێ‌ بدات، لەناو سەركردایەتی و مەكتەب سیاسییەكەیدا یەكگرتووییەكی لانی كەم ڕووكەشی دەبینرێت و لە ڕووی ڕێكخستن و پەروەردەیییەوە هەنگاوی خۆی ناوە، لە ڕووی سیاسیشەوە، یەكگرتوو ڕێگر بووە لە دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان، ئەوەیش پێگەی یەكگرتووی بە زیندوویی هێشتووەتەوە.

یەكگرتوو لە هەڵبژاردنەكانی 2013دا 84 هەزار و 82 دەنگی لە پارێزگای سلێمانی بەدەست هێناوە، ئەگەر ئەو سەركردانەی جیا بوونەتەوە نەچنە پاڵ حزبێكی سیاسی، ئەوا یەكگرتوو لە هەڵبژاردنەكاندا بەرەو هەڵكشان دەچێت لەناو پارێزگای سلێمانی.
هێمن ئەسكەندەر ئەندامی دەزگەی هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بە"وشە"ـی گوت، "ئەگەر دەنگەكانمان زیاتر نەكەین، دەنگەكانی خۆمان ‌و 10 كورسییەكەی پەرلەمان دەهێنینەوە."

لیستە نوێیەكان، له‌ لیستە كۆنەكان دەخۆن
بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە پارێزگای سلێمانی دوو لیستی نوێ‌ دێنە ناو هەڵبژاردنەكان و سنووری بنكە جەماوەرییەكەیان تەنیا لە پارێزگای سلێمانیدا دەبێت، ئەوانیش لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتیی دەكات و لیستی نەوەی نوێ‌ كە شاسوار عەبدولواحید رای گەیاندووە.

ئەم دوو لیستە نوێیە، دەنگی لایەنەكانی گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو و یەكێتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی پەرت دەكەن و بۆ خۆیانی دەبەن، بە تایبەت لیستەكەی بەرهەم ساڵح كە وا پێشبینی دەكرێت جیا لە بردنی ڕێژەیەكی زۆری دەنگی یەكێتی، بەهۆی تێكەڵی پێكهاتەی لیستەكەیش لە كادر و سەركردە زیزەكانی حزبەكانی تر، دەنگی لایەنە كۆنەكانیان بۆ لیستە نوێكەیان بەرن. ئەمەش وا دەكات دەنگی ئەو لایەنانەی بەختی سیاسییان بە جەماوەری پارێزگای سلێمانییەوە هەڵواسیوە، مەترسییان بكەوێتە سەر و لەم هەڵبژاردنەدا نەتوانن بە ئاسانی ببن بە خاوەنی زۆرترین دەنگ.

گۆڕینی دەنگی حزبەكان، بچووكبوونەوە و گەورەبوونی هەندێكیان و دەركەوتنی هێزی نوێ وا دەكات جیۆگرافیای سیاسی لە پارێزگای سلێمانی گۆڕانكاری گەورە بە خۆیەوە ببینێت و ئایندەی سلێمانی و خزمەتگوزاری و گوزەرانی هاووڵاتییانیش زیاتر پەراوێز بخرێت بە هۆی ململانێ سیاسییەكانەوە. 

كێشەی تر بوونی هەیە
لە هەڵبژاردنی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، لە سلێمانی گۆڕان زۆرترین دەنگی هێنا و سەرۆكی لیستەكەیشی هەڤاڵ ئەبوبەكر تا كۆتای خولی هەڵبژاردنەكە ڕێگەی نەدرا ببێت بە پارێزگاری سلێمانی و ئێستە لە كاتی درێژكردنەوەی ماوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەهۆی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بووەتە پارێزگار، كار نەكردنی حزبەكانی سلێمانی بە خواستی دەنگدەران و ڕێگە نەدان بە وەرگرتنی دەسەڵاتی ناوخۆیی پارێزگاكە لەلایەن لیستی براوەوە، دەنگدەرانی سلێمانی لە هەڵبژاردن بێ ئومێد كردووە، بۆیە پێشبینی دەكرێ 40%ی دەنگدەرانی سلێمانی بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو نەكەن.

لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كە لە 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەر ئەنجام درا، لە كۆی نزیكەی ملیۆنێك و 100 هەزار دەنگدەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 661 هەزار كەس دەنگیان داوە، واتە دەتوانین بڵێین ڕێژەی 40%ی دەنگدەران نەچوونەتە سەر سندووقەكانی دەنگدان.

عەبدوڕەحمان خەلیفە پسپۆڕی بواری هەڵبژاردن، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، لەم هەڵبژاردنە لە پارێزگای سلێمانی گۆڕانكاری دەبینین، حزبە گەورەكان ئەگەری بچووكبوونەوەیان هەیە و قەوارە نوێیەكانیش ئەگەری دەركەوتن و دەنگهێنانیان هەیە، هاوكات ڕێژەی دەنگدان بە شێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت.

ئه‌نجام
چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌ سێ مانگی سه‌ره‌تای ساڵی 2018 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌ بچێت و نه‌خشه‌ی سیاسیی بێته‌ گۆڕین، له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا روون نییه‌ چ سیستمێكی هه‌ڵبژاردن پێڕه‌و ده‌كرێت چونكه‌ تا ئێسته‌ یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی لیستی نیمچه‌ كراوه‌وه‌ خه‌ڵك پێی وایه‌ په‌رله‌مانتاری ناشایسته‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ په‌رله‌مان و به‌رده‌وام ره‌خنه‌ ده‌كرێن. 

هه‌رچه‌نده‌ تا ئێسته‌ ته‌نیا ده‌نگی پارتی جێگیره‌ و ئه‌ندامه‌كانی روونن و ئه‌وه‌ وا ده‌كات به‌ به‌هێزی بمێنێته‌وه‌ و شانسی یه‌كه‌می له‌سه‌ر ئاستی كوردستان هه‌ر لای ئه‌و حزبه‌ بێت، به‌ڵام هاووڵاتییان تامه‌زرۆی زوو ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و دروستكردنی په‌رله‌مانێكی نوێن كه‌ حكوومه‌تێكی تۆكمه‌ متمانه‌ پێ بدات و ژیانێكی باشتریان بۆ مسۆگه‌ر بكات.

هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان به‌رده‌وام حزبی نوێ و ده‌رفه‌تی ده‌ركه‌وتنی خه‌ڵكی تازه‌ی ره‌خساندووه‌، ئه‌وه‌ش به‌گوته‌ی چاودێران، بۆ زیندووی دۆخی سیاسیی و بوونی ئازادی ده‌نگدان و قبوڵكردنی جیاواز ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردووی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكاندا خۆی سه‌پاند به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كاندا و رێگه‌ی نه‌دا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئیداره‌ی شاره‌كه‌ بگرێته‌ ده‌ست، كه‌ به‌ ژماره‌ یه‌كه‌می پارێزگاكه‌ بوو، به‌ كورسیش 12 كورسی برده‌وه‌ به‌رانبه‌ر 11 كورسی یه‌كێتی.

ئێسته‌ خواستێك له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانیش سه‌ری هه‌ڵداوه‌ داوا ده‌كات هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نه‌كانیش له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌ بچێت، به‌ڵام هێشتا كۆمسیۆن بۆچوونی فه‌رمی خۆی رانه‌گه‌یاندووه‌ كه‌ توانای به‌ڕێوه‌بردنی زیاتر له‌ یه‌ك هه‌ڵبژاردنیان هه‌یه‌ له‌یه‌ك كاتدا یا نا.


وشە - تایبه‌ت


AM:09:34:23/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 7749 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