له كتێبێكدا فایله‌كانى پێوه‌ندیى عه‌لى باپیر به رژێمى به‌عس كۆ ده‌كرێته‌وه و وێڕاى وه‌رگێڕانى ناوه‌ڕۆكى فایله‌كان بۆ سه‌ر زمانى كوردى، دوو باس له دووتوێى كتێبه‌كه بڵاو ده‌كرێنه‌وه كه هه‌ندێك رووداوى نه‌زانراو له‌باره‌ی عه‌لى باپیر ده‌گێڕنه‌وه.
دواى رووخانى رژێمى سه‌دام حوسێن له به‌هارى 2003، به‌ڵگه‌كانى ئه‌و رژێمه له داوده‌زگا هه‌ستیاره‌كانى وه‌ك سه‌رۆكایه‌تیى كۆمار و وه‌زاره‌تى ناوخۆ و ده‌زگه‌ته‌ناهییه‌كانى، كه‌وتنه ده‌ست خه‌ڵك و لایه‌نه سیاسییه‌كانى عێراق. زۆر له‌و به‌ڵگانه خرانه سه‌ر لاپه‌ڕه‌ى رۆژنامه‌كان، به تایبه‌تى ئه‌و به‌شانه‌ى كه پێوه‌ندیى نهێنى لایه‌نه سیاسی و كه‌سایه‌تییه‌كانى به رژێمى به‌عسه‌وه ئاشكرا ده‌كرد.
له راگه‌یاندنى كوردیش به‌شێك له به‌ڵگه‌كان بڵاوكرانه‌وه، پێوه‌ندیى نهێنى لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌كان ئاشكرا كرا، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ى فایلى له‌باره‌یه‌وه بڵاوكرایه‌وه، عه‌لى باپیر بوو كه ئێسته ئه‌میرى كۆمه‌ڵى ئیسلامیی كوردستانه.
ئه‌و به‌ڵگانه‌ى عه‌لى باپیر له كتێبێكدا كۆكراونه‌ته‌وه و چاپ كراون، به‌ناونیشانى "كۆمه‌ڵى ئیسلامی له پێوه‌ندییه‌كانى عه‌لى باپیر و حزبى به‌عسدا". ئاماده‌كارى كتێبه‌كه ئوسامه قه‌ره‌داغییه، كتێبه‌كه دووجار چاپكراوه‌ته‌وه، چاپى دووه‌مى له‌ساڵى 2015 بووه.
كتێبه‌كه له 100 لاپه‌ڕه پێكهاتووه، جیا له به‌ڵگه‌كان،نووسه‌ره‌كه‌ی پێشه‌كى بۆ نووسیوه، به‌ڵگه‌كان له 33 لاپه‌ڕه پێكهاتوون، له دواى هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كى به‌ڵگه‌كه، بۆ سه‌ر زمانى كوردى هاتوونه‌ته وه‌رگێڕان، دواى ته‌واوبوونى به‌ڵگه‌كانیش بابه‌تێكى درێژ له لاپه‌ڕه‌كانى 83 -99 بڵاو كراوه‌ته‌وه له‌ژێر ناونیشانى "ئیشكالیه‌تى گوفتار و ره‌فتار له كه‌سێتى م. عه‌لى باپیردا" كه وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ئاماده‌كارى كتێبه‌كه نه‌ینووسیوه، به‌ڵكو له‌لایه‌ن "ره‌زا محه‌مه‌د" نووسراوه.
له لاپه‌ڕه‌ى یه‌كه‌مى كتێبه‌كه، ئاماده‌كار دوو گوته‌ى عه‌لى باپیر دێنێته‌وه له‌باره‌ى به‌عس، له ژماره 57ى رۆژنامه‌ى "ئاوێنه" وه‌رگیراوه، له گوته‌ى یه‌كه‌مدا عه‌لى باپیر ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر شه‌هامه‌تى سه‌ركردایه‌تیى سه‌دام حوسێن جێنیشنى سه‌ڵاحه‌دین (خوا بیپارێزى) نه‌بووایه، من نامه‌م نه‌ده‌نارد بۆتان". هه‌روه‌ها له گوته‌ى دووه‌مدا ده‌ڵێ، "پێوه‌ندیى ئێمه له‌گه‌ڵ به‌عسدا بریتى بوو له خه‌تى مه‌عاویه".
