بانگخوازێكی ئیسلامی ژنانی سعوودیە تووڕە دەكات

:: PM:02:19:16/11/2016 ‌

گوتەكانی ئەم دواییەی بانگخوازی ئیسلامی محمەد عورەیفی، لەبارەی دەسەڵاتی پیاو بەسەر ژن و هاوسەردا، لە سعوودیە ناڕەزایی و تووڕەیییەكی فرەوانی بە دوای خۆیدا هێناوە، بە تایبەت لەلایەن ئەو ژنانەوە كە داوای كەمكردنەوە و لابردنی دەسەڵاتی پیاوان و وەلی ئەمر دەكەن، لە بوارەكانی ئازادیی گەشتكردن بە تەنیا و كۆچكردن و هاوسەرگیری و بەڕێوەبەردنی كاروباری تایبەت بە خۆیان.

لەوبارەیەوە پێگەی كەناڵی ئەلجەدیدی لبنانی بڵاوی كردووەتەوە، كە لە ئێستەدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژ بەو بانگخوازە، ژمارەیەك لە ژنان و بەكارهێنەرانی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە هاشتاگێكیان بە ناونیشانی "#لن_نشكرك_یاعریفی" دروست كردووە، كە ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە یەكێكە لەو رووبەرە دەگمەنانەی هاووڵاتییانی سعوودیەیی ناڕازی، دەتوانن لێیەوە هەناسەیەكی كەمێك ئازاد هەڵبمژن و گوزارشت لە بۆچوونەكانی خۆیان بكەن.

جێی ئاماژەیە عورەیفی، لە لێدوانەكانی ماوەی رابردوویدا داواكارییەكانی ئەو ژن و چالاكانەی بە دژایەتیكردن و ركابەری كردن لەگەڵ ئاینی ئیسلام هەژمار كردبوو، ئێستەش بەكار‌هێنەرانی تویتەر رەخنەی ئەوە لە عورەیفی دەگرن كە ئەو ناتوانێت جیاوازی لە نێوان داواكردن بۆ لابردنی "الولایە" و داواكردن بۆ لابردنی "القوامە" بكات و هەردووكیان بە هەمان شت دەزانێت، لە كاتێكدا ئەوەی یەكەم بابەتێكی پەیوەستە بە مافە مەدەنییەكانەوە و ئەوەی دووەمیش چەمكێكی تایبەت بە شەریعەتی ئیسلامە.

سەرچاوە: سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی