دوای ناپاكییه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر..پیلانی خیانه‌تێكی تر له‌ كوردستان ئاشكرا ده‌بێ

:: AM:08:51:24/12/2017 ‌

سەركردەی ژمارەیەك حزبی كوردستان بە نهێنی و دوور لە چاوی میدیاكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق كۆ بوونەتەوە و دەیانەوێ پشتیوانی بەغدا مسۆگەر بكەن بۆ نەهێشتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكوومەتێك لەلایەن خۆیانەوە بە پشتیوانی بەغدا، ئەمەیش دوای ئەوە دێ، خۆپێشاندان لە ناوچەكانی گەرمیان و سلێمانی و ڕاپەرین لە 18ی ئەم مانگەوە دەستی پێ كرد و چەند حزبێكیش لە حكوومەت كشانەوە.

بەرپرسێكی سیاسی باڵا بە "العربی الجدید"ی ڕاگەیاند، سەركردەی بەشێك لە حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی كوردستان بە نهێنی كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی بەغدا كردووە، بەو ئامانجەی پشتیوانی بەغدا بەدەست بهێنن، بۆ پاڵپشتیكردنی تەواوەتی بەغدا لە خۆپێشاندەران و بەكارهێنانی خۆپێشاندەران بۆ لەناوبردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دواتریش پێكهێنانی حكوومەتێكی سەر بە بەغدا لەلایەن ئەو حزبە ئۆپۆزسیۆنانەوە.

زیاتر گوتی، ئەو لایەنانە دەیانەوێ ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بقۆزنەوە و بەرژەوەندییەكانی خۆیان بەدی بهێنن، شەقام و خەڵكی كوردستانیش بكەنە ئامرازێك و بەكاریان بهێنن، تا خۆیان حكوومەتێكی سەر بە بەغدا لە هەرێمی كوردستان دروست بكەن.

سەرچاوە سیاسییەكە گوتی، ئەو لایەنانە داوایان لە بەغدا كردووە، دەرگەی گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی هەرێم نەكاتەوە و سزاكانی سەر كوردستانیش قوڕستر بكات، بۆ ئەوەی شەقام و خەڵك زیاتر بخرۆشێن و كۆتا بە حكوومەتی هەرێم بهێنن، بە توندوتیژی و زۆرەملێ، حكوومەتی عێراقیش دەیەوێ حكوومەتی هەرێم بخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی، بۆ جووڵاندنی شەقام و قووڵكردنەوەی تەنگژەكان، لە بەرژەوەندی بەغدایە بۆ زاڵبوون بەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، بۆچوونی حزبە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانیی شیعەكان لە یەكتر نزیكە و سەركردە و پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی نیشتمانیی شیعەكانیش داوا دەكەن بە هیچ شێوەیەك گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ هەولێر نەكرێ، هاوكات حكوومەتی بەغدایش لەسەر پرسی دانوستاندن لەگەڵ كوردستان دەڵێ، لەگەڵ ئەو لایەنانە گفتوگۆ دەكات كە نوێنەرایەتی گەلی كورد دەكەن، نەك ئەو حزبانەی دەسەڵاتی هەرێمیان بەدەستەوەیە، ئەمەیش بە تەواوی تەنگژەكانی قووڵتر كردووەتەوە.

ڕێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، هەرێمی كوردستان بە دەستوور بە بەغدا بەستراوەتەوە و پێویستە هەرێمی كوردستان بەرپرسیاریەتی بگرێتە ئەستۆ و دوور بكەوێتەوە لە بەرژەوەندی كەسی و حزبی، ڕێز لە داوا و خواستی هاووڵاتییانی كورد بكات.
ئەو هەوڵەی هەندێ لە حزبەكانی سلێمانی لەلایەن چاودێرانەوە، سەرەتای دەركەوتنی خیانەتێكی تری نیشتمانی لێك دەدرێتەوە، دوای ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەر بە هۆی خیانەتی گرووپێكی ناپاكی ناو حزبێكی كوردستان، كەركووك و خورماتوو و خانەقین بێ تەقە ڕادەستی میلیشیاكانی حەشد و پاسدار كران، ئێستەیش هەندێ حزب دەیانەوێ لەگەڵ بەغدا ڕێك بكەون، بۆ لەناوبردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دواتریش پێكهێنانی حكوومەتێكی تر لەلایەن خۆیانەوە، بەڵام هیچ گرەنتییەك نییە كە بەغدا دواتر ئەو حكوومەتە بۆ ئەوان دروست دەكات، یان وەك ناپاكێك سەیریان دەكات و ئەو بەڵێنانەی بە خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەری دابوو و هیچی لێ بەدی نەهێنا، چۆن بۆ ئەوان بەڵێنەكان جێبەجێ دەكات.

ڕۆژی 18ی ئەم مانگە، لە سلێمانی و دەڤەری ڕاپەرین و گەرمیان، خۆپێشاندان لە ناوچە جیاجیاكان دەستی پێ كرد و سەرەتای گۆڕینی ئاراستەی خۆپێشاندانەكان لە خۆپێشاندانی مەدەنی و دوور لە توندوتیژی لە شارەدێی پیرەمەگروون دەستی پێ كرد و بارەگای پێنج حزبی كوردستان و ئاسایش سووتێنران، رۆژێك دواتر لە كۆیە و كفری و ڕانیە خۆپێشاندەران هەڵیانكوتایە سەر بارەگای حزبەكان و هێزەكانی یەكێتیش ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە و پێنج خۆپێشاندەریان لە ڕانیە كوشت و 80ی تریشیان بریندار كرد، بە فەرمانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لەسەر داوای پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەكر، كەناڵی ئێن ئاڕ تی بە تۆمەتی هاندان بۆ توندوتیژی داخرا و هێزێكی یەكێتیش لە كاتی گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، لە فڕۆكەخانە شاسوار عەبدولواحیدیان گرت، هاوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا پشتیوانی خۆی بۆ خۆپێشاندانی مەدەنی لە چوارچێوەی یاسا و ئازادی و دیموكراتی دووپات كردەوە و هەڵكوتانەسەر بارەگاكان و توندوتیژی ڕەت كردەوە و ئاماژەی بەوە دا، ئەمجۆرە خۆپێشاندانە قبووڵكراو نییە، زانیارییەكان و میدیاكان دووپات لەوە دەكەنەوە، گۆڕینی خۆپێشاندانەكان بۆ توندوتیژی بە هاندانی هەندێ لایەنی كوردی لە ناوخۆ بووە و دەستی بەغدا و تارانیشی تێدایە، بۆ تێكدانی دۆخی تەناهی هەرێمی كوردستان و یەكڕیزی ناوماڵی كورد و گەڕانەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی، هەندێ هێزی سیاسیش دەیانەوێ وەك مانۆڕێكی سیاسی خەڵك و جەماوەر بەكار بهێنن، بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و فشار دروستكردن لەسەر حكوومەت تا گوێی لە داوای حزبەكان بگرن و بەرژەوەندییەكانیان بۆ دەستەبەر بكەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د