پێشه‌كی كتێبه‌كه، پێشه‌كییه‌كى ئاسایی نییه بۆ ناساندنى كتێبه‌كه نووسرابێت، به‌ڵكو "گێڕانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵێك رووداوى جیاجیایه و نووسه‌ر به مه‌به‌ستى ئه‌وه ده‌گێڕێته‌وه كه خه‌ڵك بزانن. زۆر ده‌مێكه عه‌لى باپیر خه‌ریكى سه‌ودا و مامه‌ڵه بووه له‌گه‌ڵ هێزه هه‌رێمى و ناوه‌كییه‌كان تا خۆى بكات یه پاڵه‌وانى كوردستان".
نووسه‌ر وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت خۆى ئاگادارى رووداوه‌كانى بزووتنه‌وه بووه، یان له گێڕانه‌وه‌ى رووداوه‌كان باس له‌وه ده‌كات كه كه‌سانى ئاگادار باسیان كردووه، كۆمه‌ڵێك رووداو له پێشه‌كیداده‌خاته ڕوو، له‌وانه:
"عه‌لى باپیر له سه‌ره‌تاى خۆچه‌ككردنى و دواتریش كه پێوه‌ندى كردووه به بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامییه‌وه، پاره‌ى له موسته‌شار و ئاغاكانى ناوچه‌ی پشده‌رایه‌تى وه‌رگرتووه".
"عه‌لى باپیر له‌لایه‌ن ژنێكى نه‌ناسراو راسپارده‌ى تایبه‌تى بۆ هاتووه، رێكخستنه‌كانى باسك (بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى) ژنه‌كه ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن".
"له مانگى ره‌مه‌زان به‌ناوى خه‌ڵوه‌ت خۆى له ئه‌شكه‌وتێكى چیاى ماكۆك گۆشه‌گیر ده‌كات، كه‌چى عه‌لى عه‌بدولعه‌زیزى رابه‌رى بزووتنه‌وه ئاشكراى ده‌كات كه عه‌لى باپیر له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێكى ئێرانى له كۆبوونه‌وه‌دایه".
"شه‌ڕى نێوان بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى و یه‌كێتى له‌رانیه، هانده‌ره‌كه‌ى عه‌لى باپیر بووه".
"له هاوینى 1996 له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه دانیشتووه له‌دژى ئه‌زموونى كوردستان".
هه‌ر یه‌كێك له‌م رووداوانه و چه‌ندان رووداوى تر، ئاماده‌كارى كتێبه‌كه باسیان لێ ده‌كات. دواى ئه‌مه یه‌كه یه‌كه‌ى به‌ڵگه‌كان له كتێبه‌كه دێت و وه‌رگێڕانیان بۆ ده‌كرێت. به‌شێكى به‌ڵگه‌كان له‌لایه‌ن به‌رپرسانى به‌عس له‌باره‌ى عه‌لى باپیر نووسراون، به‌شه‌كه‌ى تر هه‌ندێك له نامه‌كانى عه‌لى باپیره، ئێمه لێره‌دا ته‌نیا ئاماژه به دوو به‌ڵگه ده‌كه‌ین. یه‌كه‌میان له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ئه‌من ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى كۆمار كراوه، دووه‌میشیان نامه‌یه‌كى عه‌لى باپیره بۆ به‌رپرسى هه‌واڵگرى عێراق. وه‌ك له كتێبه‌كه‌دا هاتووه.
به‌ڵگه‌ى یه‌كه‌م له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌منى عام ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى كۆمار- سكرتێر كراوه، به ناونیشانى (الكردی علی بابیر) به ژماره‌ى 1400/3/3/682 نووسراوه، له‌رێكه‌وتى 16/3/1999 له به‌ڵگه‌كه نووسراوه، به‌ڵام له‌دیوى كوردییه‌كه به هه‌ڵه نووسراوه 1993.
