گۆڕان هەڵبژاردنە ناوخۆیییەكانی ناكات
"مەترسی تەقینەوەی ناكۆكییەكان و زەقبوونەوەی كێشەكانی هەیە"

:: PM:02:07:16/11/2016 ‌

جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری داوە هەڵبژاردنە ناوخۆیییەكانی حزبەكە كە بازنە و مەكۆكان دەگرێتەوە، لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا نەكرێت و بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنەكانی حزبەكەش ئاشكرای دەكات كە هەڵبژاردنە ناوخۆیییەكان بۆ كاتێكی نادیار دوا خراوە.

بەپێی پێڕەوی ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، دەبێت هەموو دوو ساڵ جارێك هەڵبژاردن بۆ بەرپرسی مەكۆ و بازنەكان و سكرتێر و ئەندامانیان بكرێت، ساڵانی رابردوو لە 12ی كانوونی یەكەم هەڵبژاردنەكان بەڕێوە چوون، بەڵام بۆ ئەمساڵ هەڵبژاردنەكە ناكرێت، ئەوەش نیگەرانی بەشێك لە كادر و ئەندامانی حزبەكەی لێ كەوتووەتەوە.

شۆڕش حاجی گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، ئامادە نییە لەوبارەیەوە هیچ قسەیەك بكات، ئەو بە "وشە" دەڵێ‌، "ئەو بابەتە پێوەندی بە پێڕەوی ناوخۆی حزبەوە هەیە و پێویست ناكات قسەی لەسەر بكرێت، من هیچ قسەیەكی لەسەر ناكەم".

بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆكایەتی نەوشیروان مستەفا، پاش جیابوونەوەی لە یەكێتیی نیشتمانی، لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە 2009دا وەك هێزێكی سەربەخۆ هاتەپێش و 25 كورسی پەرلەمانی بردەوە.

زمناكۆ جەلال بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆران بۆ "وشە"ی ئاشكرا كرد، "لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكەدا باس لە هەڵبژاردنە ناوخۆیییەكان كراوە كە دەبوو لە كانوونی یەكەمی ئەمساڵ ئەو هەڵبژاردنانە بەڕێوە بچن، بەڵام بۆ كاتێكی نادیار دوا خراون، نازانرێت كەیە، بەڵام  كاتێكی نزیكە و زۆری پێ ناچێت".

جەلال دەڵێ‌، "دواخستنی هەڵبژاردنەكان بەهۆی ئەو بارودۆخە ناهەموارە سیاسی و سەربازییەوەیە كە كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، چونكە لایەنگران و ئەندامانی ئێمەش لە هەموو چین و توێژەكانی ئەم كۆمەڵگەیەن و بارودۆخەكەش بە هەموو شێوەیەك كاریگەری لەسەرمان هەیە".

"لەلایەن بازنە و مەكۆكانەوە تۆماری ناوی ئەندامان و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەكە گەیشتووەتە دەستمان و ئامادەكارییەكان كراون بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لە ئێستەدا لەبەر ئەم بارودۆخە ئەنجامدانی بە باش نازانین و لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا بڕیارمان لەسەر دواخستنی داوە".

دواخستنی هەڵبژاردنە ناوخۆیییەكانی گۆڕان لە كاتێكدایە كە نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە، ماوەی چەند مانگێكە هەرێمی كوردستانی جێ هێشتووە و نەگەڕاوەتەوە، زیاتر لە ساڵێكیشە وەزیرەكانی ئەو حزبە لە حكوومەت دوور خراونەتەوە و رێگریش لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان كرا، بەمەبەستی كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەولێر بگەڕێتەوە.

دەلیل جەمال چاودێری سیاسی بە "وشە" دەڵێ‌، "ئێستە بارودۆخی كوردستان ناهەموارە، بارودۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕانیش باش نییە نائاسایییە، لەبەرئەوە ناچارن هەڵبژاردنەكە دوا بخەن".

زیاتر دەڵێ‌، "گۆڕان چەندان كێشەی ناوخۆی هەیە، لە دەركردنی وەزیرەكانی لە حكوومەت، ناردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان، ئەگەری كشانەوە و نەكشانەوە لە حكوومەت و نائامادەیی رێكخەری گشتی حزبەكەش بەشێك لە كێشە ناوخۆیییەكانی گۆڕان پێك دێنێت كە وا دەكات نەتوانێت هەڵبژاردنە ناوخۆیییەكانی بەڕێوە ببات"، جەلال وای گوت.

چاودێرە سیاسییەكە زیاتر دەڵێ‌، "ئەگەر گۆڕان لە ئێستەدا هەڵبژاردن بكات، ئەگەری زۆر هەیە دووبەرەكی و ناكۆكی تێدا دەربكەوێت، چونكە بیركردنەوەی جیاواز لە ناو حزبەكەدا لەسەر كێشەكان و بەڕێوەبردنی حزب هەیە، بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆیییەكان، كێشە ناوخۆیییەكانی گۆڕان زەقتر دەبنەوە، لەبەرئەوە بڕیاری دواخستنیان داوە".

وشە/ سەلام هانەدنی


وشە - تایبه‌ت