یەكێتی مامۆستایان: دوو وەجبە پارەی هاندانی مامۆستایان دابەش نەكراوە

:: PM:07:20:24/12/2017 ‌

سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ئاشكرای دەكات بڕیارە بەو نزیكانە بۆردی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت و ئێمەیش جگە لەو كارە داوای چارەسەری كرداری دەكەین لە حكوومەت.

ئەمڕۆ یەكشەم 24ـی كانوونی یەكەم، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەشێوەیەكی گشتی بڕیارە لەو نزیكانە بۆردی پەروەردەیی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت بە ئامەدەبوونی سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی و وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا.

سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان زیاتر گوتی، ئێمە پێمان خۆشە بە ئەنجام دانی ئەو چالاكییانە، كە باس لە كێشە و كەموكوڕییەكانی كەرتی پەروەردە و چارەسەرەكانی دەكرێت، بەڵام پێویستە كێشەی مامۆستایانیش بەشێوەیەكی كردەیی  چارەسەر بكرێت.

گەرمیانی ئاشكرای كرد باشتر كردنی بژێوی مامۆستایان و پێداچوونەوە بە مووچەكانیان و پێدانی پارەی هاندانی مامۆستایان، كە دوو وەجبەی ئەو پارەیە لای حكوومەت ماوە ئەوا دەتوانێت ڕەوشی ئابووری مامۆستایان چارەسەر بكات.

گەرمیانی نەیشاردەوە ئێستە دۆخی ئابووری مامۆستایان زۆر خراپە ئەوەیش بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانی بۆیە بەباشی زانی پێداچوونەوە بە باری ئابووری مامۆستایان بكرێت.

یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان وەك ڕێكخراوێكی كۆمەڵی مەدەنی بە مەبستی بەرگری لە داواكاریی و مافی مامۆستایان دامەزراوە.



وشە - رامیار جەواد