له‌سه‌ره‌تاى نووسراوه‌كه ئاماژه بۆ نووسراوێكى تر ده‌كات كه له‌ساڵى 1996 هاتووه‌ته ناردن، بابه‌ته‌كه‌ش "درێژه‌دانه به پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ (ئاماژه‌پێدراو) كه ئه‌ویش عه‌لى باپیره. ئه‌و به‌ڵگه‌یه درێژترین به‌ڵگه‌یه له چه‌ندان لاپه‌ڕه پێكهاتووه. بابه‌ته‌كان خاڵ به خاڵ باس كراون. له خاڵى سێیه‌مدا ده‌ڵێ، له به‌روارى 16/2/1999 چاوپێكه‌وتنى راسته‌وخۆى له‌گه‌ڵ ئه‌نجام دراوه /واته له‌گه‌ڵ عه‌لی باپیر/، داكۆكى كردووه له‌سه‌ر ئه‌مانه‌ى خواره‌وه:
ئه‌لف، بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى پابه‌نده به به‌رنامه‌ى ئیسلامه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى خاكى عێراقدایه. وه‌ك خاك و گه‌ل".
با، ره‌تكردنه‌وه‌ى هه‌ڵسوكه‌وته‌كانى ئێران له باكورى وڵات‌دا، به تایبه‌تى دیارده‌ى به‌شیعه‌كردن كه به ده‌ستخۆشى لێكردنى جه‌لال تاڵَه‌بانى ئه‌نجام ده‌درێت".
جیم، بوونى به‌ندى نهێنى له رێككه‌وتننامه‌ى (واشنتن) له نێوان مه‌سعوود بارزانى و جه‌لال تاڵه‌بانیدا، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى هاوكاریى له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى ئه‌مه‌ریكى به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك ره‌ت ده‌كاته‌وه".
دال، به‌شداریكردنى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلام له هه‌ڵبژاردنه‌كان كه له باكورى وڵات‌دا له مانگى ته‌مووزى داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێن، ئه‌گه‌ر به‌بێ ده‌ست تێوه‌ردانى بێگانه ئه‌نجام بدرێت".
واو، داكۆكى ده‌كات له‌وه‌ى كه دڵسۆزى بۆ وڵات ته‌نیا بنچینه و پاڵنه‌ره بۆ دروستكردنى پێوه‌ندى له‌گه‌ڵمان، له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌رپرسه له باڵێك له‌ناو بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی‌دا نه‌ك ته‌نیا وه‌ك كه‌سێك".
ها، داكۆكى له‌سه‌ر هاوئاهه‌نگى و هاوكاریى هاوبه‌ش ده‌كات، له بواره‌كانى گۆڕینه‌وه‌ى زانیاریى تایبه‌ت به بارودۆخى باكورى وڵات، ئاماده‌یى خۆى ده‌رده‌بڕێ بۆ به‌ئامانجكردنى جووه‌كان، دواى ئه‌وه‌ى هاوكاریى پێویست كرا".
زا، گه‌یاندنى كۆمه‌كى دارایی بۆ بزووتنه‌وه به‌شێوه‌یه‌كى گشتى و بۆ باڵه‌كه‌ى خۆى به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت و ئاسانكاریى جووڵه‌ى ئه‌ندامانى بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات".
ئه‌مانه وه‌ك له به‌ڵگه‌كه‌دا هاتووه داوا و قسه‌كانى عه‌لى باپیر بوون، به‌ڵام ئه‌وانیش /ئه‌منی عام/ له به‌رانبه‌ردا چه‌ند داوایه‌كیان له عه‌لى باپیر كردووه، كه گرنگترینیان پێوه‌سته به "ئاشكراكردنى به‌نده نهێنییه‌كانى رێكه‌وتننامه‌ى واشنتن وبڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشیاری یه‌كێتى خاكى عێراق له‌ناو ریزه‌كانى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى". ئه‌مه و چه‌ندان خاڵى تر باس كراون و له‌گه‌ڵ سه‌رنجى به‌رپرسه‌كه.
