دابەشكردنی مووچەی پێشمەرگە دەستی پێ كرد

:: PM:05:10:28/12/2017 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 28ی كانوونی یەكەم، دابەشكردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەستی پێكرد، كە بەهۆی لیستی پاشەكەوت لە مووچەكانیان دواكەوتبوو.

ئێوارەی ئەمڕۆ، سەرچاوەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، دەست كراوە بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دابەشكردنەكە سبەی هەینی لە ڕێگەی لیژنەكانەوە بەردەوام دەبێ‌.

پێشتر قادر رەزگەی ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو كە پێوەندی بە وەزیری دارایی و ئابووریەوە كردووە و پێی ڕاگەیاندووە پارەی تەواو هەیە بۆ دابەشكردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە.

ڕوونیشی كردەوە، كە ئێستە پاشەكەوتكردن لە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە جێبەجێ‌ دەكرێت، بەڵام ڕێژەكەی كەمكراوەتەوە بە جۆرێك لە 5% دەست پێ دەكات.

ئەوە لە كاتێكدایە كە بەپێی خشتەی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبوو یەكەم وەزارەت مووچەی پێشمەرگە دابەش بكرێت، بەڵام بەهۆی ڕێكخستنی لیستی پاشەكەوت لە مووچەكەنیان تا ئێستە دواكەوت.

بەهۆی تەنگژەی دارایی و كەمبوونەوەی داهاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و داگیركردنی بیرە نەوتەكان، ئەم مانگە دابەشكردنی مووچە دواكەوت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، ئەگەر نەتوانین مووچە بدەین بە ئاشكرا ڕای دەگەیەنین و شەفاف دەبین.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم