له ماوه‌ی رابردوو و له میانه‌ی خۆپێشاندانه‌كانی ناڕه‌زایی شاری سلێمانی، ئارام شێخ محه‌مه‌د دووه‌م جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رای گه‌یاند كه هۆی بێ مووچه‌یی مامۆستا و فه‌رمانبه‌ران بۆ رێك نه‌كه‌وتنی به‌غدا و هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ن به رێككه‌وتن، ئه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن پارێزگاكانی هه‌رێم راسته‌وخۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ن. به‌ڵام گوته‌بێژی حكوومه‌تی عێراق رای ده‌گه‌یه‌نێت كه ته‌نیا "مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین".
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه خۆپێشاندانه‌كانی سلێمانی له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌ر و مامۆستایانه‌وه بۆ داواكردنی مووچه، گه‌ڕێكی تری گه‌رموگوڕبوونی به‌خۆیه‌وه بینیوه. حزبه‌كان له‌و نێوانه‌دا پێشڕكێیانه كامه‌یان به پاڵه‌وان ده‌ربكه‌ون، به‌ڵام كه‌س چاره‌سه‌ری نه‌خستووه‌ته ڕوو، جگه له ورووژاندنی "مامه‌ڵه‌ی راسته‌وخۆی حكوومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ سلێمانی".
سه‌عد حه‌دیسی گوته‌بێژی فه‌رمی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری پێوه‌ندی راسته‌وخۆی نێوان حكوومه‌تی به‌غدا و سلێمانی، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، "تا ئێسته نه‌مزانیوه شتی وا له ناو په‌رله‌مانی عێراقدا باس كرابێت، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستوور و په‌رله‌مان و حكوومه‌ت هه‌یه، بۆیه به‌پێی ده‌ستوور مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت، كه له رێگه‌ی ده‌ستوور و هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانی په‌رله‌مانه‌وه دروست بووه، ئه‌وه‌ی له ده‌ستووری عێراق هاتووه مامه‌ڵه‌ی راسته‌وخۆ و به ته‌نیا له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی ناڕێكخراوه له هه‌رێمێكدا، بۆیه مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی هه‌رێم له رێگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه ده‌بێت نه‌ك به ته‌نیا پارێزگایه‌ك له‌ناو هه‌رێمی كوردستاندا.
زیاتر گوتی، له رووی یاسایییه‌وه به‌غدا پابه‌نده به مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی خۆجێیی پارێزگاكان و حكوومه‌تی هه‌رێم، ئه‌وه له ده‌ستووری عێراقدا هه‌یه، ئێمه‌ش به‌پێی بڕگه ده‌ستوورییه‌كان كار ده‌كه‌ین و مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت. حه‌دیسی دووپاتی كرده‌وه "له هه‌رێمیشدا ده‌ستوور هه‌یه كه له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا هه‌ڵبژاردن كراوه و ده‌نگ له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم دراوه".
"به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ناكۆكییه سیاسییه‌كان كه ئێسته له هه‌رێم هه‌یه كه پێمان وایه بۆ هه‌رێم خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئێمه خواستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێممان هه‌یه و وای ده‌بینین كه بوونی هه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌ناو هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رێنی كار ده‌كاته سه‌ر دۆخی عێراق به‌گشتی، بۆیه داوای چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ناكۆكییانه به‌پێی ده‌ستووری هه‌رێم و عێراق ده‌كه‌ین كه له زۆر لایه‌نه‌وه به‌سه‌ر هه‌رێمیش جێبه‌جێ ده‌بێت". گوته‌بێژه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وای گوت.
سه‌عد حه‌دیسی ئه‌وه‌یشی روون كرده‌وه، "له راستیدا ئێمه به‌شێك نین له‌و ناكۆكی و ململانێیه‌ی له هه‌رێمدا هه‌یه و داواش له هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌ین كه چاره‌سه‌ری كێشه سیاسییه‌كانیان بكه‌ن و سه‌قامگیری دروست بكه‌ن".
له‌باره‌ی داوای مامه‌ڵه‌ی راسته‌وخۆ له نێوان به‌غدا و سلێمانی، گوته‌بێژی حكوومه‌تی عێراق ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه "ئه‌وه داوایه‌كه تایبه‌ته به جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و ئه‌و ئازاده له‌وه‌ی ده‌یڵێت وه‌ك هه‌ر ئه‌ندامێكی تری په‌رله‌مان، بۆیه وه‌ڵامی من له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری مامه‌ڵه‌كردنی راسته‌وخۆ له رووی ده‌ستوورییه‌وه‌یه كه ناكرێت، بڕگه‌كانی ده‌ستووری عێراق باسی مامه‌ڵه‌ی راسته‌وخۆی نێوان حكوومه‌تی ناوه‌ند و حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن و تا هه‌رێم هه‌بێت و ئه‌و پارێزگایانه له چوارچێوه‌كه‌یدا رێك خرابن، ئه‌وه مامه‌ڵه‌ی به‌غدا له رێگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه ده‌بێت نه‌ك راسته‌وخۆ.
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری چه‌سپاندنی ئه‌و بابه‌ته واته پێوه‌ندی راسته‌وخۆی دارایی له نێوان به‌غدا و پارێزگاكانی هه‌رێم له‌ناو پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2017ی عێراق، ئاماژه‌ی دا، "ده‌قی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له كۆتاكانی 2014 له نێوان حكوومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێم كراوه، خرایه ناو بودجه‌كانی 2015 و 2016 و هه‌مان رێككه‌وتنیش خراوه‌ته ناو بودجه‌ی 2017، به‌و پێیه حكوومه‌تی هه‌رێم پێویسته مانگانه بڕی 550 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ی نه‌وت له كێڵگه‌كانی خۆی و كه‌ركووك له رێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه هه‌نارده بكات له به‌رامبه‌ر پێدانی 17%ی پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتیی عێراق، هه‌ر ئه‌وه‌ش له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2017 دووباره بووه‌ته‌وه و تا ئێسته‌ش گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه و ناشزانم په‌رله‌مان چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌نده‌ی بودجه ده‌كات، به‌ڵام پێشبینی زۆر ئه‌وه‌یه كه بودجه به هاوشێوه‌ی ساڵانی پێشوو تێپه‌ڕ ده‌كرێت.
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری داواكردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی له به‌غدا، ئاخۆ به‌غدا له رووی یاسایی و ئابوورییه‌وه ئاماده‌یه بابه‌ته‌كه تاوتوێ بكات و خه‌رجییه‌كانی سلێمانی بخاته ئه‌ستۆی خۆی؟ گوته‌بێژی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رای گه‌یاند، "به‌پێی ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی له‌باره‌وه كراوه، هه‌رێم پشكی خۆی 17% وه‌رده‌گرێ، دوای دانی ئه‌و بڕه نه‌وته به به‌غدا، ئه‌و 17%یه‌ش پێویسته بۆ خه‌رجی پارێزگاكانی هه‌رێم بێت له‌ناویاندا سلێمانیش، بۆیه ئێمه ناتوانین بڕگه‌كانی ده‌ستوور و یاساكانی كاری دیپلۆماسی له‌وباره‌وه تێپه‌ڕ بكه‌ین".