وه‌ك له به‌ڵگه‌كان ده‌رده‌كه‌وێ، عه‌لى باپیریش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه چ به شه‌خسى یان وه‌ك ئه‌میرى كۆمه‌ڵ نامه‌ى بۆ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ده‌زگه‌ى هه‌واڵگری "موخابه‌رات" ناردووه. ئێمه لێره‌دا ته‌نیا رۆشنایى ده‌خه‌ینه‌سه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ك كه عه‌لى باپیر وه‌ك ئه‌میرى كۆمه‌ڵى ئیسلامى نامه‌ى بۆ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى موخابه‌ڕات ناردووه. به‌پێى به‌ڵگه‌كه، نامه‌كه له 7/1/ 2002 نووسراوه، واته ساڵێك و سێ مانگ به‌ر له‌كه‌وتنى رژێمى به‌عس له‌عێراق.
وه‌ك له‌نامه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ، عه‌لى باپیر بێ ئومێد بووه له پێوه‌ندییه‌كه، جا نازانرێ هۆكاره‌كه‌ى فه‌رامۆشكردنیه‌تى یان هه‌ر هۆیه‌كى تره. به‌ڵام له‌سه‌ره‌تادا ده‌ڵێ، "له راستیدا نه‌مده‌ویست هیچ نامه‌یه‌ك بنێرم ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستى نیشتمان و شه‌هامه‌تى سه‌ركردایه‌تى عێراق نه‌بووایه".
له‌سه‌ره‌تاى نامه‌كه‌دا چه‌ند جارێك عه‌لى باپیر دڵسۆزیى خۆى بۆ نیشتمانى عێراق دووپات ده‌كاته‌وه و هێزه‌كانى كۆمه‌ڵ به به‌شێك له سوپاى ئازاى عێراق ده‌زانێ، دواتریش له كۆمه‌ڵێك خاڵ داواكارییه‌كانى ده‌خاته‌ڕوو كه له یه‌كه‌میان به‌مشێوه‌یه هاتووه، "دابینكردنى پێداویستى دارایى به‌شێوه‌ى مانگانه".
له خاڵێكى تردا عه‌لى باپیر ده‌نووسێ "په‌ژاره‌ى ئێمه ئه‌وه‌یه چۆن بتوانین عێراق رزگار بكه‌ین له هێرشى ئیستعمار و زایۆنیه‌تى جیهانى و به‌هێزكردنى هێزه‌كانمان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هێرشى خاچپه‌رستان".
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت له دوو خاڵى تردا عه‌لى باپیر خۆى وه‌ك دڵسۆزى عێراق نیشان ده‌دات و باس له چۆنیه‌تى پاراستنى عێراق ده‌كات.
له خاڵى چواره‌م باس له‌و ناته‌واوییه ده‌كات كه گوایه له نێوان ئه‌و و رژێمى به‌عس دروست بووه، ئه‌مه‌ش ده‌قى خاڵى چواره‌مه كه تێیدا هاتووه "چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و ناته‌واوییانه‌ى ئێمه هۆیه‌كه بۆ كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ چاكه‌خوازان له باكورى وڵات، به‌شێوه‌یه‌كى ریشه‌یى بۆ بنیاتنانێكى بنه‌ڕه‌تى و نیشتمانپه‌روه‌رى و دوور له فڕوفێڵ دژى دژومنان بووه‌ستینه‌وه، ئه‌ویش به هاوئاهه‌نگى له نێوان ئێمه و ئێوه‌دا به به‌هێزكردنى هێزه‌كانمان به‌و ئیعتیباره‌ى یه‌كده‌ست و یه‌كڕیز بین". مه‌به‌ستى عه‌لى باپیر له باكورى وڵات "هه‌رێمى كوردستان"ـه.
دواتر هه‌ر له‌و نامه‌یه‌دا ئه‌میری كۆمه‌ڵ داوا له به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى هه‌واڵگریى ده‌كات، له ده‌ره‌وه‌ى وڵات چاویان به یه‌كتر بكه‌وێت، بۆیه له كۆتاى نامه‌كه‌دا ده‌نووسێ "چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م چاوم به به‌ڕێزتان بكه‌وێ یان نوێنه‌رتان، له ده‌ره‌وه‌ى وڵات بۆ ئه‌وه‌ى ناوه‌ڕۆكى ئه‌م نامه‌یه به كردار له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع جێبه‌جێ بكه‌ین".