دوای ئازادكردنەوەی مووسڵ حەشدی شەعبی بەنیازی چییە؟

:: PM:02:56:16/11/2016 ‌

هادی عامری ئەمینداری رێكخراوی بەدر و سەرپەرشتیاری گشتی هێزەكانی حەشدی شەعبی ئاشكرای كرد كە هێزەكانیان لەلایەن بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا بانگهێشت كراون بۆ چوونە ناو خاكی ئەو وڵاتە لە دوای ئازادبوونی عێراق لە داعش.

بەشێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی بەتایبەتی ئەوانەی راستەوخۆ سەر بەئێرانن وەك حزبوڵای عێراقی و بزووتنەوەی نوجەبا ئێستە لە سووریا لەپاڵ سوپای سووریا لە دژی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە دەجەنگن، لە كاتی دەست پێكردنی جەنگی مووسڵیش بەر لە مانگێك سەرانی حەشدی شەعبی رایان گەیاند كە ئەگەر پێویست بكات بۆ راوەدوونانی داعش و پاراستنی سنوورەكانی عێراق دەچنە ناو خاكی سووریا.

عامری ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە ئەسەد داوای لە سەرانی حەشدی شەعبی كردووە بۆ چوونە ناو خاكی سووریا لە دوای تەواوبوونی ئازادكردنەوەی هەموو خاكی عێراق.

ئەو قسانەی عامری بەڵگەیە لەسەر هەوڵەكانی ئێران بۆ تێئاڵاندنی حەشدی شەعبی عێراقی لە جەنگی سووریا لە دژی زۆرینەی سونەی ئەو وڵاتە و پاراستنی حكوومەتی كەمینەی شیعە بەسەرۆكایەتی بەشار ئەسەد، هەروەها هەوڵێكیشە لەلایەن سەرانی حەشدی شەعبی بۆ بەردەوامی ئەو هێزانە و دەرخستنیان وەك پارێزەری شیعە و حكوومەتە شیعەكان و مانەوەشیان وەك هێزێكی چەكداری لەسەر شێوەی فەیلەقی قودس و سوپای پاسدارانی ئێران. 

هێزەكانی حەشدی شەعبی كە لە دوای هاتنی داعش لە حوزەیرانی 2014 لە سەر بنەمای فەتوایەكی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعە لە نەجەف دروست بوو بۆ پاراستنی شیعە و شوێنە پیرۆزەكانیان و پاڵپشتیكردنی سوپای عێراق لە بەرامبەر داعش، ئەو هێزە وەك خۆیان دەڵێن لە 140 هەزار چەكدار لە چەندان گرووپی جیا و بە ئینتیمای جیا پێك هاتووە، دوای دروستبوون كرایە دەستەیەك و ئێستەش لە پەرلەمانی عێراق پێشنیازی یاسایەك كراوە بۆ كردنیان بە هێزێكی رەسمی بەهاوشێوەی هێزی دژەتیرۆری عێراق بە هەمان ئیمتیازات و دەسەڵاتەوە. 

سەرچاوە: سكای پرێس


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل